راپۆرتکوردستانهەواڵی

خۆپیشاندەران: لە هەولێر هێزە ئەمنییەکان مۆبایل لە خەڵك وەردەگرن

دەنگی کورد

ئەمڕۆ پاش ئەوەی خۆپیشاندان دەستی پێکردەوە لە شاری هەولێر، سەرچاوەیەك لە پارکی شانەدەری هەولێرەوە تایبەت بە دەنگی کورد رایگەیاند:"گروپێکی تایبەت هێنران هەموو کامێرا و مۆبایلیان لێوەرگرتین و سەرجەم گرتە ڤیدیۆیی و وێنەکانیان سڕیەوە".

هاوکات لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا کچە نوسەر و رۆژنامەنوس (نارین رۆستم) بۆ دەنگی کورد بە نیگەرانی و توڕەییەوە ووتی:"ئەمە شار نیە، ئەمە وڵات نیە، مانای چیە کۆڵان بە کۆڵان دوو کەسی هێزە ئەمنییەکان دوام کەوتوون و جانتاکەی شانمیان رفاند، کە دوو مۆبایل و کۆمەڵێك شتی شەخسی خۆمی تیایە، من تێناگەم ئەمە چی پێدەوترێت، هێندە دەزانم ئەمە ئاکارێکی ناشیرینە"، زیاتر دواو ووتی:"لە نزیکی ماڵی کاك کۆسرەت چەند پاسەوانێکی ئەوێ هاوکارییان کردم و گرژی کەوتە نێوانیان و تەقەیشیان کرد، دواتر جانتاکەم وەرگرتەوە"، بەڵام نارین نەیتوانی قسەکانی تەواو بکات و ووتی:"دەبێت مۆبایل دابخەمەوە وا سەیارەیەکیان چاودێریم دەکات، هەوڵ دەدەم خۆم دەرباز بکەم" دواتر هەوڵماندا پەیوەندی پێوە بکەین مۆبایلەکەی داخرابوو.

نارین رۆستم کچی شاعیری ناوداری شاری هەولێر (رۆستەم باجەڵان)ە، کە رۆژی ١٥ ی مارس ٢٠١٨ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان، رۆژنامەنوس و چالاکوانی زۆر دەستگیرکراون و ئازار دراون و کامێرا و مۆبایلیان لێوەرگیراوە، جگە لەوەی چەندین ئەندام پارلەمان و مامۆستا و کادری سیاسی بەر ئەو شاڵاوی لێدان و گرتنە کەوتوون، هاوکات (عەلی سیاسی) پێشمەرگەی دێرین و چالاکوانی دژ بە جینۆساید و ئەنفالی گەلی کورد یەکێك بوو لەو کەسانەی دەستگیرکرا، عەلی سیاسی لەگەڵ چەند چالاکوانێکی دیکە رۆڵی باشی هەبووە لە بەدادگا گەیاندنی گەورە بازرگانی هۆڵەندی(فرانس ڤان ئەنرات) کە ئەو مادە کیمیاییەی لە هەڵەبجەی پێدرا ئەو بازرگانە بە عێراقی فرۆشتبوو، هەر وەکو (حوسێن عەلی غالب) لە وتارێکیدا بۆ ماڵپەڕی(حوار المتمدن)عەرەبی لە دیسەمبەری ٢٠٠٥ نوسیوێتی و وەسفی عەلی و هاوڕێکانی بە(پاڵەوانانی کورد) دەکات کە توانیان ئەو بازرگانە بدەنە دادگا لە هۆڵەندا و (١٥ ساڵ) زیندانی بکرێت لەسەر کەیسی هەڵەبجەو کیمیاباران.

بەڵام عەلی سیاسی لەوەتەی گەڕاوەتەوە  کوردستان چەندین جار لەسەر بەشدارییکردنی لە خۆپیشاندان دەستگیر کراوەو خراوەتە زیندانەوە.

 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *