چاوپێکەوتن

“قەیرانەكانی هەرێم هەزاران كەسی توشی نەخۆشی دەروونی كردووە”

کێشە دەرونیەکانی تاک لە هەرێمی كوردستان تا دێت زیاتر دەبن و رۆژانە سەدان كەس بە هۆی ئەو گرفتەوە سەردانی پسپۆر و دەرونناسەكان دەكەن و داوای چارەسەری ئەو دۆخ و حاڵەتە نائارامەیان لێدەكەن كە توشی بوون.

دیجیتاڵ میدیای دەنگی كورد بۆ ئەو مەبەستە بە پێویستی زانیوە دیدارێک لەگەڵ دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی دەرونناس و پڕۆفیسۆر لەزانکۆی سیلمانی ساز بكات و كێشە و گرفتەكانی تاك و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەو گێشانە تاوتوێ بکات كە لەم قۆناغە هەستیارەدا رووبەڕووی ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان بۆتەوە.

دەنگی كورد: خوێندنەوەی ئێوە بۆ تاکی کوردی لەم بارودۆخەدا چۆنە؟

د.كەریم: کاتێک دەڵێین باری دەرونی مەبەستمان پێداویستیە دەرونیەکانی مرۆڤ وەک هەرەمێک  وایە، چەند ئاستێکی هەیە لەسەرەتای هەڕەمەکدا  پێداویستیە فیسیۆلۆژیەکانمان هەیە، واتا هەموو مرۆڤێک پێویستە خۆراکی بۆ دابین بکرێت شوێنی حەسانەوە و بەگشتی پێداویستیە سەرەتایەکان  هتد….

ئەگەر سەرنجێک بدەین و بڵێین ئایا هەموو تاکی کورد ئەم پێداویستیانەی هەیە، بێگوومان نەخێر چونکی ئێستاش زۆر کەس هەیە لەسەرمادا  هەڵدەلەرزن، ئێمە نوقسانیمان هەیە لەم پێداویستیانەدا بۆیە تاک توشی نەخۆشیە دەرونیەکان دەبێت.

دەنگی كورد: چی هۆکارێکی دیکە هەیە بۆ بەرهەم هێنانی نەخۆشیە دەرونیەکان لەهەرێمی کوردستان؟

د.كەریم: هەستکردن بە ئەمان یەکەم پێداویستی دەرونی مرۆڤە، واتا تاکێک لەماڵەوە، لە دەرەوە لە شوێنە گشتیەکان هەست بەسەلامەتی خۆی بکات سوکایەتی پێ نەکرێت و ئیهانە نەکرێت، بێگوومان لەهەرێمی کوردستان یاسایەک سەروەر نیە سەلامەتی  پارێزراو بێت، ئایا هەموو کەس دەتوانێ بەئازادی بدوێت، ئایا ئێمە دەتوانین بەپێی ویستی خۆمان جوڵەکانی ڕۆژانەمان بکەین، ئەمانە هەمووی پێداویستین لە غیابی  ئەمانەدا تاک توشی نەخۆشی دەرونی دەبێت، تەنانەت بەشێکی هەره زۆری دەرونزانەکان هەبونی ئەمنیەت بە پێداویستی سەرەکی و سەرەتای ناو دەبەن.

دەنگی كورد: پێتان وایە سەرهەڵدانی کێشەکان هەمووی پەیوەندی بەم قەیرانەی ئێستاوە هەبێت كە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە؟

د.كەریم: زۆر کێشە هەیە بەهۆی پەیوەندیی لاوازی تاکەکانەوە ڕودەدەن بۆ نمونە نەبونی خۆشەویستی و هەست و سۆز، لەماڵەوە لەناو کۆمەڵگە، پێویستە ئێمە خەڵکیمان خۆشبوێت و ئەوانیش ئێمەیان خۆش بوێت لەدوای ئەمە ئینتیمام بۆ خاک دەبێت، هەر بەهۆی نەبونی خۆشەویستیشەوە هەموو خاک؛بەجێ دەهێڵێت و ئینتمای بۆ خاک نامێنێت، کەواتە من گەر ئەم پێداویستیانەم نەبێت چۆن خۆم بدۆزمەوە و بتوانم بەسەر کێشەکاندا زاڵ بم.

دەنگی كورد: لەناو ئەم کێشانەدا تاک چۆن بتوانێت خۆی ڕزگار بکات لەکێشەکان ؟

د.كەریم: یەکەم شت مرۆڤ درەخت نیە توانای جوڵەی نەبیت وقەتیس ببێت لەشوێنێکدا،  ئاژەڵ نیە لەپێستێکدا نەتوانێ بێتە دەرەوە، مرۆڤ بونەوەرێکی گەورەیە، ئێمە دەبێت هەوڵبدەین سەربەخۆی خۆمان هەبێت، و بەسەر کێشەکاندا زاڵ بین و کێشەکان دەستنیشان بکەین و پاشان چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، لەم وڵاتەشدا دیموکراسی بوونی نیە بۆیە بەداخەوە دەبێت تاک زۆر بەوریایەوە مامەڵە بکات، بتوانێت چواردەورەکی هۆشیار بکات. 

 دەنگی كورد: پێویستە تاک چۆن گۆڕانکاریی بکات بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی تەندروست؟

د.كەریم: گۆڕانکاریی سەرەکی و یەکەمی تاك دەبێت لەڕێگەی پەروەردەوە بێت، پاشان لەخێزانەوە، بەداخەوە لەئێستاشدا زانکۆ و پەیمانگاکان مەعریفە بەرهەم ناهێنن، بەڵکو تەنها موتەعەلیم بەرهەم دێنن ساڵی هەزارەها بڕوانامە دەدەن هەر کەسێک و لە بوارێکدا شارەزایەکی دەبێت، بەڵام شارەزایەکی بێ بەرهەم چونکی ئەم عیلمە ناتوانن بیگۆڕن بۆ گۆڕانکاری لەکۆمەڵگەدا، پەروەردەمان لەو پەڕەی خراپیدایە دەیان جار بە بەڵگەوە وتومە سیستمی پەروەردە سەقەتە، ئێمە ڕۆشنبیر بەرهەم ناهێنین تەنها وەک توتی شتەکان دەڵێینەوە. 

دەنگی كورد: بە بەراورد بە ڕابردوو ئەو کەسانەی گرفتیان هەیە ڕویان لەزیاد بوون کردووە یان گرفتەکان کەمتر بوونەتەوە؟

د.كەریم: من لەئێستاشدا هەفتانە دەیان کەس دێن بۆ سەردانم کە گرفتیان هەیە، هەزاران كەس توشی خەمۆکی و ترس و بڕوا بە خۆ نەبون بووە، ئەمانە هەمووی نەخۆشی دەرونین بۆیە ژمارەی نەخۆشیە دەرونیەکان ڕۆژ بەڕۆژ لەزیاد بووندایە، کەسێکش توشی نەخۆشی دەرونی ببێت و چارەسەری بۆ نەکرێت دەبێتە بار بەسەر کۆمەڵگاکەیدا، چەندین گەنجمان خوی یاوە بەمادەی هۆشبەر مادە کوحولیەکان، نێرگەلە، جگەرە، هەزارەها گەنج وڵاتی بەجێهێشتوە، بەم هۆیەوە کچەکانمان قەیرە دەبن و کێشەی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، بەڕاستی کۆمەڵگاکەمان هەڵتەپیوە.

دەنگی كورد: تاک چۆن بتوانێت بەرهەم هێنەر بێت لەساتە سەختەکاندا؟

د.كەریم: پێویستە ئێمە لەلایەن خۆمانەوە هەر یەکەمان دەستپێبکەین، واتا بیر لەوە بکەینەوە وەکو هەموو مرۆڤێکی دیکە 24 کاتژمێرمان هەیە ئەندامەکانی جەستەمان هەمووی  تەواون، وەک هەموو فەیلەسوف و زاناکان، پێویستە ئێمە تەواوی کەرەستەکان بۆ خۆڕۆشنبیرکردنی خۆدی خۆمان و کۆمەڵگا  بەکار بهێنین، با لەقوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکانماندا بۆ بڕوانامە نەخوێنین، بەڵکو بۆ خۆڕۆشنبیرکردن و گۆڕانکاری بخوێنین، پێویستە پەیوەندیە خێزانیەکان، کۆمەڵایەتیەکان بەهێز بکرێن، با فێری ئەوە بین مناڵەکانمان باش پەروەردە بکەین، با فێر بین دڵسۆز بین بۆ کارەکەمان، ئەو کاتەی هەیە بەشتی باشەوەبەکاری بهێنە.

 

خالد كاوە

 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *