ئەدەب و هونەر

چیرۆك..جانتاكەم لەكوێ دەكەوێتە خوارەوە

سوارە نەجمەدین

دەنگی کورد 

چیرۆکی جانتاكەم لەكوێ دەكەوێتە خوارەوە، لە نوسینی چیرۆکنووس سوارە نەجمەدین، خەڵاتی دووەمی ٢١هەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژی پێبەخشرا، دەنگی کورد تەواوی چیرۆکەکە بڵاودەکاتەوە. 

جانتاكەم لەكوێ دەكەوێتە خوارەوە

داخی زرتەبۆزەكەی تەنیشتم لە ترسەكەم ناخۆشتر بوو، وەك ئەو داخانەی لە ئیرەییدا دڵت لێ دەكەن بە كوانوو، لە دڵم دەرناچێت چەند بێباك وەك مانگا خەوی لێ دەكەوت، وەك گونك بەسەر كورسییەكەدا پان دەبووەوە، منیش لە حەژمەتان نەمدەزانی قیبلە لە كوێیە! ئێ خۆ بەڕاست لە فڕۆكەدا هەر نازانیت قیبلە دەكەوێتە كوێیوە. هەستم بە جەستەم نەدەكرد، وەك ئەوەی پوشێكی دەم با بم و گەیشتبێتمە كەشكەلان و نەزانم لە كوێ دەكەومەوە سەر زەوی.

پێشتر تەنها بە ئاسمانەوە فڕۆكەم دیوە، ئەو حەشاماتە ساڵ دوانزەی مانگ بە فڕۆكە گەشت دەكەن و هیچ لەئاراد نییە. تاكو جانتاكانیشم شەحن كرد، هیچ لەگۆرێ نەبوو، ئەو كوڕەی جانتاكانی بۆ شەحن كردم دوو تكتی پێدام، یەكەمیان سلێمانی بۆ ئەستانبوڵ و ئەویتریان دوای دە كاتژمێر لە ئەستانبوڵەوە بۆ فڕۆكەخانەی بالتیمۆر لە واشنتۆن. لەو كاتەی هەردوو تكتەكەی بۆ خستمە نێوان پاسپۆرتەكەمەوە، وتی: یەكەمجارتە سواری فڕۆكە ببیت؟ دڵنیام زۆر بە ئاسایی وتم بەڵێ، بەڵام ڕەنگە ڕوخسارم لە بەرچاوی تێكچووبێت، بۆیە ئەو پرسیارەی لێكردم.

من وتم بەڵێ، چوون كات و شوێنی ئەوە نەبوو بۆی ڕوون بكەمەوە، پێشتر چۆن چۆنی سەفەرەم كردووە، نەك كارمەندێكی سەرقاڵ، پیرەپیاوێكی خانەنشینیش تاقەتی ئەوەی نییە بەدیارمەوە دابنیشێت و باسی ئەوەی بۆ بكەم، من شەوان بۆ جگەرەكێشان دەچمە بەلەكۆنەی شوقەكەمان و هەر لەوێوە سەفەری دوورترین كونجی ئەم زەمینە دەكەم. نەك هەر بە فڕۆكە، بە كەشتی گەورە و بە شەمەندەفەری شەوان و بەپێیانیش گەشتی وڵاتانم كردووە. لە بەلەكۆنەكە جگەرەیەك پێ دەكەم و ئانیشكم لەسەر محاجەرەكە گیر دەكەم و سەر بۆ ئاسمان بەرز دەكەمەوە، تا دوكەڵەكە پاڵ بنێم بۆ سەرەوە، ئیدی لەگەڵ خۆما دەڕۆم، تا ئەو كاتەی ئاگرەكە دەگاتە فلتەرەكە و ناچار دەبم بەنوكی پەنجەم سفتۆكەی جیابكەمەوە و بیخەمە خوارەوە. سەرنجی دەدەم لە كوێدا ئاگرەكە تەواو دەبێت و دڵنیا دەبم نەچۆتە هیچ ماڵێكی نهۆمەكانی خوارەوە و نەچۆتە چیمەنە زەردهەڵگەڕاوەكەوە، تا گڕ بگرێت. ئەو كات تەواو سەرم بۆ خوارەوە شۆڕكردۆتەوە و لە گەشتە دوورەكانم گەڕاومەتەوە.

لای چەپی تێرمیناڵەكەوە، نزیك شوێنی جگەرەكێشانەكە، لەسەر مێزێك دادەنیشم و لە جانتای شانەكەمدا مۆبایلەكەم دەردەكەم و جارێكی تر لە گۆگڵ تەماشایەكی ڕێڕەوی گەشتەكەم دەكەمەوە. لێرەوە فڕۆكەكە بەسەر ئاسمانی سلێمانیدا دەفڕێت و ئاسمانی كوردستان و توركیا تەی دەكات و دەگاتە ئەستانبوڵ، تا ئەستانبوڵ كێشەیەكی ئەوتۆم نەبوو، قەلەقییەكە لەوێوە بۆ بالتیمۆر دەستی پێدەكرد. یانزە كاتژمێر و نیو لەفڕۆكەدا، فڕین بەسەر چەندین وڵاتی ئەوروپادا، دواتر بەسەر زەریای ئەتڵەنتیكدا، ئای زەریای ئەتڵەنتیك چیت پێكردم! خۆ من لە تاو فراوانی و بێ بنی ئەو زەریایە بەسەر دنیاوە نەبووم.

لای چەپی تێرمیناڵەكەوە، نزیك شوێنی جگەرەكێشانەكە، لەسەر مێزێك دادەنیشم و لە جانتای شانەكەمدا مۆبایلەكەم دەردەكەم و جارێكی تر لە گۆگڵ تەماشایەكی ڕێڕەوی گەشتەكەم دەكەمەوە. لێرەوە فڕۆكەكە بەسەر ئاسمانی سلێمانیدا دەفڕێت و ئاسمانی كوردستان و توركیا تەی دەكات و دەگاتە ئەستانبوڵ، تا ئەستانبوڵ كێشەیەكی ئەوتۆم نەبوو، قەلەقییەكە لەوێوە بۆ بالتیمۆر دەستی پێدەكرد. یانزە كاتژمێر و نیو لەفڕۆكەدا، فڕین بەسەر چەندین وڵاتی ئەوروپادا، دواتر بەسەر زەریای ئەتڵەنتیكدا، ئای زەریای ئەتڵەنتیك چیت پێكردم! خۆ من لە تاو فراوانی و بێ بنی ئەو زەریایە بەسەر دنیاوە نەبووم.

فڕۆكەكە بەگوڕێكی هێندە خێرا دەكەوێتە خوارەوە و خۆی بە ناو ئاوەكەدا دەكات، سەد مەتر نا بگرە زیاتریش قوڵایی ئاوەكە دەبڕێت، لەو باڵەوە كە گڕی گرتووە، لاشەی فڕۆكەكە شكاوە و بە چاوتروكانێك پڕ دەبێت لەئاو، بە دەست و سەری شكاوەوە هەرچۆنێك بووە خۆم دەگەیەنمە ئەو شوێنەی ئاوەكەی لێهاتە ژوورەوە، لێ بشگەمە سەر ئاوەكە چیم لێوە دیار دەبێت، كەنار؟ تا خوا حەزبكات دوورە، لەنەخشەی سەر مۆبایلەكەم ورد دەبمەوە، بەراوردی نەخشەی عێراق بە ئاوی زەریای ئەتڵەنتیك دەكەم، وەك دەنكە زەیتونێك وایە لەناو قاپێكدا، جارێك بە ئۆتۆمبێل تا دهۆك ڕۆیشتووم، نزیكەی پێنج كاتژمێر بوو.

لە مێزەكەی ئەولامەوە كابرایەكی زرتەبۆزی سووركە قاوەیەكی هێنا و دانیشت، وامدانا قاوە بۆ هێوربوونەوە باش بێت، هەستام بە تەنیشتیا ڕۆیشتم قاوەیەك بێنم، بلیتەكەی لەسەر پاسپۆرتەكەی دانابوو، ئەویش دەڕۆشت بۆ ئەستانبوڵ، بێباك قومی لە قاوەكە دەدا و ڕیشی دەخوراند، بەشێوەیدا دیار بوو تا دەگەینە ئەستانبوڵ دەخەوێت. ژمارەی كورسییەكەیم نەبینی، لێ وام هەست كرد لەفڕۆكەكەدا لە تەنیشتمەوە دەبێت و بۆ خۆی دەخەوێت. بیرم لەوە دەكردەوە ئەو كابرا ڕیش سوورە، كە بەشێوەیدا وا دەردەكەوت بیانی بێت، لەسەر كورسییەكەی تەنیشتم پان دەبێتەوە، لەو كاتەدا چیرۆكی جوانە نووستوەكەی ماركیزم بەبیردا هاتەوە، گلەییم لە بەختی خۆم كرد، من كێم لە تەنیشتەوەیە و ماركیزیش كێی لەتەنیشتەوە بووە، خۆ ئەگەر كچێكی ناسكی خۆشمەشڕەبم لەتەنیشتەوە بووایە بەدڵنیاییەوە ئەو ترسەم نەدەبوو، یان ڕووم نەدەهات بترسم.

جانتای شانەكەم، جگە لە پاسپۆرت و لاپتۆپەكەم و كۆمەڵە چیرۆكی كتێبی لمی بۆرخیس و مامەڵەی گەشتەكەم و دۆكیومێنتە پێویستەكانی باڵوێزخانەی ئەمەریكا، بابۆڵەیەكی گەورەشی تیابوو، دایكم پێش ئەوەی لەماڵ دەرچم، خنییە جانتاكەمەوە تا لە ڕێگە بیخۆم. دوای پشكنینی پاسپۆرتەكەم و لێدانی مۆری لە سنور چوونەدەرەوە، ئەو كاتەی جانتاكەم بە ئامێری سكانەكەدا نارد، كابرای سكیویریتی بۆ دڵنیابوونەوە جانتاكەی پێ كردمەوە و سەیرێكی بابۆڵەكەی كرد، بزەیەكی كرد، ناچار وتم كاری دایكەكان ئاوایە.

لە هۆڵی چاوەڕوانی لەبڵندگۆكەوە بانگی گەشتیارەكانی ئەستانبوڵیان كرد بۆ دەرگای ژمارە دوو بڕۆن، من سەرم بەسەر كتێبەكەی بۆرخیسدا شۆڕكردبووەوە، لێ خەیاڵم لای وشەیەكیش نەبوو، لەوكاتەدا بیرم لەوە دەكردەوە، دەبوو لەبری كتێبی لم كتێبی دەریام بهێنایە، یان كتێبی ئاسمان، چوون گەشتەكەم زۆربەی بەسەر دەریادا دەڕوات. پێشتر لەبەلەكۆنەكەوە گەشتی فراوانی دەریام كردوە، كەشتییەكە وەك تایتانیك خۆی كێشاوە بە شاخی سەهۆڵدا، نەهەنگم بۆ هاتووە، شەپۆلی شێت ڕاوی ناوم، لێ هەرگیز لە فڕۆكەوە نەكەوتومەتە ناو زەریای بێكۆتاییەوە، كەچی ئێستا وا بەرەو ئاسمانی فراوان گەشت دەكەم. كتێبی لمەكەی بۆرخێس ئەو جارەی بیر خستمەوە كە لە گەشتێكی سەركەشی بیاباندا ڕێگەم لێ ون بوو، دەریای بیابان لە دەریای ئاو ناخۆشترە، وێڵ و تینوو نەمدەزانی بۆ كوێ بڕۆم، گێژەڵوكە تەپۆڵكە لمەكانی لەملا دەبرد بۆ ئەولا، جامەدانییەكم لەسەرم پێچابوو، لە دوورەوە شاخم دەبینی بەفر دایپۆشیبوو، تا دەگیشتمە نزیكی نەدەما، تا ئەو كاتەی ئاگری جگەرەكەم فڕێدایە خوارەوە و لە دوو نهۆم خوار خۆمانەوە ون بوو، ترسام چووبێتە ماڵێكەوە و گڕ بەربداتە ماڵەكە.

ماڵەكەمان لە نهۆمی هەشتەمی باڵەخانەكەدایە، هەندێ جار سەیری خوارەوە دەكەم و ترس دامدەگرێت، نزیكەی بیست مەتر بەرزە، ئەگەر بكەومە خوارەوە مێشكم دەپرژێت و یەكاویەك ڕۆحم دەردەچێت، لێ ئەوەی لە گۆگڵەوە دۆزیمەوە فڕۆكەكان هەندێ كات بەرزییان دەگاتە دە بۆ دوانزە هەزار مەتر، بارتەقای باڵەخانەیەكی چوار هەزار نهۆمی، خێراییان لە چوار سەد كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا زیاترە، ئەوانەی بەسەر زەریای بێبندا دەڕۆن، خێراترن و هەندێ كات بەرزییان دەگاتە پانزە هەزار مەتر.

هێشتا لەشوێنی خۆم نەجوڵابووم، بڵندگۆكە بۆ دووهەمین جار بانگی گەشتیارەكانی ئەستانبوڵی كرد، كابرای زرتەبۆز كەمێك پانتۆڵەكەی كە دەتوت خێمەیە هەڵكێشا و بەرەو دەرگاكە ڕۆیشت، لەو كاتەیدا من بیرم لەوە دەكردەوە، بریا ئەم گەشتەم بە شەمەندەفەر بووایە، وەك ئەو جارەی لە فرانكفۆرتەوە ڕۆیشتم بۆ لیشبۆنە و لە نیوە شەودا خانمێكی قەشەنگ، لەوانەی لە پرێنسە كۆنەكان جوانتر بوو، خۆی كرد بە وارگۆنەكەی مندا و بێ قسە كەوتە ماچكردنم. ئەو گەشتەم یەكێكە لە خۆشترین گەشتەكانی ژیانم، لە پەنجەرەی شەمەندەفەرەكەوە سەیری دەرەوەم دەكرد، نازانم شەمەندەفەرەكە گەیشتبووە كوێ، لێ لە دوورەوە ڕووناكی شارۆچەكەكانم دەبینی. شەمەندەفەرەكە كش و مات شەوی دەبڕی، بێدار بەدیار تەماشكردنی ڕووناكییە دوورەكانەوە لە پەنجەرەكەم دەڕوانی. لە شوشەكەوە خانمێكم بینی هاتە ژوورەوە، كراسێكی كلاسیك لەوانەی لەسەر پشتیان بە قەیتان دەیبەستن و تەختی سنگیان بەرز دەكاتەوە و لە كەمەر بەخوارەوەی فش دەبێتەوە، ئەو كراسانەی شازادەكان لەبەریان دەكرد، هەر بە ڕاستی شازادەیەكی نازدار و قەشەنگ بوو. چاوی هەنگوینی و قژێكی سووری كەمێك لوول، تەنكە خەمێك بە ڕووخسارێوە دیاربوو، وەك ئەوەی لە دڵشاكانێك گەڕابێتەوە. هیچمان لە زمانی ئەوی ترمان نەدەزانی، كەمێك لێم نزیكبووەوە و چاوی داخست، لێوم بردە پێشەوە و بۆنی هەناسەیم كرد، تامێكی سەیر، شیرینییەك پێشتر نەمچێژتبوو. لەو گەشتەمدا نەمتوانی شەمەندەفەرەكە لە پردە تاق تاقەكەوە بخەمە خوارەوە، لێی گەڕام بڕوات، شەمەندەفەرەكە بەردەوام دەڕۆیشت، لێ من كاتم بۆ نەدەگیرا، كات لەو حاڵەتانەدا دەڵێی كەروێشكە باز دەدات.

كابرای ڕیش سوور، لە سەرەكەدا وەستابوو، سەرێكم بۆ ناو جانتای شانەكەم شۆڕكردەوە و تەماشایەكی بەڵگەنامەكانم كرد، بۆ ساتێك دوودڵ بووم، سێ ساڵە ڕاكەڕاكمە و ئەمسەراوئەوسەر، بەڵگەنامە بكە بە ئینگلیزی و چاوپێكەوتن بكە و هەراوهوریا و گفتوگۆ و سەد ناڕەحەتی تر، تا ناوم هاتەوە بچم بۆ ئەمەریكا. ئەمەریكا ئەو كیشوەرەی خەونی پێوە دەبینم، ئەوەی لە فیلمەكاندا بینیومە، مەگەر بەس خۆم بزانم بە چی دەردی سەرییەك ڕەزامەندیم وەرگرت، وابزانم هەر فڕۆكە بوو بەهۆكاری ئەوەی ڕەزامەندیی مانەوەم لە ئەمەریكا پێبدەن. كاتێك قسەم بۆ كابرای باڵوێزخانە دەكرد، باسی منداڵی، ئەو كاتەی فڕۆكەكان بۆ بۆردومان كردن دەهاتنە سەر ئاسمانی شار و ئێمەش دەبوو ڕابكەینە ژێرزەمینەكانەوە، ئەو ژێرخانانەی لە ترسی فڕۆكە هەموو ماڵێك دانەیەكی هەبوو. باوكم ناوی نابوو كونەفڕۆكە، چوون ئەو لە شاخ فێری ئەوە بوو لە ترسی فڕۆكە بچنە موغارەكانەوە. بە كابرای باڵوێزخانەم وت ئاسمان پڕە لە فڕۆكەی نەفەرهەڵگر، فڕۆكەی وڵاتان خواردەمەنی و خزمەتگوزاری دەگەیەنن بە هاووڵاتیان، لێ فڕۆكە لای ئێمە نیشانەی بۆردومانە، ئێمە وامان بینیوە فڕۆكە یەكەمینجار پەڕەی ئاگادار كردنەوە و دووهەمینجار بۆمب دەخاتە خوارەوە، دوای هەر جارێك گەرمەشین ڕووی لە چەندین ماڵ دەكرد.

لە بڵندگۆی تێرمیناڵەكەوە، دواین ئاگاداری دا بە گەشتیارانی ئەستانبوڵ، سەرەكە تەواو ببوو، كارمەندەكانی گەشتەكە لەناو دەرگاكەدا مقۆمقۆیان بوو، وەك ئەوەی پێكەوە بڕیار لەشتێك بدەن. جانتاكەم كردە شانم و پشت بە ناوهێنانی خودا بەرەو لای دەرگاكە ڕۆشتم، خەمی ئەوەم بوو، ناوەكەم لایان دەركەوتبێت و لە بڵندگۆكەوە ناوم بهێنن. فڕۆكەكان دەچنە كەشكەلانی فەلەك، لە خودا نزیك دەبنەوە، لێ كێ دەڵێ خودا لە ئاسماندایە، ڕەنگە لە ناخی زەویدا بێت و ئەوەندەی تر لێی دوور بكەومەوە، كێ فریام دەكەوێت! لە نزیكی دەرگاكە ئاڕاستەكەم گۆڕی بەرەو لای پەنجەرە گەورەكە، ڕووم كردە گۆڕەپانی فڕۆكەخانە و پشتم لە كارمەندەكان كرد، گەشتیارەكان لە پاسەكەدا چاوەڕوان بوون بیانبەن بۆ لای فڕۆكەكە. جار جار بە دزەنیگا لە كارمەندەكانی ناو دەرگاكەم دەڕوانی، تا بزانم چ بڕیارێكیان داوە، چاوەڕوانم دەكەن یان بەجێم دەهێڵن. بلیتەكان لە مشتمدا یەقی كردبووەوە، نەئەناسرایەوە، بۆ چركەیەك گوڕم بەخۆم دا تا بە هەڵەداوان بڕۆم بەرەو پیریان و بلیتەكەیان پێ بدەم، كەچی لەو كاتەدا دەرگاكەیان داخست، هەناسەیەكی ئارامیم هەڵمژی و ناوچەوانم خستە سەر شوشەی پەنجەرەكە، پاسەكە جوڵا، لەو كاتەدا گەیشتە بەردەم فڕۆكەكە و گەشتیارەكان بۆ ناو فڕۆكەكە سەركەوتن. كەوتمە بیری ئەو فڕۆكەیەی بە منداڵی باوكم وەك دیاری دەرچوون بۆی كڕیبووم، فڕۆكەیەكی شین و سپی، فڕۆكەكانی ئەو سەردەمە وەك ئێستا بە كۆنترۆڵ و پیل كاریان نەدەكرد خۆیان بفڕن، بەناو لەپی دەستم پشتیم دەگرت و بەهەوادا دەمخولاندەوە، تا نیوەڕوانێكیان لە دەستم بەربووەوە. ئەم فڕۆكەیەش لەمشتی كەسێكدایە، ئەگەر ئەو كاتەی فڕۆكەكەی خۆم بەربووەوە ئەم فڕۆكەیەم بدیبایە، وام دەزانی دێوێكی گەورە هەیە و بەلەپی دەستی فڕۆكەكە بەرز دەكاتەوە و لە سلێمانییەوە دەیبات بۆ ئەستانبوڵ.

هەموو گەشتیارەكان سەركەوتنە ناو فڕۆكەكە و دەرگاكەی داخرا، چیتر دەرگا بۆ من ناكرێتەوە، خەنی بووم. نزیكەی بیست خولەكی ویست تا فڕۆكەكە كەوتە جوڵە، ڕەنگە كابرای ڕیش سوور ئێستا خەوی لێ كەوتبێت، یان چاوەڕوانە فڕۆكەكە بگاتە مەداری خۆی. دەڵێن ترسناكترین بەشی فڕین هەستان و نیشتنەوەی فڕۆكەیە، ئەو كاتانەی بەرگە هەوا دەبڕێت، یان هەورەكان شەپۆلی پێدەدەن. هێشتا لەبەردەم پەنجەرەكەدا بووم، فڕۆكەكە بەرەو هەستان نەرمە نەرمە دوور دەكەوتەوە. بیرمكەوتەوە، جانتا گەورەكەم لە فڕۆكەكەدایە و بەرەو ئاسمان دەڕوات، بەسەر شارەكانی كوردستاندا، لەوێوە بە كوردستانی باكوردا، تا بەسەر ئەنقەردا دەگاتە ئەستانبوڵ، دوای هەشت كاتژمێری تر دەخرێتە فڕۆكەیەكی ترەوە و بەرەو ئەمەریكا بەسەر بولگاریا و ئیتاڵیا و فەرەنسا و ئەو هەموو ئاوەدا دەڕوات، تا دەگات بە بالتیمۆر، لێ تازە لەوێ كەس نییە لەسەر پلێتەكە هەڵیبگرێتەوە. ئەگەر هیچ كام لەو دوو فڕۆكەیە نەكەوێتە خوارەوە، بیست كاتژمێری تر دەرپێكورت و خاولی و تاقمی ڕیشتاشینەكەم و شتەكانی ترم دەگەنە ئەمەریكا. ئەگەر خۆمی لەگەڵ بوومایە وەرمدەگرتەوە و ڕاستەوخۆ دەڕۆیشتم بۆ واشنتۆن، بۆ باڵوێزخانە و مامەڵەكەم پێشكەش دەكرد، تا بە زووترین كات ببمە هاووڵاتییەكی ئەمەریكی.

فڕۆكەكە لەچاوم ون بوو، بەرەو شوێنی جگەرەكێشانەكەی ئەوسەری تێرمیناڵەكە هاتم. لەو كاتەدا ویستم پاكەتەكە لە گیرفانم دەربكەم، دەستم بەر پاسپۆرتەكەم كەوت، مۆری دەرچوون لە سنوری پێوەیە، ئێستا من لە هیچ وڵاتێكدا نیم. لە كام دەرگاوە دەیەڵن بچمە دەرەوە، لەو جێگەیەوە مۆری دەرچوون لە پاسپۆرتەكەت دەدەن، تا ناو فڕۆكەكە سەر بە هیچ وڵاتێك نییە. نازانیت تۆ لەكوێت، لە وڵاتێك دەردەچیت و هێشتا نەچوویت بۆ وڵاتێكی تر. دەبێت چی بكەم، جانتاكەمم بیرچووەوە لە كوێ دەكەوێتە خوارەوە، خۆم وێڵم و نازانم لە كویێ نەخشەدام! جوگرافیای جێگاكەم سەر بە چ وڵاتێكە؟ خۆ ئێستا بە پێی پاسپۆرتەكەم من لە وڵات دەرچووم، هێشتاش هەنگاوێك دوور نەكەوتوومەتەوە. من ترسی ئەوەم هەبوو لە فڕۆكەی دووهەمدا بكەومە زەریای ئەتڵەنتیكەوە و ون بم، كەچی ئێستا لە شوێنی خۆمدا ون بووم. جگەرەكەم بۆ تەواو نەكرا، بۆ دەرگایەك دەگەڕێم لێوەی بچمەوە وڵات، لە كوێوە بڕۆم، بڵێم بۆ فریا نەكەوتم، ئەی جانتاكەم؟ ڕەنگە دوای دوو مانگ لە ئەمەریكا ببێتە موڵكی گشتی، دەرپێكورت و مەكینەی ڕیشتاشینەكەم دەچێتە خەزێنەی گشتی ئەمەریكاوە، ئەی كابرای زرتەبۆز! ڕەنگە ئێستا پرخەی خەوی بێت، منیش بێدار نازانم چی بكەم.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *