ئەدەب و هونەر

دانا عەسکەر ڕۆمانی (دەرگای تەباشیر)ی ئەحمەد سەعداوی دەکات بە کوردی

   شاعیر و نووسەری کورد، "دانا عەسکەر" لە فەیسبووکی تایبەتیی خۆیەوە بڵاویکردەوە، کە دوای نزیکەی ماوەی ھەشت مانگ لە ماندوبوون و شەونخونی، دواجار لە سەرەتای مانگی نیساندا، کاری وەرگێڕانی ڕۆمانی (دەرگای تەباشیر)ی ئەحمەد سەعداوی تەواو بوو.

   دانا عەسکەر، لە بارەی چۆنێتیی ھەڵبژاردنی ئەم ڕۆمانە بۆ وەرگێڕان و کار و پرۆژەی وەرگێڕانییەوە، بۆ دەنگی کورد وتی: سەبارەت بە کاری وەرگێڕانم، ئەمە یەکەمین وەرگێڕانمە، کە بە (دەرگای تەباشیر) دەستمپێکردووە. چونکە ساڵی پار، کاتێ

یەکەمجار ئەم رۆمانەم خوێندەوە، زۆر سەرنجی راکێشام و بە گرنگ و پێویستم زانی بیکەم بە کوردی، تا خوێنەری کوردزمانیش لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە ئاست بەرزەی "ئەحمەد سەعداوی" بێبەش نەبن.

  وەرگێڕی ڕۆمانی (دەرگای تەباشیر) وتی: لەراستیدا پێشتریش دوو کتێب ھەبوون، کە وەک پرۆژەی وەرگێڕان حەزمدەکرد و دامنابوون کاری وەرگێڕانیان بۆ بکەم، ئەوانیش کۆمەڵە چیرۆکی (پیشانگەی تەرمەکان)ی نووسەری عێراقی "حسن بلاسم" و کتێبی (خەزانی رۆشنبیر لە عیراق)ی نووسەر "محمد غازی ئەڵئەخرەس" بوو. بەڵام ئەم رۆمانەی ئەحمەد سەعداوی، ئەو دوو پرۆژەیەیەی تری دواخست. لەبەر گرنگیی ئەم رۆمانە و سەلیقەی سەعداوی، ناچار بووم پێش ئەو دوو کتێبەی تر کە ناوم ھێنان، دەستبکەم بە وەرگێڕانی ئەم رۆمانە.

  ھەروەھا ئەوەشی وت: کە ئەم رۆمانە بە چاپە عەرەبیەکەی ۳۷۹ لاپەڕەیە و لە ۲۱ بەش پێکھاتووە. لەچەند رۆژی داھاتووشدا دیزاینی بەرگە کوردییەکەی تەواو دەبێت، دواتریش دیزاینی ناوەوەی بۆ دەکرێت. پاشان ئامادە دەبێت بۆ چاپ.

  دانا عەسکەر، بۆ بەردەوامییدان بە پرۆژەی وەرگێڕانی، وتی: لە دوای ئەمەش، ھەوڵدەدەم  پەیوەندی بەو نووسەرانەیش   "حسن بلاسم" و "محمد غازی ئەڵئەخرەس"ەوە بکەم، تاکوو وەک ڕێزێک لە کارەکانیان، بۆ مۆڵەتوەرگرتن لەبارەی وەرگێڕانی بەرھەمەکانیانەوە بۆ زمانی کوردی، قسەیان لەگەڵ بکەم. گەر ئەوانەش بەردەست نەبوون، ئەوا کار لە وەرگێڕانی کتێبی تر دەکەم.

   بڕیارە ڕۆمانی (دەرگای تەباشیر)ی ئەحمەد سەعداوی، لە وەرگێڕانی دانا عەسکەر، لە لایەن "ناوەندی دیالۆگ" لە کەرکوک لە ئەمساڵدا چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

   پێشتریش ڕۆمانێکی تری ئەم ڕۆماننووسە عێراقییە، بەناونیشانی (فرانکشتاین لە بەغداد) لە لایەن "موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی"یەوە کراوە بە کوردی و ناوەندی ئاوێر چاپ و بڵاویکردووەتەوە.

  ئەحمەد سەعداوی "ڕۆماننووس و شاعیر و سیناریست و دۆکیۆمێنتاریستی عێراقی"یە و لەساڵی ۱۹۷۳ لە بەغداد لە دایک بووە. چەند کتێبێکی لە بواری نووسین و ڕۆژنامەوانییدا ھەیە. ھەروەھا "خاوەنی چوار کتێبی شیعرە، بەناوەکانی(چڕنوکی داگیرکەر، ڕزگاربوونێکی زیادە، جەژنی گۆرانییە خراپەکان، وێنەکەم لەکاتی خەونبینیندا.) و خاوەنی چوار ڕۆمانیشە، بەناوەکانی (وڵاتە جوانەکە، ئەو خەون دەبینێت..یان یاریی دەکات..یان دەمرێت، فرانکشتاین لە بغداد، دەرگای تەباشیر).

  دەرگای تەباشیر دوا ڕۆمانی ئەم نووسەرەیە و لە ساڵی ۲۰۱۷ لە وەشانخانەی (الجمل) لە (بیروت-لوبنان) چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

   ئەم ڕۆماننووسە عێراقییە، لە ئەمساڵدا بە چاپی وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی ڕۆمانی (فرانکشتاین لە بغداد) بەناونیشانی (FRANKENSTEIN IN BAGHDAD)، لەگەڵ ۱۲ڕۆمانی تری جیھانییدا، لە لیستی درێژی پاڵێوراوانی خەڵاتی مان بووکەری نێودەوڵەتییدا دەبینرێت و کاندیدە بۆ بردونەوەی ئەو خەڵاتە.

   شاعیر و نووسەر، دانا عەسکەر، لەدایکبووی شاری کەرکووکە و لە ئێستاشدا ھەر نیشتەجێی ئەو شارەیە.

بەشێک لەکتێبەکانی :١ – زەمەنێک بۆ خەم. (شیعر) ٢ – خوێنی رژاوی دوو سێو. (دوو قەسیدەی درێژ) ٣ – ئاوابوونی خەونەکان ..(شیعر) ٤ -رەھەندەکانی دەق لەنێوان فیکر و ئەندێشەدا.(رەخنەولێکۆڵینەوەی ئەدەبی) ٥ – ماناو دەلالەتە شاراوەکانی دەق. (رەخنەولێکۆڵینەوەی ئەدەبی) ٦ – رەھەندە فینۆمینۆلوجی و ئاراستە ناوەکییەکانی دەق. (رەخنەولێکۆڵینەوەی ئەدەبی) ٧ -ململانێ لەگەڵ پرسیار. (کۆدیدار) ٨ – ئەرگیومێنتی دژەکان. (پرۆژەی کۆکردنەوەی بابەتی فیکری و رەخنەیی)٩- فێستیڤاڵی گۆرانییەکانی خەزان. (شیعر)

 

سەردار حەمید (نۆڕێ)

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *