بیروڕا

ئەنفالکردنی کورد سەردەم نازانێ!

سەروەت تۆفیق

جینۆساید لە ڕووی زمانەوانییەوە

دەستەواژەی جینۆساید (genocide) لە دوو بڕگە پێکهاتووە؛ یەکەمیان (geno) بە مانای ڕەگەز؛ یان خێزان؛ یاخود رەچەڵەک دێت. دووەمیان (cide) بە مانای لەناوبردن؛ یان فەوتاندن و کوشتن دێت. واتە بەلکاندنی هەردوو بڕگەکە واتە (لەناوبردنی ڕەگەزی) دێت.

بە واتا ئاینییەکەشی (ئەنفال) وشەیەکی عەرەبییە بە واتای دەستکەوت (غەنیمە) دێت. واتە (تاڵانیی جەنگ).

مێژوویەکی کورتی ئەنفالکردنی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان

سی ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفلکردنی گەلەکەماندا تێدەپەڕێ؛ کە ڕژێمی بەعسی فاشی لە ماوەی حکومڕانی خۆیدا لەساڵی ۱۹٦۸ بە بەردەوامی ئەوەی لەدەستی هاتبێ بۆ لەناوبردن و کاولکردن؛ سوتاندن و قڕکردن؛ ڕاگواستنی تاکی کوردو سڕینەوەی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان درێخی نەکردووە؛ دواجار لە رێکەوتی ۲۹ ئازاری ساڵی ۱۹۸۷ ئەنجومەنی بەناو سەرکردایەتی شۆڕش کە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاربوو لە عێراق؛ کە (سەدام حسێن)ی دیکتاتۆر سەرۆکایەتی وڵات و ئەم ئەنجومەنەی دەکرد؛ بڕیاری (۱٦۰)ی دەرکرد؛ بەپێی ئەم بڕیارە ئەنفال بە هەشت قۆناغی یەک بەدوای یەکدا لە کوردستانی باشور ئەنجامدرا. کەتێیدا (٤۰۰۰) گوند؛ ٤ قەزا؛ (۳۰) ناحیە؛ (۳۱۰۰) مزگەوت؛ (۱۰۰) کڵێسا خاپوورکرا؛ لەم ئەنجامی تاوانی جینۆسایدەوە ۱۸۲ هەزار مرۆڤی کوردی بێتاوان زیندەبەچاڵکران و بوونە قوربانی.

جگە لەوە لە ڕووی ئاژەڵدارییەوە بووە هۆی بەتاڵانبردنی زیاتر لە دوو ملیۆن سەر مەڕوماڵات و ئاژەڵ. لەلایەکی ترەوە کارەساتێکی ژینگەی گەورەبوو، کە بووە هۆی شێواندنی ڕوواڵەتی ئاژەڵداری و لەناوبردنی رووبەرێکی بەرفراوان لە باخ و ڕەز و چەم و چنار کە بەهۆیەوە هاوسەنگیی ژینگەیی لاسەنگ بوو؛ هەروەها زیاتر لە (۱۵ ملیۆن مین) لە ناوچە گوندنشینەکان لە کوردستان مینڕێژ کرا.

هەموو ئەو تاوانانە تەنها لەپێناو ئەوەدا بوو؛ کە کورد لەم بەشەی کوردستان کە لە ئەنجامی غەدرێکی گەورەی مێژووی و رێککەوتنی وڵاتانی زلهێزی دوای جەنگی جیهانی یەکەم لێکێندرا بە دەوڵەتێکی نوێ بەناوی عێراقەوە. بۆیە هەمیشە دەسەڵاتدارانی عێراق؛ تەنها عێراقێکی عەرەبییان ویستووە؛ چونکە ئەوەی لە دەسەڵاتدا بووە نەیتوانیوە مافی تەواوەتیی نەتەوەکانی دیکەی ناو ئەو وڵاتە بدات. بۆیە هەموو هەوڵێکیان ئەوەبووە کە نەتەوەی کورد قڕبکەن و بیسڕنەوە.

ئەم مێژووە کورتە پڕ مەینەتییەی ئێمەیە؛ پێویستە تا تاکێکی کورد مابێ لەبەری بێ؛ چونکە ناکرێ کەس ئەم ئازارو ناخۆشیانەی گەلەکەی خۆی لەیاد بچێ و بگرە دەبێ نەوە دوای نەوە تێبگەیەندرێت کە چ زوڵم و ناعەدالەتی و کوشتین و بڕین و زیندانی و ئەشکەنجەیەکیان بەرامبەر کردووین. هەرجارەو بەبیانوو هۆکارێک بچوکترین دەرفەتیان لەدەست نەداوە؛ بۆئەوەی قەتڵوعامی ئەم نەتەوەیەمان بکەن. هەموو موڵک و ماڵێکی ئەم نەتەوەیەیان بە حەڵاڵ زانیوە. جا ئەمە سەردەم و کاتی بۆ نەبووە؛ هەرکات دەرفەتەکە لەباربێت چی ئاسانە بۆئەوان کوشتن و بڕینی کورد؛ چونکە هەمیشە و لەهەموو سەردەمەکاندا هێز بڕیاڕدەر بووە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەبەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی گەورە چاوپۆشی لە قەتڵوعام و قوربانیدانەکانی کورد کردووە.

لەم بەرئەنجامەوە دەبێ تێبگەین کە بۆئێمەی کوردی باشوور لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق. لە دوای ماددەی (۱٤۰) ی دەستووری عێراق؛ مەسەلەی جینۆسایدی ئەنفالەکان؛ بەرزانییەکان؛ کوردانی فەیلی؛ خاپورکردنی شاری سەیدسادق؛ پشدەر؛ هەموو ئەو شوێنانەی تر بە کیمیابارانکردنی شارو ناوچە جیاجیاکان و شەنگالەوە گرنگترین بابەتی ئێمەن؛ هەرچەندە بڕیاری دادگای ناوخۆی بۆ زۆرێک لەو تاوانانە دەرچووەو تەسدیق کراوە؛ بەڵام تائێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە؛ چونکە گرفتە یاساییەکە ئەوەیە کە عێراق نەبۆتە ئەندام لە دادگایی تاوانەکانی نێودەوڵەتی. بۆیە ئەو دادگایە تائێستا تەحقیقی تێدانەکردووە. بۆیە پێویستە فشار بخرێتە سەر عێراق تاببێتە ئەندام لەو دادگایە.

حکومەتەکان و بیری دەسەڵاتدارێتیی فاشستییانە

گەر بەعس بزاوتێکی تێکەڵە بووبێ لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و دین و کەلتووری فاشی؛ یان هەر بۆخۆی بیر و بڕوایەک بووبێ کە بەدەر بووبێ لە هەموو مۆڕاڵێک. ئەی چ پێناسەیەک بکرێت بۆ دەسەڵاتی سوریا کە حاڵی کوردانی ئەو پارچەیەش لە باشوور باشتر نەبووە؛ بەو دەلیلەی کە زۆرینەی هاووڵاتیی کوردی ئەو وڵاتە تەنانەت رەگەزنامەیان بە زۆر زانیوە بیاندرێتێ و هەرجارە و بە بیانوویەک لەو مافەیان بێبەشیان کردوون؛ ئەوە حاڵی کوردانی باکوور و ڕۆژهەڵایش لەولاوە بوەستێ کە مەمرە و بژی لەگەڵیان هەڵسوکەوت کراوە. دەسەڵاتدارێتی لە عێراقی ئێستادا لە حاڵی بەهێزبوونی دنیابینیی ئەوانیش شتێکی عەجیب و غەریب تر نابێ لەو دەوڵەتانی چاودەورمان؛ بەتایبەت گەرچاوی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایان لەسەرنەبێ.

واتە دەبینین کە بیروبۆچوونی فاشیستی هەمیشە ترسی نەمانی دەسەڵاتی خۆیان هەیە. نەک تەنها بەرامبەر بە نەتەوەیەکی تر؛ بەڵکو ئەم بەردەوام ترسە بۆخۆشیان بووە. ئەوە جیا لەوەی کە هەر رۆژەی لەسەر بیروبۆچونێکی فکری و دینی گەمەیان بۆ مانەوە کردووە. هەر چرکەیەک پێویستی بە چ جۆرە فکرەیەک بووبێ ئەوا سۆسیالیستی و ناسیۆنالیستی و پیاوانی ئاینی عەیارە نایاب بوون. یان دیموکراتخوازو مەزهەبی و پاوانخواز و ناسیۆنالسیتی بوون. جا دەکرێ سەرنج لەم بیرکردنەوەیە بدەین؛ کە دەوڵەتانی فەرمانڕەوا کە کوردیان لەژێر دەستبووە؛ هەرجارەو جۆرێک کوردیان نەویستووە؛ چونکە راستی و حەقیقەت ئەوەیە کە کورد نە عەرەب؛ نە تورک؛ نە فارس بووە. لەمەوە نەک بە پلە یەک؛ بەڵکو بە پلە دوو و سێ قبوڵ نەبووە؛ بگرە ئێمەیان هەر لەلا زیادبووە؛ چونکە ئەقڵیەتی فاشیستی و تاکڕەوی ڕەفزی هەموو شێک دەکات؛ جگەلە خۆی. لەبەرئەوە بڕوایان وایە کە ئەوان رێچکەی مێژوویان گۆڕیوە؛ گەر ئەوان نەبن هیچ شتێک مانای نابێ؛ رێک ئەم بیرکردنەوەیە واتە لەپێناو خۆم هەر شتێک بێتە بەردەمم ئەوا هەموو شتێک تێکوپێک دەدەم؛ چونکە من ئەزەلیم و نا کۆتام. هەموو شێک لەپێناوی فکرەو دەسەڵاتی خۆم. ئەم بیرکردنەوەیە وادەکا کە بێ نرخترین بوونێک کە هەبێ مرۆڤبوون و مرۆڤ بێ. رێک مەعریفەی ئەو هێز و حکومەتانە ئاوا بووە. بۆیە بەردەوام ناوچەکە ئارامی نەبینیوە.

جا نەگبەتیی کورد لەوەدایە کە ئەم ناوچەیە داینەمۆی ئەم بیروبۆچوونەیە. چەند ئاڕاستەی جیهان بگۆڕدرێ و پێشکەوتن بێتەدی ئەم بیرکردنەوەیە لەلای خەڵکانێکی بەدەسەڵاتی ئەم گەلانی ناوچەیە وابووە؛ گەر وانەبێ چۆن و بە چ پێوەرێک ڕووداوەکانی شەنگال و کۆبانێ و عەفرین روو دەدەن. یان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ دەبێ لە بەرامبەر ئەم کارەساتانە؛ یان ئەوەیە ئەوان خۆیان رەنگڕێژی جوگرافیاکەیان کردووە؛ لەوسەری هەموو شتێکەوە هاتوونەتەوەو نایانەوێ بەتێکدانی ناوچەو دوبارە بونیادنانەوەی بەرژەوەندییە زۆرو زەوەندەکانیان تێکبچێ. راستە قازانجی ئەوانی لەم ناسەقامگیرییەدایە؛ بەڵام زەرەری ئێمە لە هەردووکیاندایە؛ تێکبچێ ناوچەکە بەئاسانتر دەتوانن قەتڵوعامان بکەن؛ بەهێزتریش بن ئەوا ئاسانتر دەتوانن ئەوەی دەیانەوێ بەرامبەر کوردی بکەن؛ چونکە کورد دەوڵەتی نییە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *