بیروڕا

ڕەنگەکانی تر لە سایەی کۆمەڵگایەکی یەکڕەنگدا

ھیچ رێگایەکی ڕاست بوونی نیە، ھەرکەسە و ڕێگای تایبەت بە خۆمان ھەیە. ( فریدریک نیچە)

شڤان لوقمان

ئەگەر لە قوڕ بین یان لە دار ھیچ جیاوازیەکی نیە، گرنگ قۆناغی دوای دار و قوڕەکەیە.

سەرەتا ئەم بابەتە بەرگریکردن نیە لە ھیچ دین و دیدێک، بەڵام پێم وایە ھەموو مرۆڤێك مافی بەرگریکردنی ھەیە لە دید و دینەکەی، ماوەیەکە ھەرچی سووکایەتی ھەیە بە زەردەشتیان و پیرەکەیان دەکرێت، تەنھا لەبەر ئەوەی چالاکی دینی خۆیان ئەنجام ئەدەن، دەمی ھەر موسوڵمانێکی ئەم وڵاتەش بکەیتەوە ئەلێت لە ئەوروپا ئازادی بۆ موسوڵمانان نیە! چونکە لە فەرەنسا حیجاب قەدەغەیە، یان لە بەریتانیا ڕێگا بە پەچە و نقاب نادرێت، یان لە فڵان و فیسار وڵات سووکایەتی بە مزگەوت و ھەستی موسوڵمانان دەکرێت!!

بەڵام برای موسوڵمان تۆ لە وڵاتەکەی خۆت، ئەوەی نەشێت بە لایەنگرانی دینەکانی تری دەکەیت، رۆژانە دەیان و سەدان داھێنان لە دروستکردنی نوکتە و سووکایەتی لە پەیج و ئەکاونتەکانەوە بەرامبەر ئایندارانی دینەکانی تر ئەبینین، تۆی موسوڵمان نەک بە چالاکیەکانیان، تەنانەت بە ھەبوونیشیان قەڵس و قەبزی!

تۆ ئەزانی بەم نەفەسە دوژمنکارانەیە و بەم سووک سەیرکردنی بەرامبەرە چی دروست ئەکەیت؟ داعش و فەرخە داعش خەلق ئەکەیت، ئەمجا بەیانی کە ئەو ھێزە کوشت و کوشتاری باوەڕدارانی ناموسوڵمان ئەکات و ژن و ماڵیان حەڵال دەکات، ئەو کاتە ھاوارت لێ بەرزئەبێتەوەو ئەڵێیت ئەمانە دروستکراوی ئەمریکاو جولەکەن، بۆ سووککردنی موسوڵمانان دروستکراون. ئێستا بەبێ لایەنداری و بە جوانی وورد ببەوە، ئەمجا دەزانیت داعش و نموونەکانی ئەوان موسوڵمانن یان نا، بۆت رووندەبێتەوە کە ھەر بەڕاستی من و تۆی موسوڵمان دروستیان دەکەین.

دوای ئەوە ئەگەر تۆی موسوڵمان ئەتەوێت لە رێگای دۆزینەوەی بنەما ئەفسانەییەکانی دینەکانی تر (زەردەشتی وەک نموونە) سەرقەپاغی سووکایەتی کردن بە دینەکانی تر ھەڵبدەیتەوە، ئەوە دڵنیابە کە لەم روانگەیەوە تۆ ماڵت لە شووشەیە و بەرد ئەگریتە ماڵی خەڵکی، چوونکە لای ھەموو مرۆڤێکی ھۆشیار ئاشکرایە کە چیرۆکە ئەفسانەییەکان بەشێکی گەورەن لە مێژووی تەواوی ئاینەکان بە ئیسلامیشەوە.

تاک لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا، ھێندە ڕەنگی کۆمەڵگای گرتووە، شێوە و سیمای تاکانەی خۆی لەبیرکردووە، پێمان وایە ڕێگاکەی ئێمە ھێندە راستە، کە پێویستمان بە خوێندنەوەی دین و دیدەکانی تر نیە، چونکە بە تەحدداوە ئەلێم کە زۆربەمان  ئینجیل و ئاڤێستا و ریگڤیداو تەورات-مان نەخوێندۆتەوە، ھەر لەوە گەڕێ زۆربەمان کتێبێکمان دەربارەی بنەما و رێساکانی ئاینەکانی تر نەخوێندۆتەوە، ئێستا براخاس تۆ بەم ھەموو نەخوێندەواریەی خۆتەوە کە پێت وایە لەسەر حەقی، تا ئێرە خواساییە، بەڵام لایەنیکەم واز بھێنە با خەلکیش بانگەشەی حەققانیەتی خۆیان بکەن، خۆ ئەگەر حەقێکیش حەق بێت بە ناھەق ناکەوێت، دە ئیتر واز بھێنە با مافی ئەوەت ھەبێت بلێی لە وڵاتە پێشکەوتووەکان مافی موسوڵمانان پێشێل دەکرێت!

بەندە تەنھا لە سۆنگەی بەرپرسیاریەوە ئەم چەند دێڕم نووسیوە، چونکە ئەگەر قەرارە ئینسان بین، خۆ ئەبێت ئیرادەی ئازادانەشمان ھەبێت، ئەی ئەوە مافێک نیە خودا پێی داوین!!

لە کۆتایی ئەم بابەتەدا گوتەزایەکی ئەرستۆم بیرھاتەوە، کە دەبێژێت : بۆ قبوڵکردن یا ڕەتکردنەوەی ھەر باوەڕ و فەلسەفەیەک پێویستمان بە خوێندەوەی قوڵی ئەو باوەڕ و فەلسەفەیە ھەیە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *