ئەدەب و هونەرچاوپێکەوتن

جەلیل زەنگەنە: بەداخەوە ھونەرمەندانی ئێستا خوویان داوە بە پارە و سیاسەت

دەنگی کورد – خالد کاوە

جەلیل زەنگەنە کە زیاتر لە "٥٠" ساڵە کاری فیلمسازی و دراما و شانۆ دەکات، لەدیدارێکیدا لەگەڵ دەنگی کورد ووتی"ھونەرمەندانی ئێستا ئەوەندەی خوویان داوە بە پارە و سیاسەت، بەداخەوە ھونەری کوردیان پەنچا ساڵ دواخستوە".

سەبارەت بە سەرەتای دەستپێکردنی بە کاری ھونەری جەلیل زەنگەنە بۆ دەنگی کورد دوا "ئەوەی منی پێگەیاند و زیاتر ھاتمە پێشەوە ئەوە بوو کە لە شاری کەرکوك لەدایك بووم، کەرکوکییەکانم دەبینی چی زوڵمیان لێدەکرێت، ئیدی دەستم بەکاری ھونەری کرد، سەرتایش لەشانۆوە دەستم پێکرد، پاشان دەستم کرد بەکاری تەلەڤزێۆن، ئەو کاتە لەکەرکوك زانیان چالاکیی ھونەرییم زۆرە نەیانھێشت لەوێ بمێنمەوە، بۆیە ناچار ھاتمە شاری سلێمانی، لێرە ھونەرمەندان باوەشێکی گەرمیان بۆ من کردەوە و سووپاسیشیان دەکەین".

سەبارەت بە دورکەوتنەوەی لە کاری ھونەری جەلیل زەنگەنە بەدەنگی کوردی ووت" من لەساڵی  ٢٠١٤ وە بەھۆی درامای گەردەلولەوە توشی نەخۆشی بووم چەند نەشتەرگەریەکیان بۆ کردم، ئێستا ھەفتەی یەك جار دەتوانم بێمە دەرەوە".

جەلیل زەنگەنە لەبارەی ھونەری فیلم و دراما و شانۆ، لەئێستادا دەڵێت: "بەداخەوە ئەمە دەڵێم ھونەرمەندان ئێستا یەکگرتوو نین، ھونەرمەندانی رابردوو زیاتر یەکگرتووبوون، رۆحی سیاسی لە ھونەری ئێمەوە ھەڵدەقوڵا، ئێمە بەو ھەموو ناڕەحەتییەوە بەردەوام بووین، ھونەرمەندانی ئێستا ئەوەندەی خوویان داوە بە پارە و سیاسەت، بەداخەوە ھونەری کوردیان پەنچا ساڵ دواخست، کامە لەم ھونەرمەندانە مەوقیفی ئیجابیان ھەبووە و ھەڵقوڵاوی نێو خەڵك بوون، ئەمانە تاوانبارن، ھونەرمەندان خۆیان بێدەنگن".

 

سەبارەت بە دراما دۆبلاژکراوەکانی بەشێك لە کەناڵە کوردییەکان جەلیل زەنگە بەدەنگی کورد دەڵێت: "ئەمانە کلتور و شیرازەی میللەتی کوردیان تێکداوە، ئەوانە بەپلان کارەکان دەکەن بۆ ئەوەی خێزانی کوردی ھەڵبوەشێتەوە، بەداخەوە دەڵێم: بەڵام بینەرەکانمان وەك مودمینیان لێھاتووە بۆ ئەم درامایانە، تەنانەت رۆحی شۆڕشگێڕییان کوشت".

جەلیل زەنگەنە لەدرێژەی وتنەکانیدا بۆ دەنگی کورد وتی:" ئەو ھونەرمەندانەی پشتگیری لە گەل و خاکەکەیان دەکەن بەلای منەوە باشترینن، ئەوانەش بۆ پارە و پۆستە ھەرگیز دەستخۆشیان لێناکەم، ئەوان بۆ دەستخۆشی سیاسییەکان کار دەکەن، ئەمانە ھەست بەوە ناکەن مێژوو تۆمەتباریان دەکات".

 

ھەر سەبارەت بە گەڕانەوەی ھونەرمەندی ناوبراو بۆ ناو کاری ھونەری و پێشکەشکردنی بەرھەمەکانی جەلیل زەنگەنە تایبەت بەدەنگی کورد وتی: " من بەئێستایشەوە سێ سیناریۆم ئامادەیە، بۆ ھەموو ناوەندە رۆشنبیریی و کۆمپانیاکانیش رۆیشتم ھیچیان ھاوکاریان نەکردووم، ئەمانە خۆیان بەرھەمھێنانی دواخستنی ھونەرن، گرنگ من نیم؛ من ئەم ھونەرەم بە نەوەی تازە دەبەخشم، کە ئومێدم وایە ھونەری کوردی پێشبخەن".

 

جەلیل سەعید زەنگەنەی ناسراو بە جەلیل زەنگەنە لە ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی شاترلوی شاری کەرکوك لەدایکبووە. لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە تێکەڵاوی کاری ھوونەری بووە و تا ئێستایش بەردەوامە و خاوەنی چەندین بەرھەمی دیارە لەوانە "مەرەزە، ژیان، ژاڵە، خولە پیزە، گەردەلوول".

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *