راپۆرتی

لە پاش ١٢٠ ساڵ رۆژنامەگەریی کوردی چی کردووە؟

دەنگی کورد – خالد کاوە

ئەمڕۆ ١٢٠ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردییدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای ماوەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامە ھێشتا بەشێکی زۆری رۆژنامەنووسان لە ھەژارترینەکانی کۆمەڵگەن و زۆرترین پێشێلکارییان لەبەرانبەردا کراوە.

ئەمڕۆ کە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردییە  لەدوای دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی  بەناوی (کوردستان) کە ٣١ ژمارەی لێدەرچوو، لەدوای ئەم قۆناغە رۆژنامەگەریی کوردی پێی نایە قۆناغێکی دیکەی شارستانیانەتر، بەشێوەیەك جیا لە لە رۆژنامەنووسی کاغەزی، لەئێستادا میدیای ئەلکترۆنی بوونی ھەیە  سەدان رۆژنامەنووس لەو رێگەیەوە سەریان هەڵداوەو دەرکەوتوون.

رۆژنامەگەریی بەگشتی رۆڵی کاریگەریی هەیە لە ھۆشیارکردنەوەی تاك و دروستکردنی بەشێك لە بڕیارەکانی دەسەڵات، رۆڵی گرنگی گێڕاوە لە گەیاندنی زانیاری و هەواڵ بۆ هەمووان، بەڵام بە وتەی رۆژنامەنووسان  لەھەرێمی کوردستاندا میدیا لە ئەرکی سەرەکی خۆی لایداوە و ئەرکی بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگەیە لەکاتە ھەستیارەکاندا.

رۆژنامەنووس سەلار عەبدوڵا لەساڵیادی رۆژنامەگەری کوردیدا بەدەنگی کورد دەڵێت: "بەداخەوە لەم قۆناغە پڕ ھەستیارەی کە ھەرێمی کوردستان تێی کەوتوە میدیاکاران نەیانتوانیوە رۆڵی سەرەکی خۆیان بگێڕن، تەنانەت بە شێوەیەك میدیا بوونی راستی خۆی لەدەستداوە و بەلێوارێکی خراپدا دەڕوات، دەرەنجام ئەمانەیش بۆ خۆیان نمونەگەلێکن بۆ لەکار خستنی ئەرکی سەرەکی میدیا و بەرھەمھێنانی ناتەبای و تێکدانی یەکڕیزی نیشتمانی".

رۆژنامەنووس سوھەیب ئەحمەد لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووك) نوسیویەتی " لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردییدا پێویستە زۆربەی زۆری کتێب و نامیلکەی ئەو نوسەر و مامۆستایانە بسوتێنرێت کە سەر شۆڕی سەرۆك و بەرپرسە حزبییەکانن و  ئیتیك و بنەما و تیۆرەکانی راگەیاندن بە دڵخوازی ئەوان دەنوسن و دەڵێنەوە".

سوھەیب ئەحمەد دەشڵێت: "بیریشتان نەچێت ھەرچی گرێبەستی کەناڵ و دەزگاکانیش ھەیە جگە لە درۆیەکی گەورە ھیچی تر نییە، رۆژنامەوانی لە ھەرێمی کوردستان  گریانی پێویستە".

ھاوکات ھەر ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاندووە، داوا دەکەین دەزگاکانی  میدیا بەگشتی دەست بە ‌پرەنسیپی پیشەکە و میساقی شەرەفی رۆژنامەنووسییەوە بگرن و مافی خۆیان بەدوور لە ‌تانە ‌و ناوزڕاندن ‌و دەرچوون لە ‌یاسا بەرکارەکان، پیادە بکەن.

محمەد ساڵح یەکێك لەو رۆژنامەنوسانەی کە چەندین جار ھەڕەشەی لێکراوە بەدەنگی کوردی ووت"بەداخەوە جێبەجێ نەکردنی یاسا و بەرھەمھێنانی میدیای بەرژەوەندیخواز بێبوونی ئەجێندای نیشتمانی، میدیای کوردی دواخستوەو ئێمە نەمانتوانیوە نمونەی جوانی میدیایەکی پڕۆفیشناڵ بەرھەم بھێنین جگە لەبەرھەمھێنانی ئاژاوە".

محمەد ساڵح رەخنەی توند لەدادگاکان دەگرێت و دەڵێت: "دادگاکان ھیچ رۆڵێکیان لە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی رۆژنامەنوسەکاندا نیە".

ھاوکات حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا دەڵیت: "مایەی شانازیە لەھەرێمی کوردستان میدیاکان بەجیاوازی بیروڕا لەکەشێکی ئازاددا کار دەکەن".

ئەمە لەکاتێکشدایە کە رۆژانە دەیان پێشیلکاریی بەرامبەر رۆژنامەنوسان تۆمار دەکرێت، بەشێوەیەك زۆرجار شکۆ و ناوبانگی میدیا لەکەدار بووە.

رۆژنامەی کوردستان یەکەمین رۆژنامەی کوردستان بوو کە لە ٢٢\٤\١٨٩٨ لەلایەن مقداد مەدحەت بەگی کوڕی بەدرخان پاشاوە دەرچووە لەقاھیرە، رۆژنامەکە سەرەتا دوو ھەفتە جارێك دەرچووە، تاکو پێنچ ژمارەی سەرەتایشی دوو ھەفتە جارێك دەرچووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە بەردەوام لەشوێنگۆڕکێدا بووە، بۆیە کراوەتە مانگانە، رۆژنامەنوسانیش لەم رۆژەدا بەشێوەی جیا جیا ئەم یادە دەکەنەوە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *