راپۆرتگەلەری

پێشانگای (سیمفۆنیای رەنگ .. لە تابلۆکانی کەلار و ھەڵەبجەدا) کرایەوە

سەردار حەمید – دەنگی کورد

  بەمەبەستی ناساندنی زیاتری گەنجانی شارەکان بەیەکتری و پێشاندانی ئاست و توانا شاراوەکانیان، لەبواری ھونەری شێوەکارییدا، ھەردوو (سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار) و (سەنتەری چالاکی گەنجانی ھەڵەبجە) کە سەربە رێکخراوی (منداڵپارێزی کوردستان)ن و لە "بەرنامەی گەشەپێدانی توانای گەنجان"دا، ڕۆژی پێنج شەممە ٥ /٤ / ۲۰۱۸ کاتژمێر: ۳ی پاش نیوەڕۆ ، لەھۆڵی "ئەحمەد موختار جاف" لە شاری ھەڵەبجە، لەژێر ناونیشانی "سیمفۆنیای رەنگ .. لە تابلۆکانی کەلار و ھەڵەبجەدا" بەسەرپەرشتیی ھەردوو مامۆستای بەشی شێوەکاریی ھەردوو سەنتەر (سەردار حەمید و ئەمجەد جەمال)، ھەستان بە رێکخستن و ئامادەکردنی پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ (۳۹) گەنجی فێرخوازی "بەشی شێوەکاری"ی سەنتەرەکانیان.


  پێشانگاکە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری میوان، لەلایەن خاتوو "کوێستان  ئەکرەم"ی "سەرۆکی شارەوانیی ھەڵەبجە"وە کرایەوە. سەرجەم تابلۆکان بوونە جێی سەرنجی ئامادەبووان و بینەران. 
   لە پێشانگاکەدا زیاتر لە ٥۰ تابلۆ بە پێوانەی جیاواز نمایشکران، کە بە ماتریالی جۆراوجۆر لەلایەن گەنجە فێرخوازەکانی (بەشی شێوەکاری)ی ھەردوو سەنتەرەکەوە دروستکرابوون، وەک (بۆیەی زەیتی و بۆیەی پاستیل و بۆیەی ئاوی و ھێڵکاری).
(راڤیار نەوزاد) بەڕێوەبەری "سەنتەری چالاکیی گەنجانی ھەڵەبجە" لەبارەی چۆنێتی ڕێککەوتن و رێکخستنی پێشانگاکە و ھەروەھا ئاستی پێشانگاکە و پێشوازیی بینەران و ئەم ئەزموونە جیاوازە ھاوبەشییەی نێوان ھەردوو (سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار) و (سەنتەری چالاکی گەنجانی ھەڵەبجە) تایبەت بۆ دەنگی کورد وتی:" سەرەتا کاتێک کە مامۆستا  نەبەز حەمید بەڕێوەبەری (سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار) پێشنیاری پڕۆژەکەی بۆ کردین، بێ دوودڵی رەزامەندییمان پێشاندا. لەبەر ئەوەی دڵنیابووین کە ئەزموونێکی بەسوود دەبێت. 


لە پێشانگاکەیشدا، بەگشتی، جیاوازییەکی روون ھەستی پێدەکرا، لە ئاستی کارکردن و ئاستی بەرھەمی ھەردوو سەنتەرەکە، بەجۆرێک بەرھەمی گەنجانی ھەڵەبجە زیاتر سەرەتای و کەم ئەزموونییان پێوە دیار بوو، بەڵام بەپێچەوانەوە، ھەست دەکرا بەرھەمی گەنجانی کەلار زیاتر ئەزموونی پێوە دیار بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا بەگشتی بەرھەمەکان نیشانەی بوونی بەھرەیەکی جوانی گەنجانی ھەردوو شارەکە بوون.
   ھەروەھا وتیشی: کردنەوەی ئەم پێشەنگایە، بەگشتی لەلایەن شێوەکاران و ھونەرمەندانی شاری ھەڵەبجەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، بۆیە پلانمان ھەیە لەداھاتوودا فراوانتر ئەم ئەزموونە دووبارە بکەینەوە، ھەرچەندە ئەزموونی کارکردنی ھاوبەشی سەنتەرەکانی گەنجان، لە رابردوودا ھەبووە و لەئایندەیشدا بەردەوام دەبێت.

  لە کۆتایی قسەکانییدا وتی:"ئەم پێشانگا شێوەکارییە ھاوبەشە، بۆ ئێمە لە سەنتەری چالاکی گەنجانی ھەڵەبجە،  ئەزموونێکی نوێ و جیاوازی کارکردن بوو، ئەم ئەزموونە زۆر مانابەخش بوو، بەگشتی زۆر سوودمان لە ئەزموونی کارکردنی ھاوڕێیان لە سەنتەری چەلاکی گەنجانی کەلار وەرگرت. 
  دواتریش مامۆستا "نەبەز حەمید" بەڕێوەبەری "سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار" لەبارەی ئیشوکارەکانیان و ئامانجیان و ھاتنیان بۆ شاری ھەڵەبجە، بۆ ئەم پێشانگا ھاوبەشییەی نێوان ھەردوو سەنتەر، "بۆ دەنگی کورد وتی: ئێمە وەکو منداڵپارێزی کوردستان _ سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بەردەوام خولی فێربوونی "ھونەری شێوەکای" بەشێوەی ئەکادیمی بۆ گەنجان دەکەینەوە، کە لەلایەن مامۆستای بە ئەزموونەوە وانەیان پێ دەوترێتەوە. پاش ئەوەی ئاستی فێرخوازەکانمان بەرز دەبنەوە، ئینجا تابلۆ و کار و بەرھەمەکانیان لە پێشانگایەکدا لە کەلار دەخرێنە روو، دواتریش دەبرێتە دەرەوەی کەلار. ئێمە ساڵانی پێشتر پێشانگای شێوەکاریمان بۆ فێرخوازەکانمان لە شارەکانی (سلێمانی، کۆیە، دەربەندیخان، کفری) کردووەتەوە، بۆ ئەم پێشانگایەش یەکەم پێشانگای ھاوبەشی "بەشی شێوەکاری"ی ھەردوو سەنتەرە. جێگەی خۆشحاڵیمان بوو کە پێشانگایەکی سەرکەوتوو بوو و ئامادەکاری باشی بۆ کرابوو، لەلایەن ئامادبووانیشەوە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا.


   وتیشی: ئامانج لە کردنەوی ئەم پێشانگایە، دروستکردنی پردی پەیوەندیە لە نێوان گەنجان و شێوەکارانی شارەکانی کوردستان و یەکتر ناسینی شێوەکاران و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی جیاوازی یەکتری و گۆڕینەوەی بیروڕاکان، بە ئامانجی پێشخستنی ھونەری شێوەکاری.
  نەبەز حەمید لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: ھەر لەگەڵ کردنەوەی "سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار" و کردنەوەی چەندین بەشی جیاواز، "بەشی شیوەکاری"شی لێکراوەتەوە. بەشی شێوەکاری سەنتەرەکەمان، لەو کاتەوە تا ئێستا، سەدان گەنجی بە توانای لە ھونەری شێوەکاری پێگەیاندوە، ھەروەھا لە نەبوونی "کۆلیژی ھونەر" و "پەیمانگای ھونەری" لەکەلاردا، توانیویەتی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و بەباشی رۆڵی ئەو ناوەندە ئەکادیمییانە بگێڕێ، سەرەڕای ئەوای ئەم بەشەی سەنتەرەکەمان، ساڵانە چەندان گەنجی فێرخواز دەنێرێتە زانکۆ و پەیمانگا ھونەرییەکان لەشار و شارۆچکەکانی کوردستان.
منداڵپارێزی کوردستان، رێکخراوێکی (NGO )ی ناحکومیی قازانج نەویستە، لە ساڵی (۱۹۹۱)ەوە دامەزراوە و لە چەندین سێکتەری جیاواز لە بوارەکانی "منداڵان و گەنجان" کار دەکات. پرۆژەکانی گەنجان پیکھاتووە لە (۸) سەنتەری چالاکی گەنجان، لە شارەکانی (سلێمانی، کەلار، دەربەندیخان، کۆیە، ھەڵەبجە، شۆڕش، ڕانیە، خانەقین).


 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *