راپۆرتکوردستانهەواڵی

ئایا بەرهەم ساڵح دەتوانێت ئەزمونی نەوشیروان مستەفا دووبارە بکاتەوە ؟

دەنگی كورد

لەکاتێکدا نەوشیروان موستەفا جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، ھەروەھا دروستکەری باڵی ریفۆرم بوو لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیدا، دوای ئەوەی بۆی نەكرا ریفۆرم و چاكسازیی لە ناو یەکێتیدا بکات لە ساڵی ٢٠٠٦ وازی لە کاری حزبی ھێناو دەستی کرد بە دروستكردن و دامەزراندنی كۆمپانیای وشە بۆ كاری راگەیاندن كە، رۆژنامەی رۆژنامە، ماڵپەڕی سبەی، كەناڵی ئاسمانی کەی ئێن ئێن، رادیۆی دەنگی گۆڕان و سەنتەرێکی راپرسی لەخۆ دەگرت و دواجار بزووتنەوەیەكی جەماوەری بە ناوی بزووتنەوەی گۆڕان دامەزراند و توانی ببێتە خاوەنی ٢٥ كورسی پەرلەمانی و تا ئێستایش لە دوای كۆچی دوایی خۆی بزووتنەوەكەی بەردەوامە. 

(بەرهەم ئەحمەد ساڵح) كە جێگری سكرتێری گشتیی یەكتێتی نیشتمانی كوردستان بوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنانە قەوارەیەكی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان دروستكردووە بە ناوی " هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی".

چاودێرانی سیاسیی و نوسەران لە هەرێمی كوردستان دەڵێن: هاوشێوەی نەوشیروان موستەفا، بەرهەم ساڵح لەناو یەکێتیدا جیابووەتەوە، بەڵام جیاوازیەك هەیە ئەویش ئەوەیە، نەوشیروان موستەفا لەکاتێکدا جیابوویەوە كە پێگەی یەکێتی زۆر بەهێز بوو، بەڵام لە ئێستادا كە بەرهەم ساڵح جیابووەتەوە پێگەی یەکێتی وەك جاران نەماوەو بەرەو لاوازی چووە.

بۆیە  لە دوای جیابوونەوەی لە یەکێتی و دروستکردنی "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی"  ئەو پرسیارە دەكرێتو دەوترێت " ئایا بەرهەم ساڵح دەتوانێت هەمان ئەزمونی نەوشیروان موستەفا دووبارە بکاتەوە"؟

 

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەدی نوسەر؛ بە دەنگی كوردی راگەیاند: "پێشبینیکردن بۆ دوو کردەی سیاسی کە ململانێی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت یەکلایی بکاتەوە، هەندێك گرانە، بەڵام ئەگەر پرسیار لەسەر ئەوە بێت کە ئایا بەرهەم ساڵح دەتوانێت هەمان ئەزموونی نەوشیروان موستەفا دووبارە دەکاتەوە، بەبڕوای من نەخێر، چونکە لەباری گشتییدا هەردوو کردەکە وەستانەوەیە دژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نەوەك کۆی گشتی سیستمی گەندەڵی و نادادپەروەری و ….هتد لەهەرێمی کوردستاندا.

ئازاد ئیبراهیم ئەوەیشی وت: کاتێك دەڵێین (بەرهەم ساڵح) ناتوانێت هەمان ئەزموونی نەوشیروان موستەفا دووبارە بکاتەوە هۆكارەكەی ئەوەیە، لەقۆناغی جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هیچ هێزێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن لەئاستی کوردستاندا هێندەی گۆڕان نەیتوانی شەقام بجوڵێنێت و فشار بخاتە سەر حکومەت، بەڵام لەسەردەمی "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی" چەندان هێزی نوێ دەرکەوتوون کە دەنگدەرانیان بەسەردا دابەشبووەو هەریەکەو بەشی خۆی دەنگدەری ناڕازی بردووە، بۆیە ناتوانرێت وەڵامی ئەو پرسیارە بە ووردی بدرێتەوە تا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان".

 

هەر لەو بارەیەوە (د.موئمین زەڵمی) ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە دەنگی كوردی راگەیاند" ئێمە پێمان وایە بەرواردکردن لەسیاسەتدا ناواقیعییە، چونکە هەر زەمەنەو و شێوازێکی جیاوازی خەبات دەخوازێت،  رێزگرتن لە خەباتی هەر بەڕێزێکی سیاسی ئاستێکی بەرزی هەیە، بەڵام د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح ئێستا سەرۆکی "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەرییە"و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییدا خەریکی رێنیشاندەری هێزێکی فراوانی گەنجان و ژنانی ئەم وڵاتەیە، و هاوپەیمانیش شەڕی چەسپاندنی دیموکراسی وبەرپاکردنی عەدالەت و حوکمی ڕەشید دەکات".

بەشێکی دیکە لە چاودێران پێیان وایە جیاوازی نێوان نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بەرهەم ساڵح لەوەدایە کە لەهەبوونی تاڵەبانییدا لە یەكێتیی دووركەوتەوە و لەدوای وەفاتی تاڵەبانی بە فەرمی جیابوەتەوە، ئەوانەیشی لەگەل نەوشیروان موستەفادا بوون زۆرینەیان پێشتر سەرکردەی دیاری یەکێتی بوون, بەڵام بەرهەم ساڵح جگە لەئەندامی حزبەکەی پێشوتری کاری لەسەر دەنگی ناڕازیی حزبەکانی دیکەیش دەکات بەتایبەتی حزبە ئیسلامییەکان كە بەشێكی گرنگی قەوارەكەی پێكدەهێنن.

 
هاوكات ڕۆژنامەنوس  ئیبراهیم عەباس بۆ دەنگی كوردی راگەیاند:"بەراوردکردنی سەرکردەی سیاسی لە دوو زەمەن و ساتی جیاوازدا کارێکی هێندە دروست نییە تا ئەنجامەکانیش هەمان ئاکام بدەن، چونکە هەر کەسەو کوڕی سەردەمێکە و بێگومان سەردەمەکانیش جیاوازن".

ئیبراهیم عەباس وتیشی:"بەرواردکردنی کاک نەوشیروان و کاك د. بەرهەم سودێکی ئەوتۆی بۆ دۆخی سیاسی نییە، بەقەد ئەوەی زەرەر لە هەردووکیان دەدات، چونکە ئەو رێگایەی کاك نەوشیروان لەناو یەکێتیەوە هەڵیبژارد بۆ سەربەرزی و خۆشگوزەرانی و ئازادی خەڵکی کوردستان بوو، هێندەش راستگۆیانە بۆی تێکۆشا تا کۆتایی ژیانی ساتێك ماندوونەبوو لێی".

ئاماژەی بەوەیشكرد:"بەلای منەوە کاك د.بەرهەم هەمان رێگای هەڵبژاردووە، بەڵام تاچەند بەردەوام دەبێت ئەوە دەگەرێتەوە سەر تواناو هەلومەرجی لێرە بەدوای ژیانی سیاسی خۆییەوە".
وتیشی: "رێگاکەی کاك نەوشیروان ئاسانکارییەکی باشە بۆ کاك بەرهەم و گەر بتوانێت هاودیدو هاوپەیمانی گۆڕان و تەنانەت کۆمەڵی ئیسلامیش بێت دەتوانێت رێگاکانی سەرکەوتن بە ئاراستەی خزمەتی راستەقینەی خەڵکی کوردستان مسۆگەرتر بکات".

 

بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە ساڵی‌ ١٩٦٠ لە سلێمانی‌، لەباشووری کوردستان‌ لەدایکبووە. سەرۆك وەزیرانی کابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە لەساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢.

 پاش وازهێنانی لەیەکێتی نیشتمانی کوردستان و دامەزراندنی "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی" لە رۆژی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ کۆنگرەی دامەزراندنی پارت و قەوارەكەی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا كە ٦٥٠ کەس بەشدارییان تیادا کرد، بەرھەم ساڵح وەکو یەكەمین سەرۆکی ھاوپەیمانیەتییەکە بە زۆرینەی دەنگ ھەڵبژێردرا.
 

خالد کاوە
 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *