بیروڕا

موزایه‌ده‌، قه‌ناعه‌ت ، وێرانه‌بوون

دڵشاد ئه‌نوه‌ر

گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێمى كوردستان خه‌ریكه‌ به‌ سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش ده‌بێت، به‌ره‌ى یه‌كه‌میان بریتین له‌و گروپه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارن و سه‌رخان و ژێر خانى وڵاتیان وێران كرد. به‌ره‌ى دووه‌میشیان لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كانى ده‌سه‌ڵاتن كه‌ موزایه‌ده‌ و خه‌ڵكانى موزایه‌ده‌چى سه‌ری لێشێواندوون، ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست سیاسه‌ت بكه‌ن.

به‌ره‌ى یه‌كه‌م كه‌ خۆى له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بینێته‌وه‌، به‌رپرسیار و سودمه‌ندن له‌م سستمه‌ حوكمرانیه‌ مافیاگه‌را سه‌قه‌ته‌. ئه‌م به‌ره‌یه‌ خاڵى نیه‌ له‌ خه‌ڵكى باش و واقیع بین ، به‌ڵام ئه‌م خه‌ڵكانه‌ نه‌یارێتى بانده‌ مافیاییه‌كانیان پێناكرێت، یاخود به‌رژه‌وه‌ندى وایلێكردوون بێده‌نگى هه‌ڵبژێرن. 
هه‌رچى به‌ره‌ى دووه‌میشه‌ كه‌ به‌ره‌ى لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كانى ده‌سه‌ڵاتن، گه‌رچى زۆر به‌رپرسیارنین له‌م دۆخه‌، به‌ڵام موزایه‌ده‌ و بێ پلانى سه‌ری لێشێواندوون، نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ به‌دیلى به‌ره‌ى یه‌كه‌م، له‌كاتێكدا ده‌رفه‌تى گه‌وره‌یان له‌ پێش بووه‌ بۆ بوون به‌ به‌دیل، ئه‌وه‌شى ئه‌م به‌ره‌یه‌ى له‌ بوون به‌ به‌دیلى دوورخستۆته‌وه‌ باڵاده‌ست بوونى خه‌ڵكانى موزایه‌ده‌چى بووه‌.
سه‌رهه‌ڵدانى موزایه‌ده‌ به‌م فۆرمه‌ى ئێستا، زیاتر تازه‌ سیاسیه‌كانى نێو لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان په‌نایان بۆ بردووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامى خراپ به‌رێوه‌بردنى وڵاته‌ له‌لایه‌ن به‌ره‌ى یه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ به‌ره‌ى ده‌سه‌ڵاته‌.
بیریشمان نه‌چێت كۆمه‌ڵگاى كوردى هێنده‌ى سستمه‌ حوكمرانیه‌ خراپه‌كه‌، گیرۆده‌ى ده‌ستى موزایه‌ده‌ و موزایه‌ده‌ چیه‌كانیشه‌، به‌ڵام جارێك به‌م ده‌رده‌ نازانێت. 
رۆژێك دێت وه‌كو چۆن ئێستا دروشم دژى ده‌سه‌ڵات و ئه‌م سستمه‌ سه‌قه‌ ده‌وترێته‌وه‌، ئاواش دروشم دژى موزایه‌ده‌ و خه‌ڵكانى موزایه‌ده‌ چى بوترێته‌وه‌. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین پێش دروستبونى ئۆپۆزسیۆنیش له‌ هه‌رێمى كوردستان موزایه‌ده‌ و موزایه‌ده‌چى هه‌ر هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌فۆرمێكى تر.
ئه‌وانه‌ى ئێستا حوكمڕانى هه‌رێمى كوردستانن، له‌ ساڵى 1991 ه‌وه‌ تا ئێستا موزایه‌ده‌ى شۆڕش و خه‌بات به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌كه‌ن، كه‌ وێرانه‌ بوونى وڵات ده‌رئه‌نجامى موزایه‌ده‌ى ئه‌وان و فریو خواردنى خه‌ڵك بووه‌ به‌و موزایه‌دانه‌.
ئه‌وانه‌ى دواى دروستبوونى ئۆپۆزسیۆنیش فۆرمێكى تازه‌یان له‌ موزایه‌ده‌ داهێنا و زیاتر چالاكوان و راگه‌یاندكار و مامۆستاى زانكۆ و خه‌ڵكه‌ خوێنه‌واره‌كه‌ن، دڵسۆزیان بۆ موزایه‌ده‌ ، جدیاتیان بۆ نمایشى راگه‌یاندن ، سیاسه‌تى ته‌ندروستیان بۆ هه‌ڵه‌شه‌یى و ره‌خنه‌یان بۆ جنێو گۆڕى. هیچ شتێكیان له‌ شوێنى خۆى نه‌هێشت.
موزایه‌ده‌ ناهێڵێت حیزبه‌كان پێكه‌وه‌ بن و چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م دۆخه‌ بدۆزنه‌وه‌. موزایه‌ده‌ ناهێڵێت په‌رله‌مانتار ئیشى خۆى بكات و بیرى لاى موقابه‌له‌كه‌ى شه‌وه‌. موزایه‌ده‌ چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كانى كه‌رت كردووه‌ و هه‌ركه‌و بۆ لاى خۆى كێشى ده‌كات. له‌هه‌مووى خراپتر موزایه‌ده‌ كۆمه‌ڵگاى كوردى كوێر كردووه‌ و به‌ عه‌قڵ بیر ناكاته‌وه‌.
ئاخر مه‌عقوله‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌نگ ده‌هێنن، خه‌ڵكه‌ ده‌مشڕ و موزایه‌ده‌ چیه‌كه‌ن ، ئه‌وانه‌شى كه‌ شكست ده‌هێنن له‌ نێو هه‌موو حیزبه‌كاندا خه‌ڵكه‌ دژه‌موزایه‌ده‌ و عاقڵ و هێمن و دڵسۆزه‌كه‌ن.
به‌داخه‌وه‌! له‌ نێو كۆمه‌ڵگاشدا زه‌مینه‌ هه‌میشه‌ له‌بار بووه‌ بۆ موزایه‌ده‌ و موزایه‌ده‌چیه‌كان، ئه‌و سه‌رۆك مافیاییانه‌ى وڵاتیان به‌م ده‌رده‌برد به‌سود وه‌رگرتن له‌موزایه‌ده‌ى خه‌بات، زۆرترین كه‌س شوێنیان كه‌وت. ئه‌وانه‌ى ئێستاش به‌ جنێودان و په‌نجه‌ راوه‌شاندن و نمایشى ئیعلامى خه‌ڵكیان كوێر كردووه‌.
بۆیه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ هه‌وڵێكى هه‌مه‌ لایه‌نه‌ هه‌یه‌ بۆ كۆتایى هێنان به‌سه‌رده‌مى موزایه‌ده‌، بۆ دوور خستنه‌وه‌ى خه‌ڵكانى په‌نجه‌ راوه‌شێن و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى عه‌قڵه‌كان.
وه‌كو چۆن تا تۆزى ره‌شه‌با نه‌نیشێته‌وه‌، به‌رى چاوه‌كان روون نابن، ئاواش تا كۆتایى به‌ سه‌رده‌مى ده‌م شڕ و موزایه‌ده‌ چیه‌كان نه‌یه‌ت و خه‌ڵكه‌ عاقڵ و هۆشمه‌نده‌كه‌ نه‌ناسرێن و نه‌هێنرێنه‌ پێشه‌وه‌، دۆخى هه‌رێم له‌ ئێستا باشتر نابێت!
گرنگیشه‌ لامان روونببێته‌وه‌ كه‌ فه‌یسبوك و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى تر بوونه‌ته‌ بازارێكى گه‌رم بۆ ساغ كردنه‌وه‌ى موزایه‌ده‌ى موزایه‌ده‌چیه‌كان. بوون به‌ گۆڕه‌پانێكى باش بۆ چه‌پڵه‌ لێدانى ئه‌وانه‌ى بێ بیركردنه‌وه‌ چه‌پڵه‌ لێده‌ده‌ن.
به‌كورتى و به‌كوردى، موزایه‌ده‌ به‌هه‌ردوو فۆرمه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌رێمى شێواندووه‌، خه‌ڵكه‌ هه‌لپه‌رست و خۆپه‌رسته‌كان بوون به‌ قاره‌مان، خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌كانیش بوون به‌ ژێر تۆزى موزایه‌ده‌وه‌. 
ره‌نگه‌ گه‌ر دوو هه‌فته‌ فه‌یسبوك نه‌مێنێ زۆرێك له‌ كێشه‌كانى ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌ر له‌ خۆیانه‌وه‌ و به‌ قودره‌تى قادر چاره‌سه‌ر بن، چونكه‌ تۆزى موزایه‌ده‌ ده‌نیشێته‌وه‌، خۆرى هه‌لپه‌رست و خۆپه‌رسته‌كان ئاوا ده‌بێت، كۆمه‌ڵگاش له‌ خه‌وى غه‌فڵه‌ت راده‌په‌رێت و عاقڵ و ژیره‌كان ده‌ناسێت، ئه‌ركى خزمه‌تكردنى وڵاتیان پێ ده‌سپێرێت.
زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *