راپۆرتکوردستانهەواڵی

بۆچی حزب و لایەنەكان مامۆستایانی ئایینی بۆ هەڵبژاردنەكان كاندید دەكەن؟

دەنگی كورد

جیاواز لە ڕابردوو بەشێك لە هێز و لایەنە سیاسیەكانی باشوری كوردستان بۆ ئەوەی بە گڕو تینێكی دیكەوە بێنەوە مەیدان و بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن، لە هەوڵی ئەوەدان مامۆستاو زانایان و بانگخوازو كەسایەتیەئایینیەكان لەڕێگەی كاندیدكردنیانەوە بەشدارییان پێ بكەن و وەك بەشێك لەچاودێران و شارەزایانی سیاسیی دەڵێن بەكاریان دەهێنن.

ئاینی ئیسلام ، ئایینی فەڕمی كوردستانەو لە كۆمەڵگەی كوردیدا كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر تاك و سەرجەم چین و توێژە جیاوازەكان، لەم كۆمەڵگەیەدا كەسایەتیی و زانائاینیەكان خاوەنی پایەو ڕێزێكی كۆمەڵایەتین و لای هاوڵاتیانیش هەر بەوشێوەیە ناسراون و دەردەكەون.

دەركەوتنی ئەم كەسایەتیە ئاینی و زانا و بانگخوازانە زۆر جار وادەكات، هیزو لایەنە سیاسیەكان بیرلەوە بكەنەوە كە پێگەی كۆمەڵایەتی بەشێك لەو كەسایەتیە ئاینیانە بۆخۆیان و زیادتر كردنی دەنگەكانیان بەتایبەت لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بەكار بهێنن، ئەمەش زۆرجار وادەكات ئەوكەسانەی كە وەك پێویست توانای كاری سیاسیان نیەو تەنها كاری ئاینی و بانگخوازیان كردووە، بچنە نێیو گەمە سیاسیەكانەوە و تێكەڵ بكرێن، ئەوەش وادەكات مامۆستایان و زانایانی ئاینی، لە وتاری ئاینی و ناومزگەوتەكانەوە بەرەو  وتاری سیاسی و ناو بارەگا و پەرلەمان هەنگاو بنێن.
بەڵام ئایا ئەم تێكەڵبوونەوەی زانایانی ئایینی بە سیاسەتی حزب و لایەنەكان، كاریگەری و پێگەی كۆمەڵایەتیان لاواز دەكات یان بە پێچەوانەوە بە گەیشتنیان بە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان و بەدەستهێنانی پلەی پەرلەمانتاری و تێكەڵبوونیان بە سیاسەتی ئێستای حزبەكان، پێگە و رێزی كۆمەڵایەتی و كاریگەرییان لاواز دەبێت.

محمد ئەحمەد مامۆستاوزانای ئاینی لەو بارەیەوە بەدەنگی كوری راگەیاند:" بێگوومان لەئێستادا هێز و لایەنە سیاسیەكان لە برسی كردن و ئازاردانی هاولاتیانی هەرێمی كوردستان نەوەستان و ئێستاش بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانیان لەهەوڵی كاندیدكردنی مامۆستایانی ئاینیدان كە بەداخەوە ئەمەش وێنای مامۆستایان و زانایانی ئایینی لەلای هاوڵاتیانی بەش مەینتی هەرێمی كوردستان ناشرین دەكات، چونكە لایەنە سیاسیەكان لە خەمخۆریان نیە بۆ مامۆستایانی ئاینی كە كاندیدیان دەكەن و تەكلیفی ئەو كارەیان لێدەكەن، بەڵكو ئەوە تەنها سیاسەتێكە پەیڕەوی دەكەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەست و سۆزی  خەڵكی و بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بۆ لیست و حزبەكەیان".

مامۆستا محەمەد ئەوەیشی وت:" داوا لەو مامۆستا ئاینیانە دەكەم هەرچۆنێك بێت بكشێنەوە لەوەی كە خۆیان كاندید كردووە بۆ ئەوەی نەبنە هۆكاری ئەوەی لەبەر ئەوان، تەواوی مامۆستایان و زانایانی ئاینی عەیبدار و ناشرین بكرێن".

 بە پێچەوانەی ئەو بۆچونەوە ئاوات نقشبەندی كە یەكێكە لەو مامۆستا ئاینیانەی كاندیدە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەنگی كورد دەڵێت:"زانایانی ئایینی هەڵقوڵاوی ناو ناخی ئەم كۆمەڵگە كوردییەن، وە كۆمەڵگەی كوردی چاك ئەزانێت زانایان ئەگەر وەك هەر مرۆڤێكی تر هەڵەشیان هەبێت هەڵەكەیان زەق و ڕەق نیە ، بۆیە حورمەتی مەلا، لای گەلی كورد بەگشتیی زۆر تایبەتە، چونكە قەدری زێڕ لای زێڕنگەرەو كورد خاوەنی قەدرو حورمەتە بۆیە حورمەتی تایبەتی مەلا و زانایانی ئایینی دەگرێت".

ئاوات نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشكرد" لایەنە سیاسیەكان بە هەر نیەتێك هەبێت مەلا و كەسایەتیە ئایینیەكان كاندید دەكەن ، هەر لەیەكەمین جار لایەنە چەپەكان ناوی مەلایان بەكارهێنا بۆ راكێشانی سەرنجی گوندنشینانی كورد ، پاشان لایەنە نەتەوەییەكان پێكهاتەی سەرەكیان مەلا بوو ، دواتر لایەنە ئیسلامیەكان سەركردایەتی دەكران لەلایەن مەلاكانەوە بۆیە مەلا و زانای ئایینی، لە شۆڕشی كورد هەمیشە بەشێكی سەرەكی بووە، بەڵام ئێستا دەبینین هەندێ لایەن ئەزانن مەلاكان دەنگ و ڕەنگی میللەتن وە خاوەنی جەماوەرێكی تایبەت و گرنگن بۆیە  تەكلیفیان لێدەكەن و بۆ هەڵبژاردن كاندیدیان دەكەن".

هاوكات بە رای ژمارەیەك لە چاودێرانی دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان "ئەگەر مامۆستایەكی ئایینی باكگراوندی سیاسی نەبێت ئەوا باش ناكات كاندیدی هێز و لایەنەكان قبوڵ بكات، چونكە نەبونی ئەزمونی سیاسی ئەوكەسە وادەكات لە پرۆسەكە سەركەوتوو نەبێت و وەك پێویست نەتوانێت ئەدای كارەكانی بكات، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەگەر باكگراوندی سیاسی و خاوەن ئەزمونێكی باش بێت ئەوا دەتوانێت زۆر بە بەهێزی سەركەوتوو بێت".

مەریوان نەقشبەندی كە ماوەی 25 ساڵە لەناوناوەندە ئاینیەكاندا كار دەكات و لە تەواوی ئایینەكان شارەزاییەكی تەواوی هەیە، لەسەر ئەو تەوەرە بەدەنگی كوردی راگەیاند: " مامۆستایانی ئایینی وەك هەر كەسێكی دیكە مافی ئەوەی هەیە خۆی كاندید بكات، بەڵام ئەوەی من لە كوردستان دەیبینم بەهۆی نەبونی بەرنامەیەك لەلایەن هێزو لایەنەكانەوە كە قەناعەت بە خەڵكی كوردستان بكەن، لە ئێستادا حزبەكان پەنایان بردوە بۆ كاندیدكردنی مامۆستایان و كەسایەتیە ئاینیەكان، بەڵام ڕەنگە مامۆستایانی ئایینی خۆیشیان دەركیان بەوە كردبێ تەنها بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بەكاریان دەهێنن، كاتێكش دەچنە نێو پەڕلەمان  كاریگەرییان لەسەر جەماوەركەم دەبێتەوەو كاریگەرییان وەك پێشووتر نامێنێت".

مەریوان نەقشبەندی ئەوەیشی خستەڕو:" بەداخەوە هەموو حزبەكان پەنا بۆ مامۆستا و زانایانی ئاینی دەبەن، تەنانەت وایكردووە بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی تەشهیر دەكەن و من بەڵگەشم لایە، وە كاری سەرەكەی مامۆستایانی ئاینی لە مینبەرەكانەوەیە و لەوێوە زیاتر دەتوانن كاریگەر بن."

بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی مانگی 5 بەڕێوە بچێت، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا هەڵمەتی بانگەشەی  هەڵبژاردنەكان دەستپی بكات و هاوشانی كاندیدەكانی دیكەش هەر لیست و قەوارەیەك چەند مامۆستایانی ئاینییان كاندیدكردووە بۆ ئەوەی بتوانن متمانە و دەنگی هاولاتیان بەدەست بهێنن.

خالد كاوە

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *