بیروڕا

هەڵبژاردن و داوی “تۆڕ”ەكان

گۆران ئیبراهیم ئەحمەد

بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكردووە، ئێمەی دەنگدەر لەبارە سیاسی ـ كۆمەڵایەتییەكەی، ئێمەی وەرگر لەبارە میدیاییەكەی، ئەمڕۆ گیرۆدەی داوی دوو "تۆڕ"ین، تۆڕێكی سیاسیی و تۆڕێكی میدیایی، روونتر، لەلایەكەوە رۆژانە كاندیدەكان دەمانخەنە ناو داوی خۆیانەوە، لەلایەكی تریشەوە میدیا دەمانخاتە ناو داوی خۆیەوە. 
 
بەهەر حاڵ دەتوانین مامەڵە لەگەڵ داوی كاندیدەكاندا بكەین و لەرێگەی هەڵسەنگاندنەوە بڕیار بدەین، بەڵام ناتوانین داوی تۆڕەكان تێپەڕێنین، مەبەستمان لە تۆڕەكان ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانەن كە لە هەرێمی كوردستان چاودێریی ناكرێن و بێ بەربەست بابەت بڵاودەكەنەوە.
 
لە یەكەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان (14ی نیسان)، چەندین بابەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەت فەیسبوك، بڵاوكرانەوە، كە بریتین لە ناوزڕاندن، لایەنگیریی، هاندانی توندوتیژیی و سوكایەتی ئایینی، سوكایەتی سیاسیی، سوكایەتی كۆمەڵایەتیی و رەگەزیی، ئەم بابەتانە بەبێ چاودێریی تێپەڕین، دەزگایەك نییە كە چاودێریی لەسەر ئاستێكی ورد و فراوان بكات!
 
رەنگە هاوڵاتی هۆشیار تا رادەیەك بتوانێت لە داوی تۆڕەكان خۆی دەرباز بكات، بەڵام بەگشتیی بەشداربووی فەیسبوك لە چركەساتێكی لێكدانەوە و بەراوردكردن و هەڵسەنگاندندا نییە، بەڵكو بواری كەمیی هەیە بەهۆی رێژنەی زانیارییەوە، تەنیا وەردەگرێت و قایل دەبێت و رەنگە لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار بدات.
 
وێنەی شێوێندراو، وێنەی فۆتۆشۆپ، ڤیدیۆی زیادكراو یان كەمكراو (ئیدیتینی ساختە)، ڤیدیۆی دەنگیی ناڕاست و هتد، هەموو ئەمانە بازاڕی فەیسبوكیان گەرم كردووە، هۆشێكی ورد و بەئاگای دەوێت بتوانێت لێكیان جیابكاتەوە، هەموو بەكارهێنەرێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش شارەزای جیاكردنەوە نییە، بۆیە لێرەدا ئەركی ناوەندە پەیوەندیدارە رەسمیی و نارەسمییەكانە كە چاودێریی ورد بكەن.
 
تا ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە یاسا رێكنەخراون، دادگاكان كار بە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە 6ی ساڵی 2008، دەكەن، ئەم یاسایە لە مادەی دووەمیدا سزای بۆ خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن داناوە، ئەگەرچی ناوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی نەهێناوە، بەڵام دادگاكان لەو چوارچێوەیەدا شوێنیان كردووەتەوە. 
 
بەهەرحاڵ، ئەمڕۆ چاودێریی پێویست لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نییە، پێش دەستپێكردنی بانگەشە لێرەو لەوێ هۆشداریی بەمیدیا درا كە سنورەكانی تێنەپەڕێنێت، بەڵام تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەرگەرمی جوڵەی خۆیانن، بابەتەكان فڕێدەدەن و بازاڕی پێ گەرم دەكەن.
 
لێرەدا گرنگە بەشداربووی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەت فەیسبوك، لە دوو خاڵ ئاگادار بێت، بۆ ئەوەی نەكەوێتە داوێكەوە كە بڕیارێكی ساختەی پێبدات.
 
یەكەم: پێویستە بەشداربوو وەبیر خۆی بهێنێتەوە كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەرووی میسداقیەتەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هەموو بابەتێك جێگەی باوەڕ نییە.
 
دووەم: پێویستە بەشداربوو یان بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە (15بۆ 10 نیسان) هەر چركەساتێك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەكارهێنا، بزانێت كە لەسەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردندایە و زانیارییەكان بێلایەن نیین.
زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *