راپۆرت

ڤۆیتێك .. ئەو ورچەی لە کوردستانەوە پەیوەندی بە سوپای پۆڵۆنیاوە کرد

بەکر شوانی

ڤۆیتێکی ورچ (١٩٤٢ کوردستان -١٩٦٣ سکۆتلاند) لای گەلی پۆڵۆنیا و گەلانی تری ئەوروپا ناوێکی ناسراوە و تا ئێستا دەیان کتێب و وتار لەبارەیەوە نووسراوە (بڕوانە وێنەکان). ڤۆتێک وەک سەربازی خۆبەخش لە فەرماندەیی ٢٢ی کۆگای تۆپخانەی سەر بە فەیلەقی دووی سوپای پۆڵۆنیا لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیدا خزمەتی کرد و لە ساڵانی دواتریشدا پلەکەی بەرز کرایەوە بۆ عەریف. 
پاش ئەوەی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٣٩ پۆڵۆنیای داگیر کرد، جۆزیف ستالین ساڵی ١٩٤٢ لەسەر پێشنیاری بەریتانیا هەموو سەربازە دیلەکانی پۆڵۆنیای ڕزگار کرد و سوپایەکی پۆڵۆنی بە فەرماندەیی ڤیلادێسلاڤ ئەندرس کە لەو کاتەدا لە تاراوگەی لەندەن دەژیا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی نازییەکان پێک هێندرا. ساڵی ١٩٤٢ ئەو سوپایە لە سۆڤێتەوە بەڕێ کەوت بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی لەوێ پەیوەندی بە سوپای بەریتانیاوە بکات و لەوێشەوە بچنە باشووری ئیتاڵیا بۆ ئازادکردنی. کاتێک سوپای پۆڵونی گەیشتە شاری هەمەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، منداڵێکی کورد (کۆمێنتی یەکەم) بەچکە ورچێک کە دایکی لەسەر دەستی ڕاوچییەکی ناوچەکە کوژراوە، بە دیاری دا بە سەربازە پۆڵۆنییەکان. 
پۆڵۆنییەکان زۆر خۆشحاڵ بوون بەو دیارییە و ناوی "وۆیتێک"یان لە ورچەکە نا. ڕۆژانە شیر و هەنگویان دەدایێ و تەنانەت فێری خواردنەوەی ئەلکهۆل و کێشانی جگەرەیش بوو. ڤۆیتێک شان بە شانی سوپای پۆڵۆنیا و بەریتانیا گەیشتە میسر. کاتێک لەوێ بڕیار درا کە سوپا بەرەو باشووری ئیتاڵیا بەڕێ بکەوێت، پۆڵۆنییەکان ناچار بوون ڤۆتێک بە فەرمی لە سوپادا تۆمار بکەن و ژمارەی سەربازیی بدەنێ، چونکە بە پێی یاسا سەربازییەکانی بەریتانیا لە کەشتیدا مۆڵەت بە گواستنەوەی هیچ جۆرە ئاژەڵێک نەدەدرا. 
ساڵی ١٩٤٤ لە کاتی شەڕی مۆنتی کاسینۆی دژ بە سوپای ئەڵمان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕۆما کاتێک سەربازە پۆڵۆنییەکان سندووقی گولـلەتۆپیان لە بارهەڵگرەکانەوە بۆ لای تۆپەکان دەگواستەوە، ڤۆیتێکیش بە لاساییکردنەوەی ئەوان دەستی دایە کار و هەوڵی دا وەک هاوڕێکانی بکات. دوای ئەو شەڕە، فەرماندەیی ٢٢ی کۆگای تۆپخانە وەک ڕێزێک بۆ ڤۆیتێک لۆگۆی تۆپخانەیان گۆڕی بۆ ورچێک کە گولـلەتۆپێک دەگوازێتەوە. 
پاش تەواوبوونی شەری دووەمی جیهانی، ڤۆتێک و هاوڕێکانی فەرماندەیی ٢٢ی کۆگای تۆپخانە ڕەوانە کران بۆ سەربازگەیەک لە سکۆتلەندا. دوای ئەوەی لەبەرەوە سەربازەکان بەرەو وڵاتەکانی خۆیان گەڕانەوە، حکوومەتی بەریتانیا ڤۆتێکی نارد بۆ باخچەی ئاژەڵانی ئەدنبێرە و تا مردنی لە ساڵی ١٩٦٣دا لەوێ مایەوە. بەڵام هاورێکانی هەرگیز لە بیریان نەکرد و بەردەوام دەچوونە سەردانی. 
ڤۆتێکی کوردستانی لەم کاتەدا لە پۆڵۆنیا چەند پەیکەرێکی نایابی هەیە و چەندین جاریش خراوەتە سەر پوول و تەنانەت سرووشبەخشی هەندێک کاری ئەدەبی و هونەریشە لە زمانی پۆڵۆنیدا…

بە سوپاسەوە لە ئەکاونتی فەیسبوکی نوسەر و وەرگێڕ (بەکر شوانی)یەوە وەرگیراوە

 

 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *