ئەدەب و هونەر

لە بارەی شیعری (مینیماڵیزم )ەوە

(ئارام سۆریان، شوان حەمە، سۆران مامە حەمە) وەکو نمونە

عومەر سەیدە

لە دونیای ئەدەبی کوردیدا؛ ژانری شیعر پانتاییەکی یەکجار فراوانتری داگیر کردوە بە بەراورد بە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب؛ لە پێناسەکردنی شیعردا زۆر شت وتراوەو دەوترێت، بۆ نمونە هەندێك پێیان وایە شیعر رەنگدانەوەی واقیعی ژیانی شاعیرەکەیەو سوودی لێدەبینێت وەکو خامی نوسینەکەی، هەندێك بە کەف و کوڵی ناخی نوسەری شیعرەکەی پێناسە دەکەن، هەندێك پێیان وایە شیعر دەکرێت هەردووکیان بێت و دەکرێت هەڵگری پەیام و پێشبینی و رەخنەیش بێت، هاوکات وێنەو فۆڕم و میتافۆڕەکان و ئاماژەکانی ناو شیعرێك سەرجەمی دروستکراوی فەنتاسیای نوسەر بن، ئێمەیش دەڵێین: دەشێت هەموو ئەو پێناسەو بۆچوونانە راست بن؛ یاخود هەر یەکەو بەشێك و گۆشەیەکی شیعر روناك بکاتەوە؛ دەکرێت چەندین پێناسەو لێکدانەوەی دیکەی بۆ بکرێت.

 شیعر کە بە زمانی ئینگلیزی (Poetry)ی پێ دەوترێت؛ لە وشەی (poiesis)ی گریکییەوە وەرگیراوە کە بە مانای (خوڵقاندن، ئەفراندن، دروستکردن) دێت، ژانرێکە لە ژانرە ئەدەبییەکان و  تیایدا خەسڵەتی جوانی و ریتمی زمانەوانی بەدی دەکرێت؛ لەڕووی نائاشنایی و ناباوی و سیمبول و دەنگی ناوەوەی تێکست؛ هاوکات داگیرکردنی پانتایی بە وشەگەلێك کە بە مانای جودا بەکار دەهێنرێت و واتای نوێ و ئاڵۆز بە دەستەوە دەدات.

شیعر مێژوویەکی درێژی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش مێژوو؛ بۆ سەردەمی دروستبوونی (شیعری راوکردن) لە ئەفریقیا، دواتر (شیعری دادگایی) و (چیرۆکی شیعر)؛ گەشەی پێدرا بە فراوانی بەپێی مێژووی ئیمپراتۆرییەتەکانی نیل و نەیجیر و دۆڵەکانی روباری ڤۆڵتا.

دەتوانرێت هەندێك لە کۆنترین شیعرەکان بەدی بکرێت لەنێوان تێکستەکانی ئەهرامەکان؛ لە ماوەی سەدەی ٢٥ی پێش زاین، (داستانی سۆندیاتا) یەکێکە لە ناسراوترین نمونەکان بە شیعری (دادگایی گریوت) ناسراوە.

 

لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا؛ کۆمەڵێك ناو و شاعیرمان هەن، لێرەو لەوێ بە شاعیری کلاسیك و ریالیزم و رۆمانسیزم و مۆدێرن و پۆست مۆدێرن .. هتد، ناویان دەبەن، ئەمە لە کاتێکدا ئێمە وەکو کورد، لەو سەردەمانەدا وەکو رەوت و قوتابخانە ئەدەبییەکان، شاعیر و میوزسیەن و شێوەکار و بیناسازمان نەبووە، بەڵکو کورد فێر بووە بە کۆنترین شاعیرەکانی بڵێت:"شاعیرانی کلاسیك" یاخود بە شیعرەکانیان بڵێن:"شیعری کلاسیك"؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو نوسەر و شاعیرانەی ئێمە نەك هەر لەو سەردەمەدا نەژیاون، بەڵکو هاوچەرخی رۆمانسیزم(Romanticism) بوونە و ئەو دەستەواژانە و ناوی قوتابخانەکان و کاریگەرییان لەسەر رەوتی ئەدەبی جیهانی بە هەڵە گەیشتووە بە تاکی کورد و خوێنەری کورد.

هەرچی قوتابخانە ئەدەبییەکانی ئەوروپا هەیە و ناویان لێنراوە، سەر بەو سەردەمەن و جودا نین لەوەی لەو سەردەمەدا چی دەگوزەرا، داهێنانی ئەدەب و میوزیك و شێوەکاری و بیناسازی و تەنانەت فاشیۆن و جل و بەرگیشی گرتووەتەوە، هەر بۆ نموونە: "لە یەکێك لەو کۆنگرانەی لەسەردەمی (رۆمانسیزم) لە ئەڵمانیا بەسترا، (گۆتە)ی شاعیری ئەڵمانی بە جل و بەرگێك هاتە ناو کۆنگرەکەوە کە ناباو بوو بە سەردەمەکە؛ بەڵام وەکو ئاماژەیەك بەوەی ئەو شوێنکەوتووی رۆمانسیزمە جل و بەرگێکی لە پێستی ئاژەڵ لەبەر کردبوو، ئەمەیش بووە جێ سەرنجی ئامادەبووان".

بەڵام لەلای خوێنەری کورد و بەشێکی زۆری نوسەری کورد تا ئێستایش رۆمانسییەت یانی(مێزێك و دوو کورسی و مۆمێك و دوو پێك شەرابی سوور)، بەڵام رۆمانسییەت (رۆمانسیزم) بە واتای گەڕانەوە بۆ ژیانی سروشتی و هاوکات لە هەموو سەردەمەکانی ژیانی مرۆڤایەتی خۆشەویستی و غەریزەی سێکسی لەگەڵ بوونی مرۆڤدا هەیەو ئەگەر لە ئەدەبی رۆمانسیزمدا تێکستێكی سۆزداری یاخود وێنا و واتای خۆشەویستی و سۆزداری تیادا بوو، بەو مانایە نیە رۆمانسییەت تەنها ئەوە دەگەیەنێت، بەڵکو زیاتر لێی مەبەستی بەدەربوون لە ژیانی سەردەمیانە دێت و گەڕانەوەیە بۆ شێوەژیانی سروشتیانە، هەڵبەت ئەم کارە زیاتر بە خەیاڵگەری کراوە دوای تێپەڕبوونی سەردەمی ئەو شێوە ژیانە؛ زیاتر بە تێکست و میوزیك و تابلۆ و بیناسازی و شانۆ و نمایشەکان ئەوەیان پێشان داوە.

لە ناو جیهانی شیعریشدا، چەندین رێچکەو ستایڵ و ئایدیای جیاواز هەیەو شیعر بە تەنها لە یەك قاڵب و شێوە نەماوەتەوەو ئەویش هاوشانی گۆڕانکارییەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و لەگەڵ سەردەمەکان و هەندێك جار پەلکێشی کردوەو پێش سەردەمی خۆی کەوتووە.

لەم باسەماندا باسێکی خێرای شیعری مینیماڵیزم و دیارترین شاعیری جیهانی مینیماڵیزم و دوو شاعیری دیاری کورد دەکەین، کە ئەوانیش خاوەنی شیعری لەو جۆرو ستایڵەن.

 

لە دونیای ئەدەبیاتی جیهانییدا (ئارام سارۆیان) لە دایکبووی ئەمەریکا ١٩٤٣؛ بە رەچەڵەك لە باوکەوە ئەرمەنییەوەو لە دایکییەوە جولەکەی روسییە، دایك و باوکی هەردوکیان نوسەر و ئەکتەر بوون و بە هەمان شێوە خوشکەکەیشی ئەکتەر بوو، (ئارام) بە خاوەنی کورترین شیعر ( Minimalist poetry) ناسراوە؛ کورتترین شیعری بەناوبانگی ئەو (lighght)ە بە واتا (رونااککی)، کە لەناو یەك لاپەڕەدا تەنها ئەو وشەیەی نوسیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی وشەکە لەڕووی زمانەوانییەوە زیادەڕۆیی تیادایە (gh) بۆ زیاد کراوەو قسەو باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو کۆمەڵێك کەس تا ئاستی بەرپرس و ناودارەکانی ئەمەریکا؛ قسەیان هەبووە لە بارەیەوە کە گوایە تێکشکانی کردوە لە وشە رەسەنەکە (Light) روناکی (ئارام) تەنها ئەو شیعرەو ئەو ئەزمونەی نیە، بەڵکو کاری زیاتری هەیە و بە شاعیری مینیماڵیست ناسراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو شیعرەی وەکو کورتترین شیعری جیهان هەژمار دەکرێت.

 

بەڵام لە دونیای ئەدەبی ئێمەدا، چەند ناوێکمان هەن و چەند تێکستێك هەن کە جودا لەو تێکستەی (ئارام سارۆیان)، هەم لەڕووی فۆڕمەوە هەم لەڕووی ماناوە، جیاوازیان هەیە؛ بۆ نموونە:

لە کۆمەڵە شیعری (راکردن لە دڵنیایی) نوسەر و شاعیر (شوان حەمە) تێکستێك هەیە لە ژێر ناونیشانی (بۆ ئەوانەی لێم دەپرسن) بۆ خوێنەر و لێکۆڵەڕەوە لەم تێکستە لەو جێیەدا تووشی رامانێکت دەکات کە کە ناونیشانەکە زۆر درێژترە لە تێکستەکە و تێکڕای تێکستەکە یەك وشەی لێکدراوە؛ (کەمدەبمەوە)

"بۆ ئەوانەی لێم دەپرسن

کەمدەبمەوە"

ئەم جۆرە لە هەڵبژاردنی ناونیشان و ناوەڕۆك؛ پێویستی بە خەیاڵ و فەتناسیایەکی قوڵ و سەلیقەیەکی ئەدەبیانە هەیە، هەروا بە لە خۆڕا نایاتە بوون، بەڵکو پێشانی دەدات کە جگە لە خوێندنەوەو تێگەیشتنی لە تێکستەکانی نوسەر؛ پێویستە هۆکار و شێوەژیانی خودی نوسەر درك پێبکەیت، پێویستە بزانیت چۆن  کەسێك دەتوانێت بگاتە ئەو جێیەی بە کورترین ناونیشان و کەمترین وشە تێکستێك بنوسیت و بەباشی لێی تێبگەیت و بتبات بۆ دونیای خەیاڵات و بیرکردنەوەی پشتی تێکستەکە.

شوان حەمە ئەم تێکستەی لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٣ لە وڵاتی نەرویژ نوسیوە؛ بۆ ئەوەی خیانەت لە خوێنەر نەکەم دەبێت بڵێم: بەر لەوەی شوان حەمە لە نزیکەوە ببینم من ئەم کتێبە(راکردن لە دڵنیایی)م خوێندووەتەوەو سەرنجڕاکێشترین تێکستیان ئەوە بووە لەلام(بۆ ئەوانەی لێم دەپرسن)؛ کە ناوەڕۆکەکەی یەك وشەی لێکدراوە(کەمدەبمەوە)، پێم وانیە هیچ خوێنەرێك نەتوانێت لە ئازار و ئەگەر و پێشبینییەکان و چاوەڕوانییەکانی پشتی ئەم تێکستە و لێکدانەوەو دونیابینی خۆی نەبێت، نزیکترینیان ئەوەیە ئەو شاعیرە غوربەتنشینە بە دەردی نامۆییەوە رۆژەکانی دەگوزەرێنێت و هێشتا خەمی دۆست و ئازیزەکانێتی کە دەشێت هەواڵپرسی بکەن، بەڵام روونیشە کە دەیەوێت نازێکی شاعیرانەیان بەسەردا بکات و دەڵێت: ئەگەر لە من دەپرسن! من رۆژ بە رۆژ کەم دەبمەوە .. ئەم کەمبوونەوەیە دەشێت بە چەندین جۆر وێنای بکەین، کەمبوونەوە بە هۆی خەمی دووری لە شار و وڵات، کەمبوونەوە بە هۆی دەردی غوربەتنشینی، کەمبوونەوە بە هۆی خەمی لێکدانەوەی تاکێکی بێ ناسنامەو بێ وڵات، بێ ناسنامە بەو مانایەی کوردبوونیش دەردێکەو هیچ پانتاییەکی دونیا چارەسەری ناکات، کەمبوونەوە بەو مانایەی گەنجێك لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ خاکی جێدەهێڵێت و ئیدی ناتوانێت بە گەنجی بگەڕێتەوەو ئەمەو چەندین ئەگەری دیکە بۆ ئەو کەمبوونەوەیە.

نامەوێت لەژێر کاریگەری هەستی خۆمدا قسە لەسەر ئەم تێکستەو نوسەرەکەیدا بکەم، بەڵام دەبێت راستگۆیانە بڵێم: چارەنوس وابوو منیش بکەومە هەمان سەرزەمین کە ئەم شاعیرە لێی دەژێت و چەند جارێك لە نزیکەوە بینیومەو ئاشنای رۆحی بووم بەشێکی باش؛ هێندەی لە کەسایەتی و گفتوگۆی تێگەیشتم ئەم کەسە راستە نوسەرەو لە بواری سیاسی و چەندین بواری دیکە دەنوسێت، بەڵام هەر بۆ خۆی جوڵەکانی و قسەکردن و گفتوگۆ  و هەڵسوکەوتی شیعرە .. نامەوێت لێرەدا بە چیرۆکی دیدارەکانمان خوێنەر دوور بخەمەوە لە بابەتەکە، بەڵام ئەم نوسەرە بە مانای وشە شاعیرەو تێگەیشتم لەو دیدارانەوە؛ چۆن توانیوێنی ببێتە خاوەنی تێکستێکی لەو جۆرە کە لە ناو ئەدەبی کوردیدا وێنەی کەمە، یەکێکی دیکە لە ئەزمونە شیعرییەکانی ناو دیوانی(راکردن لە دڵنیایی)؛ دەمەوێت لە بارەیەوە بە کورتی بڵێم: بەر لەو شیعرە من ئەزمونی هاوشێوەی ئەوەم نەبینیوە، ئەویش ئەوەیە لە لاپەڕە(١٢٥ – ١٣٧)دایە بەناوی (نەخشەی پیاوێکی بێگانە) لە ژێریدا نوسراوە کە لە (کوردستان و نەرویج) نوسراوەو کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەك، لەم تێکستەدا شاعیر هاتووە ئەزمونی نوسینی شیعرەکەی بە رەشنووسی بڵاو کردوەتەوە؛ بە واتایەکی دیکە بە خوێنەر دەڵێت: من کاتی نوسینی ئەو دێڕانە هاوکات ئەو دێڕ و وشانەیش هاتوون بە خەیاڵمدا و نوسیومن بەڵام دواتر لێیان پەشیمان بوومەتەوەو ئەم دێرانەی کۆتاییم هەڵبژاردوە وەکو تێکستی تەواو لەلای خۆم، لەم باسەمدا نامەوێت زیاتر لە بارەی ئەزمونەکانی شوان حەمەوە قسە بکەم دەگەڕێمەوە سەر شیعری پێشووتری.

"بۆ ئەوانەی لێم دەپرسن"

"کەمدەبمەوە"

لە سیاقی ئەنالیزەکردنی تێکستدا، وشەو فۆڕم و مانای گەیشتوو بە وەرگر؛ لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە دەشێت لێکدانەوەکان راست بن یاخود نزیك بن لەڕاستی؛ خودی ناونیشانەکە (بۆ ئەوانەی لێم دەپرسن)، جۆرێکە لە دوودڵی کە ئایە دەشێت ئەو کەسانەی ئەو بیریان لێدەکاتەوە؛ لە خەمی ئەودا بن یاخود ئەویان لە بیر کردوە، بۆ دەمەزەردکردنەوەی رابردوو بەو جۆرە ناونیشانە سەرنجڕاکێشە وا دەکات؛ ئەوانەی لێیشی ناپرسن هەوڵ بدەن هەواڵی بزانن، یاخود نائاشناکان، ئەمەیش جۆرێکە لە دوودڵی و راڕایی و نادڵنیایی، هاوکات فۆڕمێکی جوانی ناونیشانە بۆ شیعر کە دەبێتە جێ سەرنج.

شیعرەکە؛ (کەمدەبمەوە) قسەی زۆر هەڵدەگرێت بە بەستنەوەی بە ناونیشانەکەوە؛ بەڵام ئەگەر هەوڵ بدەین بە سادەیی ئەنالیزەی بکەین، دەتوانین بڵێین: شاعیر لێرەدا باسی ئەو بۆشاییە فراوانە دەکات لەنێوان خۆی و ئەزموونی ژیانی لە نیشتمان و زەمکانی نوسینی تێکستەکە دەکات، ناکرێت بیر لەوە نەکەینەوە چۆن بیرکردنەوەو فەنتاسیای نوسەر گەیشتووە بەوەی (ئیکتیفا) بکات بەوەی تێکستەکەی یەك وشەی لێکدراو بێت؛ (کەمدەبمەوە).

تێبینییەکی بچۆك لە بارەی شیعرەکەی بەڕێز(شوان حەمە) کە هەڵەی دیزاینە ئەوەیە؛  تێکستەکە لەلاپەڕە (٧٧)ی کتێبەکەدایە، بەڵام لە پێڕستەکەدا نوسراوە لە لاپەڕە (٧٩)دایە.

 

یەکێکی دیکە لەو تێکستانەی کە تا ئێستایش بۆ من جێ پرسیارە نوسەرەکەی چۆن هاتووە بە بیریدا ئەو تێکستە کورتە بنوسێت و گرێی بدات بە دونیای ئەدەبەوە، هەڵبەت گرنگترین شت لە هەڵبژاردنی ناونیشانی شیعرەکەدایە، نوسەر و رۆژنامەنوس و شاعیری جوانەمەرگی تیرۆرکراو (سۆران مامە حەمە) تێکستێکی شیعری نوسیوە بە ناونیشانی (درێژترین شیعری دونیا)، کەچی ناوەڕۆکی شیعرەکە یەك وشەیە(خودا)، خودا لە زمانی کوردیدا بۆ هەموو باوەڕدارێك هەمان ئەو خودایەیە کە خۆی باوەڕی پێیەتی، بەڵام دیسان پەڕجووی هەڵبژاردنی ناونیشان وشەکەی کردوە بە شیعر، ئەگەر ئەو ناونیشانە نەبایە (درێژترین شیعری دونیا)؛ چۆن وشەی خودا دەبوو بە شیعر کە رۆژانە لەسەر زاری هەموو تاکێکی کوردییە، نهێنییەکە لێرەدایە، شاعیر بیر لەوە دەکاتەوە شیعر لوغز و نهێنییەو لە هەمان کات رامان و لێکدانەوەیە، بەڵام ئەگەر بڕوانینە وشەی خودا کە نوسەر(سۆران مامە حەمە)ی جوانەمەرگ کردوویەتی بە ناوەڕۆکی شیعرێك و لەلاپەڕە(١٨٩)ی دیوانە تاقانەکەی (وەرزی بێتاقەتی) کە پاش مەرگی خۆی بڵاو کرایەوەو چانسی نەبوو بەرهەمەکەی خۆی ببینێت، بەڵام هەڵبژاردنی فۆتۆی بەرگ و دیزانەر بەر لە تیرۆرکردنی رایسپاردین و بەو جۆرە کرا کە خۆی ویستبووی.

ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە چۆن وشەی خودا بووە بەشیعر و دەکرێت وەکو شیعر وەریبگرین؛ ئەوەیە کە وشەی خودا کە بە خالیق و یارمەتیدەر و خاوەنی یەکەمین دەسەڵات لە هزری باوەڕداراندا بۆ لێپرسینەوەو دادگاییکردن بووە، هەم هۆکارێکە بۆ دڵخۆشی و هاوکات هۆکارێکە بۆ ترسیش، خودا بەپێی ئاینەکان و سەردەمەکان تێگەیشتن لێی لە جوگرافیا و ئاینێکەوە گۆڕاوە بۆ ئەوانی دیکە، هەر بۆیە ناونیشانی (درێژترین شیعری دونیا) کە بۆ خۆی سەرنجڕاکێشەو خوێنەر پەلکێش دەکات بزانێت کامەیە درێژترین شیعری دونیا، کەچی کە بینینی بەر وشەی(خودا) دەکەوێت؛ رادەمێنێت و دەبێت بە دوای ئەو مانایەدا بڕوات چۆن (خودا) درێژترین شیعری دونیایە!!

خودا ئەو هاوکێشەیەیە کە بە بیرمەندان و زانایان شی ناکرێتەوە، خودا ئەو کارەکتەرەیە هیچ ئاینێك نەیتوانیوە وەکو پێویست نمایشی بکات و دڵنیایی بدات بە مرۆڤایەتی کە خودا چیەو کێیە، خودا زۆر لێڕامان و بیرکردنەوەی دەوێت؛ بەڵام لە کۆتاییدا ناگەینە هیچ وەڵامێك، چونکە هەر ئاینێك وێنا و شێوازی خودایەکیان وێنا کردوە، کە هەر یەکەیان جودایە لەوی دیکە، تەنها لە یەك شتدا کۆکن ئاینە ئاسمانییەکان(وەکو خۆیان دەڵێن ئاسمانین) کە خودا ئەفرێنەری هەموو شتێکە.

هەر بۆیە لە شیعری (درێژترین شیعری دونیا)ی نوسەری تیرۆرکراو (سۆران مامە حەمە) کە شیعرەکە (خودا)یە جگە لەم لێکدانانەوەیە قسەی دیکەیش هەڵدەگرێت.


لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێم: بۆچی من لە بەرامبەر ناودارترین شاعیری مینیماڵیستی دونیا دوو شاعیری کورد هەڵدەبژێرم!! وەڵامەکەی زۆر ئاسانە من بە کوردی و بۆ کوردزمان دەنوسم و ئێمە وەکو کورد لە جیهاندا نە وڵاتین و نە زمانەکانمان(سۆرانی و کرمانجی) لەریزبەندی وڵاتانی دونیایە؛ هەر بۆیە ئەو بەراوردە بۆ خوێنەری کوردزمان لەجێی خۆیەتی؛ کە بزانن نوسەری ئێمە و شاعیری ئێمە، بەراورد بکەن لەگەڵ ئەدەبی جیهانی و بخوێننەوە تا زیاتر ئاشنا ببەن بە دونیای ئەدەب.

 

 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *