راپۆرتکوردستانهەواڵی

پرۆسەی ئەنفال دوای 30 ساڵ بە لوتكەی كۆمەڵكوژی كورد دادەنرێت

ئەنفال بۆ کورد بیرخەرەوەی هەزاران چیرۆکی مردن و گۆڕی بە کۆمەڵ و بە زۆر ڕاگواستنەو بە لوتکەی کۆمەڵکوژی کورد دادەنرێت، بەپێی ئامارەکان كە بڵاوكراونەتەوە لە پڕۆسەی شاڵاوەکانی ئەنفالدا ١٨٢ هەزار کورد شەهید و بێ سەروشوێن کراون، نزیکەی چوار هەزار گوند و چوار قەزا و ٣٠ ناحیە وێرانبوون و هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن سەر مەڕوماڵاتیش بە تاڵان بران.

شاڵاوەکانی ئەنفال لە هەشت قۆناغدا ئەنجامدران..

قۆناغی یەکەمی ئەنفال:

 ڕۆژی ١٨ی شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و ماوەی مانگێکی خایاند، لە نۆ قۆڵەوە هێرشکرایە سەرگوندەکانی دۆڵی جافایەتی، گوندەکانی سنووری قەزا و ناحیەکانی دوکان، بنگرد، چوارتا و قەڵاچوالان و سەرچنار سورداش.

نزیکەی ١٥٠ گوند لەم قۆناغەدا بەر شاڵاوەکە کەوتن، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی ئەنفال لاوازکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو کە ئەوکات بەشێک لە بنکەکانی سەرکردایەتی و هێزەکانی یەکێتی لە دۆڵی جافایەتی و سەرگەڵو بوون و بە وتەی نەوشیروان مستەفا نزیکەی ٦٠٠ پێشمەرگە لەو هێرشانەدا شەهید و بریندار بوون.

قۆناغی یەکی ئەنفال لەلایەن سوڵتان هاشم ئەحمەدە وە سەرکرایەتی کرا و ٢٠ لیوای سوپای عێراق و ٣٠ فەوجی سەر بە حەرەس جمهوری و ٧٠ فەوجی جاش بەشداریان لە شاڵاوەکەدا کرد.

قۆناغی دووەمی ئەنفال:

ئەم قۆناغە ڕۆژی ٢٢ی ئازاری ١٩٨٨ دەستی پێکرد و لە حەوت قۆڵەوە ‌هێرشکرایە سەر ناوچەکانی قەرەداغ، سەنگاو ، بازیان، عەربەت، زەڕایەن و نەسر و دەربەندیخان،  فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکەش ئەیاد خەلیل زەکی فەرماندەی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی عێراق بوو.

لەم شاڵاوەی ئەنفالدا لە ناوچەی سێوسنان چەکی کیمیایی بەکارهات و زۆربەی گوندەکانی ئەو ناوچانەی بەر شاڵاوەکە کەوتن و وێرانبوون.

جگە لە لیوا و تیپەکانی سوپای عێراق، ٧٧ فەوجی جاشیش بەشداری شاڵاوەکەیان کرد و ڕۆژی دووی نیسان کۆتایی بە قۆناغەکە هات.

قۆناغی سێی ئەنفال:

کە بە ئەنفالی گەرمیان یان ئەنفالە ڕەشەکە ناسراوە و قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو، رۆژی ٧ی نیسان دەستی پێکرد و هەموو ناوچەکانی چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، قادر کەرەم، دوز، بێباز و تیلەکۆ و لەیلانی گرتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ گوند و چوار ناحیە وێرانبوون.

ڕۆژی ١٤ی نیسان ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەرەو چاڵەکانی مەرگ و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بران، هەر بۆیە ئەو رۆژە دواتر لەساڵی ٢٠٠٧دا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە رۆژی ئەنفال دیاریکرا.

قۆناغی چواری ئەنفال:

لە ڕۆژی ٣ی ئایاری ١٩٨٨ دەستی پێکرد و تا ١٥ی ئایاری خایاند، گوندەکانی ناوچەکانی کەرکوک، پردێ، تەقتەق، شوان، تەکیە، کۆیە، شێخ بزێنی، ئاغجەلەر، دێگەڵە و دەشتی هەولێری گرتەوە.

لەم قۆناغەدا گۆپتەپە، عەسکەر، مەیلە، سەرچما، شێخان، کەڵەشێر، چەمی رێزان کیمیاباران کران، جگە لە سوپای عێراق ٥٥ فەوجی جاشیش بەشداریان لە شاڵاوەکەدا کردوە و هێرشەکانیش لە هەشت قۆڵەوە ئەنجام دراون.

قۆناغەکانی پێنج و شەش و حەوتی ئەنفال:

ئەم سێ قۆناغە لە ڕۆژی ١٥ ئایاری ١٩٨٨ دەستی پێکردوە و زیاتر لە سێ مانگی خایاندوە.

لەم سێ قۆناغەدا ناوچەکانی پردێی هەولێر، مەسیف، شەقڵاوە، هیران، دۆڵی نازەنین، هەریر، خەلیفان، دۆڵی خۆشناوەتی، رواندز، سۆران، دۆڵی وەرتێ، دۆڵی خانەقا، چۆمان، هیزۆپ، چوارقورنە، ڕانیە و قەڵادزێ و چیای قەندیل بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن.

ئەم قۆناغە لەلایەن عەدنان خەیروڵڵا وەزیری بەرگری و عەلی حەسەن مەجید و نزار خەزرەجییەوە سەرپەرشتی کراوە و جگە لە هێزەکانی سوپای عێراق ٤٥ فەوجی جاشیش بەشداریان تێدا کردوە.

قۆناغی هەشتەمی ئەنفال:

دواین قۆناغی ئەنفال ڕۆژی ٢٦ی ئابی ١٩٨٨ لە ناوچەی بادینان دەستی پێکرد و تا ٦ی ئایلول بەردەوام بوو، ئەم قۆناغە ناوچەکانی  ئامێدی، ئەتروش، ئیمینکی، باتوفە، زاخۆ، زاوێتە، زێوە، دێرەلۆک و کانی ماسی گرتەوە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *