راپۆرتکوردستانهەواڵی

ئایا گۆڕان لە یەکەم تاقیکردنەوەی دوای نەوشیروان مستەفا سەرکەوتوو دەبێت؟

چەند رۆژێكی تر بانگەشەی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەكات‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ دوای كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا و لەگەڵ سه‌رهه‌ڵدانی دوو لیست و قەوارەی نوێ لە هەرێمی كوردستان دەچێتە هەڵبژاردنەكانەوە.

لەدوای کۆچی دوایی نەوشێروان مستەفا لە ئایاری ٢٠١٧ و هەڵبژاردنی ٢٥ی تەمموزی ٢٠١٧  ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی بە ڕێکخەری نوێی بزووتنەوەکە دیاریکرا،  ئایا ده‌توانێت بۆشای نه‌مانی نه‌وشیروان مسته‌فا پڕبكاته‌وه.

فه‌رمان ڕه‌شاد چاودێری سیاسی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دیجیتاڵ میدیای ده‌نگی كوردی راگەیاند" دەرکەوتن و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان یەکێک بووە لە گرنگترین ڕووداوەکانی دوو دەیەی ڕابردوو، دەتوانین بلێین لەپاڵ ئەو قۆناغ و دۆخەی هەرێمی کوردستان ،  زەمینەیەکی لەبار بوو بۆ لەدایک بوونی بزوتنەوەیەکی جەماوەریی، بەڵام ڕابەرایەتی کردنی لەلایەن ڕیفوڕمخوازێك و سەركردەیەی دیار و كاریگەری وەک نەوشیروان مستەفا، فاکتەری سەرەکی لەدایکبون و سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوەیە بووە، واتا گۆڕان بەرجەستەبووی دوایین تێڕوانینەکانی نەوشیروان مستەفابوو، هەم بۆ حزبایەتی و هەم بۆ حکومڕانیكردنی هەرێمی كوردستان.

"بەهۆی ئەو پێگە و ڕۆڵە گرنگەی نەوشیروان مستەفا لە دروستبونی گۆڕاندا هەیبووە، ئاساییە دوای نەمان و كۆچی دواییكردنی کاریگەری قوڵ و درێژ خایەن لەسەر ئەو بزوتنەوەیە جێ بهێڵێت، بەڵام خاڵی بەهێزی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو بەخێرایی شوێنی رێكخەرەكەیان پڕ کردەوەو پێچەوانەی حزبەكانی تر كە تا ئێستا نەیانتوانیوە جێگای سكرتێرەكەیان پڕبكەنەوە،رخاڵێکی تر هەبوونی چەند سەرکردەیەكی گەنج و بەردەووامی گۆڕان لەسەر پەیامەکانی پێشووی بووە ئەگەرچی هەندێ پێیان وایە ئێستا گۆڕان وەک پێشتر ناتوانی پێشڕەوایەتی ڕووداوەکان بکات و زیاتر دوای ڕووداوەکان دەکەوێ بەڵام هێشتا کاریگەریی گەورەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەیه".

هەر لەو بارەیەوە بەرهەم خالید مامۆستای زانکۆ دەڵێت:" بە دڵنیاییەوە نەمان و غیابی سەركردە لە ھەر حزبێكدا كاریگەری دەبێت لەسەر ئەدای ئەو ھێزە، ئەمەش بۆ سەركردەیەكی وەك نەوشیروان مستەفا زۆرتر راستە بە تایبەت كە بزوتنەوەكەی ھێشتا ١٠ ساڵی تەمەنی تێنەپەڕاندوە بەڵام ھێشتا زووە بڕیاری ئەوە بدەین كە ئایا كاریگەری غیابی ئەو، لەسەر بزوتنەوەكەی چەند دەبێت كە بەشێكی زۆری پەیوەندی بە ھەڵوێستی جێگرەوەكانی و سەركردایەتی نوێی گۆڕانەوە ھەیە لەبەر ئەوەی نەوشیروان مستەفا میراتێكی باشی لە تێڕوانین و روئیا و بەرنامەی سیاسی لە دوای خۆی جێھیشتوە كە بە تەنھا كاركردن لەسەر ئەو بەرنامەیە دەكرێت گۆڕان كەمتر غیابی دامەزرێنەرەكەی پێوە دیار بێت چونكە وەك خۆشی لە چاوپێكەوتنێكدا وتویوتی بزوتنەوەی گۆڕان چەسپاوەو بە مردن و رۆیشتنی كەسێك لاواز نابێت بۆیە بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەدای گۆڕان دەبێت چاوەڕوانی تاقیكردنەوە و ھەڵوێستەكانی بكەین كە تا چەند دەتوانێت بە بەھێزی وەك ھێزێكی سیاسی بمێنێتەوە".

بە پێچەوانەی بۆچونەکانی پێشتر، ڕۆژنامەنوس سالار عەبدوڵا بە دەنگی كوردی راگەیاند:" بزوتنەوەی گۆڕان هیوایەکی گەش بوو لەنێو جەماوەری خەڵکی کوردستان، بەڵام لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەو ئومێدەی لەلای جەماوەری بزوتنەوەکە هەبوو لاواز بووە، ئەمەیش بۆ خۆی دەکرێت وەک خاڵێکی گرنگ سەیر بکرێت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە کاریگەری هەبێت لەسەر دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، چونکە نەوشیروان موستەفا بۆ خۆی ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەبووە و توانیویەتی لە ماوەیەکی دیاریکراوەدا متمانەی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێت و پێگەی بزوتنەوەکە چەسپاوو دامەزراو بکات لەلای جەماوەرەکەی".

هاوكات بەڵێن اسماعیل ئەندامی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بەدەنگی کوردی وت:" بە پێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان ڕێكخەری گشتیی خاوەن دەسەڵاتێكی زۆر و بڕیاڕی  یەكلاكەرەوە نیە، لەبەر ئەوەی جڤاتی نیشتیمانی ناوەندی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان و سەركردایەتیەكەیەتی و، لە ناو جڤاتدا چەندین گروپ هەن كە بریتین لە باژێروانەكان و ڕێكخەری ژورەكان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و ڕەوەندی كوردی و نوێنەری ژنان و تەواوكارەكان و خانەی ڕاپەڕاندن." 

ئاماژەی بەوشكرد"دوای بڕیاردان، خانەی ڕاپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێ كردنی بڕیارەكان كە ڕێكخەری گشتی یەكێكە لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن ، بۆیە من پێم وایە نەوشیروان مستەفا بۆ خۆی بە تەنها هێزێكی سیاسی گەورە بو كەس ناتوانێ ببێ بە ئەو بەڵام گۆڕان بەو شێوەیەی باسم كرد دەتوانێ جێگەی نەوشیروان مستەفا ڕەحمەتی لێبێ پڕ بكاتەوە". 
ئەو ئەندامەی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان وتیشی "تا ئێستا گۆڕان وەك سەردەمی نەوشیروان مستەفا پارێزەری مەبادیئە گشتی و خەتە عامەكانی بەرنامەكەیەتی و سازشی لەسەر نەكردوە".

بەڵام بە ڕای شارەزایان و چاودێرانی سیاسیی ئەم هەڵبژاردنەی داهاتوو دەبێتە یەكەم تاقیكردنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بە بێ بوونی نەوشیروان مستەفا ، كە ئەگەر بتوانێت دەنگەكانی پێشووتری بە دەست بهێنێتەوە یان ژمارەی كورسیەكانی زیاد بكات ئەوا بە تاقیكردنەوەیەكی سەركەوتوو دادەنرێت بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ژمارەی دەنگ و كورسیەكانیشی كەم بكات ئەوا بزووتنەوەی گۆڕان پێویستی بە بەخۆداچوونەوە هەیە و دەبێت هەندێك گۆڕانكاری لە ناوخۆی بزووتنەوەكەدا بكات.

 گۆڕان لە ئێستادا بزووتنەوەیەكی سیاسییە و ساڵی ٢٠٠٩بە بە ناوی لیستی گۆڕانەوەو بە سەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا بەشداری ھەڵبژاردنەکانی ٢٥ی تەمموزی ئەو ساڵەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و توانی 25 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت.

خالید کاوە
 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *