راپۆرت

ئایە یەکێتی گرەوەکەی بردەوە؟

دەنگی کورد

یەکێتی بەپێی ئەو رێکەوتنامە ستراتیژییەی نێوان ئەوان و پارتی بێت؛ کە پۆستی سەرۆك کۆمار پشکی یەکێتی دەبێت وەکو نوێنەری کورد لە هەیکەلی حوکمڕانی عێراقی فیدراڵ، هیچ گرەوێکی نەبردووەتەوە؛ تەنها توانیوێتی بەرگری لەو مافە بکات کە پێشتر لەبارەیەوە رێکەتبوون و پارتی دەیویست چەند جوڵەیەکی دیکە بکات بۆ نزیکبوونەوە لە کش مەلیك، ئەمەیش هەڵبەتە پاش نەمانی هەردوو کاریزمانی زۆنی سەوز و نیللی (جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا) ئیمکانی بووە پارتی بیری لێبکاتەوە.

ئەگەر گرەوێك هەبێت و یەکێتی بردبێتییەوە ئەوەیە کە ئەمجارەیان کاندیدێکیان ناردە بەغداد بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار، جگە لەوەی لە لەلای خەڵکی عێراق پەسەندترە لە فواد مەعسوم و ئەزمونی کارەکانی بەرهەم ساڵح لە بەغداد وەکو کەسایەتییەکی پەسەند لەلایان هەژمار دەکرێت، هاوکات لەڕووی کار و چالاکییەوە پێدەچێت بەرچاوتر بێت لە سەرۆك کۆماری رابردوو، گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە بەرهەم ساڵح بۆ ئەمەریکا باشترینەو دەشێت ئا لێرەدا بە سوودوەرگرتن لە کەمدەستبوونی رۆڵی ئێران لەعێراقدا و فشاری ئەمەریکا لەسەر لایەنە عێراقییەکان، یەکێتی توانیوێتی بەرهەم ساڵح بکاتە کاندیدی سەرۆك کۆمار.

چاوەڕوان دەکرا ئەمڕۆ چوار شەممە کاتژمێر ٨ی ئێوارە کۆمسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنێت، بەڵام بەپێی وتەی چەند چاودێرێکی پرۆسەکە، بەهۆی زۆری رێژەی ساختەکاری و رێنەکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی، کۆمسیۆن نەیتوانی ئەنجامەکان بڵاو بکاتەوە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان چەندین سکاڵای لەلا تۆمار کراوە سەبارەت بەپێشێلکارییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان، هەر لەهەڕەشەو لێدان و رفاندن و ساختەکردنی دەنگ، بەتایبەت سکاڵاکان لەسەر یەکێتی و پارتین، گوایە ئەوان جگە لە لایەنگرەکانیان بەگوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەك؛ هێزە ئەمنییەکانیان بەکار هێناوە بۆ مەبەستی خۆیان.

ئەمە لە کاتێکدا گرژی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر دانانی سەرۆك کۆماری عێراق بەرەو هەڵکشان چووە، بەڕادەیەك کە لە چەندین شوێن هێزەکانیان خستووەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە، لە کاردانەوەی یەکلابوونەوەی پۆستی سەرۆك کۆمار بۆ یەکێتی، هێزە ئەمنییەکانی پارتی لە هەولێر رێگریان کردوە لە فەرمانبەرانی یەکێتی لە چوونە سەر کارەکانیان، وەکو چاودێران باسی لێوە دەکەن ئەمە ئەگەری دوو ئیدارەی هەیە دیسان، دەکاتە گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتای بەر لە روخانی رژێمی بەعس.

هەر ئەمڕۆیش (هێزەر ناورت) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨دا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا دەکات حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەزوویی پێکبهێنرێت.

ئەو وتەبێژە وتیشی:' دەنگدان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی دیموکراتییە و چاوەڕێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و لەنزیکەوە چاومان لەسەری دەبێت."، ناوبراو داوایشی کرد کە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەزوویی پێکبهێنرێت.

لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری عێراقیشەوە وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە کە ئەوان پشتگیری لایەنێك و کاندیدێکی دیاریکراو ناکەن، بەڵام پشتگیری پرۆسەیەکی روون و دادپەروەرانە دەکەن.

وەکو روونە ئەمەریکا مامەڵە لەگەڵ خاوەن هێز دەکات، چونکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەبنە گەرەنتی، هەر بۆیە تا کاتی یەکلاییکردنەوەی هاوکێشە ئاڵۆزە ناوخۆییەکان پێناچێت بەڕوونی پشتیوانی خۆی بۆ هێزێکی تایبەت پێشان بدات، بەڵام ئەوەی روونە ئەمەریکا هەرگیز لەو پلانەی ناگەڕێتەوە کە بەپشتیوانی سعودیەو ئیمارات و ئیسرائیل هەیەتی بۆ کەمکردنەوەو لاوازکردنی هیلالی شیعی و رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ ئەو مەبەستەیش چەندین کەناڵی ستراتیژی و کارتی سیاسی خستووەتە کار، لەگەڵ هاوپەیمانە بەهێز و هێزە لۆکاڵییەکانیش، هەر بۆیە پێدەچێت کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق لەسەر ئەو رێیە بڕوات کە خواستی ئەمەریکا بێت و رۆڵی ئێران بەرەو لاوازی ببات لەناو عێراقدا.

کاریگەریی پێکهێنانی کابینەیەکی لەو جۆرە راستەوخۆی کاریگەری دەبێت لەسەر باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا لەڕووی سیاسەتی ناوخۆی و نێودەوڵەتی، لەڕووی ئابووری و کارگێڕیی و جوگرافییەوە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان باڵادەسترین هێزی گۆڕەپانی سیاسی کوردستانە؛ بەڵام بە خستنەوەگەڕی دەسەڵاتی بەغداد پاش هەڵبژاردنە پارلەمانییەکەی ١٢ی مەی ٢٠١٨، پێدەچێت گۆڕانکاریی بەرچاو روو بدات و هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، ئەگەر تورکیا بۆ سەرقاڵکردنی جوڵە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا دەستوەردان نەکات لە هەرێمی کوردستاندا بەنانەوەی پشێوەی و نائارامی کە ئەمەیان خواستی ئەمەریکا نیە لەئێستادا، بەڵکو ئەگەر پشێوییەکە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بێت خزمەت بە مەرامەکانی ئەمەریکا دەکات.

لە ئەگەری دروستبوونی قەیرانی سەربازی و دارایی و کارگێڕی لە هەرێمی کوردستاندا، شکستێکی گەورە بەر ئەزمونی هەرێمی کوردستان دەکەوێت هاوشێوەی گورزی ٣١ی ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر کەمتر نابێت.

ئەمەریکا چاوەڕوانی هەیە لە کورد بتوانن پێگەی کیانی کورد بەهێزتر بکەن، بەڵام گەلی کوردستان چاوەڕوانی شتی باش ناکەن لە دەسەڵات و خاوەن هێزەکانی هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی گەورە لەبەردەستی کوردا هەیە بۆ پتەوکردنی ریزەکانی خۆی بەر لە کۆتایی ٢٠١٨، بەم کارە دەتوانن هەنگاوی زۆر گەورە بنێن، ئەوەی لە ماوەی ساڵی رابردودا لەدەستچووە بە دروستکردنی یەکدەنگییەکی بەهێزی کوردی و پێداگری لەسەر ماف و ئیستیحقاقاتی کورد بەپێی دەستوری عێراق و بەکارهێنانی پلانی یەکگرتوویی ناو ماڵی کوردی، ئەگەری زۆری هەیە دەستکەوتی زۆر لەوە زیاتری هەبێت بۆ کورد کە لەدەستی داوە، ئەگەر بتوانرێت سوود لە کات وەربگیرێت.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *