راپۆرتکوردستانهەواڵی

ئایا هاوڵاتیان لەم بارودۆخەدا متمانەیان بە هەڵبژاردن و لیست و لایەنەكان ماوە ؟

دەنگی كورد – خالد كاوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە 14ی ئەم مانگە لە عێراق و 15ی مانگ لە هەرێمی كوردستان دەست پێ بكات، قەوارە و لیست و لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارەو، کاندیدەکانیان بە دروشمەكانیان و پۆستەر و ڕیکلامەكانیان، هەروەها هەوڵدانیان بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندەیە کۆمەڵایەتیەکان سەرقاڵ بوون، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە لەڕابردوو، چونكە بەشێک لە هاوڵاتیان و چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان ئەم كارانەی لیست و قەوارە و لایەنە سیاسیەكان، تەنها بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکان دەزانن و ئاماژە بەوەدەكەن"چەندین ساڵە ئەوانەی سەركەوتنیان بەدەستهێناوە و گەیشتونەتە پەرلەمانی بەغدا، سەرقاڵی کاری سیاسی و دیپلۆماسی نەبوون، ئەوەندەی سەرقاڵی ململانێ بوون لەگەڵ یەکتریدا".
 
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژی 12ی مانگی داهاتوو بەڕێودەچێت و لایەنە بەشدارەكانی ئەم هەڵبژاردنە وكاندیدەکانیان بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی خەڵک و کۆکردنەوەی دەنگ، لەم كاتانەدا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان توندوتۆڵ و فراوانتر دەکەن، بەڵام ئەوەی پرسیارە ئەوەیە ( ئایا هاوڵاتیان دوای ئەو هەموو دۆخەی بەسەر هەرێمدا هێنراوە متمانەیان پرۆسەی هەڵبژاردن و لیست و لایەنە بەشدارەكانی ماوە) ؟
 
چونكە ئەم پرۆسەیە لەکاتێکدایە كێشەكانی هەرێمی کوردستان و بەغداد چەندین ساڵە نەتوانراوە چارەسەر بكرێن و تا ئێستاش کێشە یاسایی و دەستووریی و نەتەوەیییەكان و ناوچەدابڕێندراوەكان هەیەو وەك خۆی و بێ چارەسەر ماوەتەوە، بەڵام بەڕای چاودێرانی سیاسیی، لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرەکانیشیان ئەوەندەی لەخەمی حزبەکانیاندا بوون، نیو ئەوەندە لە خەمی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداد نەبوون.
 
محمد حاجی  مامۆستای زانکۆ لەسەر ئەو پرس و تەوەرە بە دەنگی کوردی راگەیاند: " دەبێت لایەنە سیاسیەکان ئەوە بزانن کە بارودۆخیکی ناهەموارو ناتەندروستیان بەرهەم هێناوە، بۆیە بڕوا ناکەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش ئەوەندە نالۆژیکی بن و بیرلەوەبكەنەوە جارێكی تر، دەنگ بەو لایەنە سیاسیانە و کاندیدەکانیان بدەنەوە، چونکە ئەوان جگە لەبەرهەمهێنانی ئاڵۆزیی وخوڵقاندنی كێشە بۆ هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە هیج شتێکی دیکە بکەن، بۆیە لایەنەکان لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا لە بردنی هەست وسۆزی دەنگدەراندا شارەزان، بەڵام هەرچەند وریاو شارەزاش بن، هەرگیز ناتوانن متمانە سروشتیەکە بەدەست بهێننەوە، وە داواش لەخەڵکی دەکەم متمانە بەم لایەنە سیاسیانە نەکەنەوە".
 
هاوكات سایە عەبدوڵا ڕۆژنامەنووس تایبەت بە دەنگی کورد وتی:"لایەنە سیاسیەکان فەزاو دۆخێكی وایان خولقاندووە بە هیچ جۆرێک بڕوایان پێ ناکرێت و ، بەڵێنی ناڕاست و کەمتەرخەمی و بێ باکی لایەنە سیاسیەکان و کاندیدە هەڵبژێردراوەکان فاکتەریی سەرەکی بووە بۆ نەمانی متمانەی هاوڵاتیان لەم قۆناخەدا".
هەروەها وتیشی:"هەڵگیرساندنی شەڕو ئاژاوە لەنێوان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەپێناو سواڵکردنی دەنگدا هیچیان نەهێشتۆتەوە بەناوی پڕەنسیپە ئینسانی و مرۆڤ دۆستیەکاندا، هەروەها لادانی ئاڕاستەی جێگیری کۆمەڵگەو بەرەو داڕمان و نا چالاک بوون، دەستووری سەرەکی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەستەمە دووبارە وەک ساڵانی ڕابردوو هاوڵاتیان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بەشان و باڵی لایەنەسیاسیەکاندا هەڵبدەن".
 
لایەنە سیاسیەکان و کاندیدەکانیان لەو بارەیەوە جیاواز دەدەوێن و پێیان وایە زۆربەی ئەو هاوڵاتیانەی کە متمانەیان پێیان نیە پێدەجێت، بەهۆی گومانیان لە سیستمە سیاسیەکە بێت، یاخود بەهۆی ئەنجامدانی ساختەکاریی ئومێدیان نەماوەو پڕۆسەکەیان بە پاک و بێگەرد نەزانیوە، بۆیە بە وتەی خۆیان هەوڵی جدییان بۆ گۆڕینی ئەم سیستمە دەبێت.
 
ڕێبوار محەمەد کاندید لە لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو بارەوە بە دەنگی کوردی راگەیاند: " نزیکەی دوومانگە خەڵک دەبینم خەڵک متمانەی وەك پێویست نەماوە و داوای ژیان دەکات، بەڵام دەبێت وریا بێت ئێمە زۆرترسۆزوعاتیفە کارمان تێدەکات بەڵام لەوانەیە لە کوتاییدا پشت لەحزبەکەی نەکات،چونكە لەڕابردویشدا بزووتنەوەی گۆڕانیان تاقیکردۆتەوەو لەچاوی گۆڕانەوە سەیری ئەم هێزانە دەکەن و پێیان وایە وەک یەکن، کە ئەمەش خوێندنەوەیەکی هەڵەیە".
 
هەر لەوبارەیەوە ئەرسەلان سەید زادە کاندید لە لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری به پێچەوانەی بۆچونەکانی دیکە بۆ دەنگی کورد وتی:" پارتەکانی دەسەڵات ئەوەندە دۆخ و گوزەرانێکی ناخۆشیان پێشکەشی کۆمەڵگای کوردیی کردوە کەهاوڵاتی هیچ متمانەیەکی بەم دەسەڵاتە نەماوە بەڵام هاوڵاتی ئەم هەرێمەی ئێمە هاوڵاتیەکی وشیار و بەئاگایە، وە ڕۆژی هەڵبژاردن دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بۆ ئەوەی سزای ئەولایەنانە بدات کە ئەم هەرێمەیان بەم دۆخە گەیاندووەو دەنگ بەولایەنانە دەدات کەدەبنە هیوایەک بۆ داهاتوی ئەم هەرێمە لەپێناوی سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسی".
 
هاوكات شارەزایانی بواری زانستە سیاسیەکان بەچەند تیۆڕێک هۆکارەکانی دەنگ نەدانی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە خستووەتەڕوو، نەبونی هەستی بەرپرسیارێتی و ترسان لە دووبارە بە فێڕۆدانی دەنگیان بە لایەن وکاندیدی ناشایستە، دووبارەکردنەوەی ئەزموونەکانی ڕابردوو کە پێیان وایە هیچ لایەنێک و کاندیدێک باشترکردنی سیستمی سیاسی و چاککردنی گۆزەرانی خەڵک بە ئەرک و بەرپرسیارێتی نازانێت.
 
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سیستمە سیاسیەی لەهەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت و لەڕێگەی تێگەشتن لەو ژینگەیەی تاکی کوردی تێدا پەروەردە کراوە، پێمان دەڵێن هاوڵاتیان بەشێوەکی کەمتر ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن و بەشدارییەكی كەمی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەن.
 
بەڵام وەڵامی تەواوەتی ئەم پرسیارە لە رۆژی 12ی مانگی داهاتوو دەدرێتەوە و دەزانرێت كە ئایا هاوڵاتیان هێشتا متمانەیان بە هەڵبژاردن و دەنگدان مابێت یان نا.
 
زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *