کوردستانهەواڵی

راگەیاندراوێك لە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیەوە

لەم هەڵبژاردنەشدا لە هەڵە و كەم و كوڕییەكانمان دەبورن

دەنگی كورد

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە شاری هەولێر بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوەوە، كەمێك لەمەوپێش لەسەر ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە راگەیاندراوێكیان بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوەكراوە، نە پلە و پایەی بەغدا لە خشتەی بردین و نە كێشەكانی كوردستانیش، هەڵیدێراوین و رەخنە لەناو هەڵەكانمان لە حكومەت و لە كێشمە كێشەكانی ناو یەكێتی دەگرین، بەڵام دڵنیاین یەكێتیە پەرۆشەكان بەشانازیەوە دەست بەئاڵای سەوزی یەكێتیەوە دەگرن.

 

ئەمەش دەقی راگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیە ………………….

 

جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان لە هەلومەرجێكدا، ناوچەكە لەدۆخی پێكدادانێكی تری دوای سەركەوتنی شەڕی بەرەییە بەسەر داعشدا، هاوكات لە یەكەمین رۆژی هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەسەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی بەئامادەبوونی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەرپرسی زانیاری و جێگری سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەند، كۆبوونەوەی بۆ هەڵسەنگاندن و پەسندی بڕیارو بەرنامەكانی هەڵبژاردن سازكرد. لە كۆبوونەوەكەدا، راپۆرتی دەزگای هەڵبژاردن و هەڵمەتی راگەیاندنی هەڵبژاردن لەلایەن بەرپرسی مەكتەب ڕاگەیەندرا.

گفتوگۆیەكی هەڤاڵانەیان لەسەركرا، دوای بۆچوونەكان و رەخنەكان، لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، دەزگای هەڵبژاردن و مەكتەبی راگەیاندن و لیستی بازنەكانی هەڵبژاردن ڕاسپێردران، گەرم و گوڕ، بڕیارو بەرنامەكان جێبەجێ بكەن. كۆبوونەوە پێی وایە سیاسەت و بەرنامەی هەڵبژاردن… بۆ ناو عێراق و لەناو عێراقیشدا، بۆمافە زەوتكراوەكانی گەلە ستەم دیدەكەمانە كە (11) ساڵە، لە لایەن حكومەتەكانی دوای روخاندنی سەدامەوە، دەستی بەدەستی پێ دەكرێ، لەجێبەجێنەكردنی مادەی (140) و دوای (15) ساڵ لە روخاندنی ڕژێمی بەعس، تازە بەتازە بودجەی كوردستان كەم دەكرێتەوە و هێشتا چەكداركردنی هێزی پێشمەرگە یەك لەسەر سەدی حەشدی شەعبی تازە دامەزرێنراو نییە. تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانیش بڕ بڕ دەدرێت.

ئەمە جگە لەوەی دۆخی كەركوك، شنگال، سەعدیە، مەندەلی، دووزخورماتوو، جەلەولاو خانەقین، دۆخێكی نەخوازراوە و هاوڵاتیانی ئەو شارانە نیگەرانن و هەوڵێكی تایفەگەریش دەدرێ، ناكۆكییەكانی كوردو توركمان و عەرەب، ناكۆكییەكانی نێوان ئێزیدی و شیعە و سوننە قووڵتر و پەراوێز خستنی ئاینزاكانی تر، زیاتر بكرێ. سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارەو قەیرانە ئابووری و گوزەرانە سەختەی خەڵك، یەكێتی پێی وایە كێشەی كورد، هێندە ڕەوایە و مافەكانیشی بەشێوەیەك پێشێڵ كراوە، هیچ كوردێكی بەویژدان نییە، ئێستاش لە باشووری كوردستاندا داكۆكی لە مافە دیموكراسی و پیشەیی و یاساییەكان نەكات. هەروەكو هەموو كوردێكی ئازادیخواز، لەبەشەكانی تری كوردستانیشدا سەرەڕای تێكچوونی دۆخی ناوچەكە، سوورە لەسەر مافە ڕەواو دیموكراسییەكان. جەماوەری كۆڵنەدەر یەكێتی باش دەزانێ قەیران و پاشەكەوتی مووچە، فشارێكی زۆری خستۆتەسەر مووچەخۆر. گەرچی دوا دەستكاری پاشەكەوتی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە مایەی دەستخۆشیە، بەڵام چارەسەركردنی تەواوی كێشەی پاشەكەوتی مووچە ئەركمانە و لەپێناویدا درێخی ناكەین. دڵنیاشین، بەرە بەرە قەیرانی ئابووری كوردستان، كە هاوكاتی قەیرانی ئابووری جیهان و ناوچەكە و داشكانی بەهای نەوت سەری هەڵدا، دڵنیاین ئاسۆی چارەسەریان دەركەوتووە.

یەكێتی، هێزێكی تاقی كراوی مەیدانەكانی خەباتە لە شاخ و شارو لە حكومەت و خەباتی مەدەنیشدا. ئێمە هێزێك نین لەشاخ و شاردا، هەڵپەرست بووبین، بەڵكو بەرپرسیاریەتی سەرشانمان، زۆرتر لە دۆخە سەختەكاندا ڕادەپەرێنین، بۆیە لەكارەساتەكانی شۆڕشدا، چۆكمان دانەدا، لە پیلانەكانی ناوخۆو ئەركەكانی حوكمڕانی و قەیرانەكانیشدا، خۆمان لەتێكۆشان و رەخنە و هەڵوێست نەدزیەوە. نە پلە و پایەی بەغداد لە خشتەی بردین و نە كێشەكانی كوردستانیش، هەڵیدێراوین. لەو ئەزموونانەو بەم رۆحیەتەوە مامی گەورەمان لە سیاسەتدا گەورەی كردین و ئێستاش مەزارگاكەی قەڵای ورە و پەیمانی هەتاسەرمانە. گەلی كوردستانمان سەركردایەتی یەكێتی جارێكی تر لەم هەڵبژاردنەدا، لەكاتێكدا رەخنە لەناو هەڵەكانمان لە حكومەت و لە كێشمە كێشەكانی ناو یەكێتی دەگرین، بەڵام دڵنیاین یەكێتیە پەرۆشەكان بەشانازیەوە دەست بەئاڵای سەوزی یەكێتیەوە دەگرن، چونكە دەزانن:

یەكەم: یەكێتی دەست بەرداری ستراتیژی دیموكراسی و كوردایەتی نەبووە و ناشبێ.

دووەم: كێشەكان هەڵیان نەدێراین بۆ شەڕی ناوخۆ و دروستكردنی دوو ئیدارە لە كوردستاندا.

سێیەم : راپەڕاندنی ئەركە هاوبەشەكانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشمان، پاراست.

چوارەم: سەربەخۆیی سیاسی یەكێتیمان نەدۆڕاند و سەنگی دیبلۆماسیەتی یەكێتیشمان لە ناوچەكەدا لەدەست نەدا.

پێنجەم: سەرەڕای قەیرانی ئابووری و دژایەتی تاڕادەی دوژمنكارانەمان، بواری خەباتی مەدەنیمان بەرتەسك نەكرد.

شەشەم: كە قەیران سەری هەڵدا، سوور بووین لەسەر مووچەی پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش، كەسوكاری شەهیدان و كەم ئەندامانمان و مووچەخۆران تێكڕا.

حەوتەم: بەرگەی قەیرانەكانمان گرت و ئامادەبووین فشار بخەینە سەر ئۆرگان و ئەندامەكانی یەكێتی، بەڵام رێگەمان نەدا كاری نابەجێ بەرامبەر بازاڕو سەرمایەدار بكرێت.

هەشتەم: دوای ڕووداوە چاوەڕواننەكراوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر، سەرباری پڕوپاگەندە نابەجێكان، بەرگەی لێكەوتەكانی ڕووداوەكانمان گرت، بەڵام دەستبەرداری كەركوك و ناوچەكانی مادەی (140) نەبووین و نابین. لە كۆتاییشدا. .

یەكێتی ئامانجێتی، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە بەشێكی برینەكان ساڕێژ بكات، نەك گەرمی تای هەڵبژاردن، دەسكەوتە مەدەنییەكانیشمان لەدەست بدات. لەم روانگەوە، رێز لەهەموو لیستەكان دەگرین، بەڵام مستیش لە دەروشە دەگەڕێتەوە.

 

جەماوەری خۆڕاگر !

یەكێتییەكەی شۆڕشی نوێ، یەكێتییەكەی مەدرەسەی فرەیی حزبایەتی، یەكێتیەكەی دیموكراسی و نان و ئازدی، یەكێتیەكەی داستانەكانی شەڕەكان و كەژاوەی شەهیدان و خۆڕاگری، یەكێتییەكەی قاڵبوی ئەنفال و كیمیاباران، یەكێتیە رێچشكێنەكەی راپەرین و داهێنەرەكەی فیدرالی و یەكێتیەكەی تێكدانی پیلانەكانی ناوخۆیی و ئیقلیمی، یەكێتیەكەی خاوەن پڕۆژەی گەشەكردنی زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ تەواوی شارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی ئەنفالەكان، یەكێتیەكەی ژیانەوەی هەڵەبجە و قەڵادزێ و پێنجوێن و سەید سادق و چوارتاو (28) ناحیە و (5000) هەزار گوندی خاپووركراو، یەكێتیەكەی دابینكردنی مووچە و ئەرز بۆ كەسوكاری شەهیدان و كەم ئەندامانی سەنگەر. هەر یەكێتی نیشتمانی كوردستانەكەتان دەمێنێتەوە. ئەی جەماوەری پەرۆشی كوردستان… خۆتان دەزانن ئەوە یەكێتی بوو یاسای ئەحواڵی شەخسی گۆڕی و دەستەبەری مافی كرێكاران و خاوەن پرۆژەی سۆسیالە لە پەرلەماندا، ئەو یەكێتییەی هەمواركردنی یاسای سزادانی عێراقی بۆ قەدەغەكردنی كوشتنی ژنان بەناوی شەڕەف و راگرتنی ماددەی (409)، كردە بڕیاری دیموكراسی كوردستانی یەكێتییەكەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و لێبووردنی گشتی. هەروەها بڕیاری هاوتاكردنی ژمارە (19) بۆ یەكخستنی هێزەكانی (70) و( 80 ) زیادكردنی مووچەكانیان و مووچەی پێشمەرگەو ناوخۆ، هاوكات هەمواركردنی یاسای خوێندنی باڵا. ئەمە جگە لەو یەكێتییەی یاسای سندوقی داهاتەكانی نەوت و گاز لە هەرێم.

 

بەڵێ گەلۆ! یەكێتیەكەی پشتوانی مافەكانی بەشەكانی كوردستان و پاڵپشتی كۆبانێ و داواكاری ئاشتی لەباكوور، یەكێتییەكەی چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەم یەكێتیەی مام جەلال و ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەیە، بە دڵنیاییەوە رێگا نادات هیچ كەس و لایەك موزایەدەمان بەسەرەوە بكات، خۆمان هەڵەو كەموكوڕییەكان دەزانین و رەخنەیان لێ دەگرین و نیگەرانی رای گشتی دەڕەوێنینەوە، خۆشمان لە بەرپرسیاریەتی هەڵەی هەموو كابینەكان نادزینەوە، بۆیە دڵنیاین، بەشی زۆری دەنگدەری بەویژدان و ئازادیخواز بەدروشمە بریقەدارەكان فریو ناخۆن، دڵنیاین رەنجدەرانی بیر و بازوو كە مام جەلال هەمیشە خەمخۆریان بوو، مامۆستایان، فەرمانبەران، پارێزەران، پزیشكان، كارمەندانی تەندروستی، پیشەكانی كشتوكاڵی، كەمئەندامان، نابینایان، هونەرمەند و نووسەران، وەرزشكاران، كوردستانیانی تاراوگە، ژنان و لاوان، كەسوكاری ئەنفال و كیمیاباران، جەرگ سووتاوەكانی شەهیدان و پێشمەرگەی سەنگەر و كەمئەندام، كاسبكاران و سەرمایەداران و تێكڕا چین و توێژەكان، دڵنیاین یەكێتی وەكو ئەمانەتی مام جەلال و شەهیدە سەركردەكان و دەربەستی دیموكراسی و دادپەروەری و گۆڕانكارییەكان دەزانن. لەم هەڵبژاردنەی عێراقیشدا، بەویژدانی زیندوویانەوە، لە هەڵەو كەم و كوڕییەكانمان دەبوورن، رۆژی دەنگدان دەكەنە فێستیڤاڵی پەیمان نوێكردنەوە بۆ مام جەلال و بۆ شەهیدان و بۆپێشمەرگە و دەنگ بە لیستی (162)دەدەن، كە تاقە لیستی سەوزی یەكێتییە و هیچ لیستێكی تر لەسایەی لیستی (162)مان بوونی نییە.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەولێر 15-4-2018

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *