بیروڕا

هەمووتان دەنگ بدەن

عومەر سەیدە

خۆتان ماندوو بکەن، تا دەتوانن پەڕۆ راوەشێنن، بە یارییە ئاگرینەکان مێشکمان ببەن، بە کەژاوەی ئۆتۆمبێل و هۆڕن لێدان بێزارمان بکەن، هەرچی دارتێلی شارە جێی دوو پاساری تیا مەهێڵن بە پەڕۆ و پاتاڵەکانتان، تەنانەت وێنەی کاندید بە ناوچەوانماندا هەڵبواسن، رەنگی ئاوی شار بگۆڕن بە رەنگی بەیداخی هەر کام لەو حیزبانە، ئاوازی باڵندەکانیش بکەنە مارش و سروودی بانگەشە، هەمووتان دەنگ بدەن، من هەر دەنگ نادەم بە کەس، چونکە ئەوانە شایستە نین.

دەنگدان پرۆسەیەکی دیموکراسییەو لە دیموکراسیدا دەبێت رێگە بدەن مرۆڤ بەبێ پێشێلکردنی ئازادی ئەوانی دیکە، بژێت و رای خۆی بڵێت، من دەنگ نادەم مانای ئەوە نیە فەتوا بدەم بۆ ئەوانی دیکەیش، مرۆڤ دەبێت ئازاد بکرێت لە بڕیاردان، لە شێوە ژیان، لە بیرکردنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم تێگەیشتنە نە لە کۆمەڵگەی کوردیدا پەرەی پێدراوە، نە لەنێو کایە سیاسییەکە، لەگەڵ ئەوەی هەموویان بانگەشەی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام ناتوانن بەکردار ئەو کارە ئەنجام بدەن.

دیموکراسییەتێك هاوردەکراو بێت و خۆڕسك لەژێر فشاری کۆمەڵگەی هۆشیارەوە سەرچاوەی نەگرتبێت، تەنها قاوغەکەی دەگات، ئەو هێز و دەسەڵاتەی کە لە کیشوەرەکانی دیکەوە زوڕنای دیموکراسیان بۆ لێداوین، بە دەنگی دەهۆڵی خۆماڵییەوە، رەشبەڵەکەکەی لەریتم دەرچووەو وا بە ئاسانی چاوەڕوانی زەماوەندی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی لێناکرێت.

ناتوانین کۆمەڵگەو سستمی حوکمڕانی دیموکراتیزە بکەین، ئەگەر پلانسازی نەکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، ئەگەر ئازادی بۆ تاك فەراهەم نەکرێت.

کەڕنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن و کاندیدەکانی ئەمجارەی پارلەمانی عێراق، زیاتر لە جاران مایەی گاڵتەجاڕییە، مەلا کاندیدی حیزبی  عەلمانیە، باڵاپۆش کاندیدی حیزبی چەپە، سفور کاندیدی حیزبی شیعەکانە، لەوەیش مەهزەلەتر ئاڵوگۆری کاندید کراوە وەکو چۆن یانە وەرزشییە ئەوروپییەکان ئاڵوگۆڕی یاریزان دەکەن بەشێوەی خواستن(هەر جارەو بۆ حیزبێك، هەر جارەو بۆ پارلەمانێك)، دوو لایەن بەناچاری یەك تیم دروست دەکەن، رێکەوتن لە مەزهەبیاندا نەبووە، تە نها دەیانەوێت کاندیدەکانیان بگەنە نیعمەتی موچە چەورەکە.

بەشێکی زۆری ئەو کاندیدە کوردانەی خۆیان هەڵبژاردووە بۆ پارلەمانی عێراق، زمانی عەرەبی نازانن، باشە دەتوانن تێمانبگەیەنن چۆن گفتوگۆ و شەر دەکەن لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکانی ناو پارلەمان لەسەر پڕۆژە یاساکان؟!! مادام پارلەمانی عێراق زمانی فەرمی دانیشتنەکانی عەرەبییە، ناکرێت کوردێك بنێریت بۆ بەغدا کە زمانە عەرەبییەکەی بەشی کڕینی دوو کیلۆ تەماتە ناکات لەوێ، هەر بەڕاست حیزب و لایەنەکانی کوردستان بیریان لەم خاڵە جەوهەرییە نەکردوەتەوە؟!!!

حەزم دەکرد لیستی جێ ئومێد و کاندیدی باش هەبووایە، بریا ئەوانەی پێشوو لەگەڵ بەڵێنەکانیان دەبوون تا ئێستا بە بەڵێنەکانی ئێستا فریومان بخواردایەو دەنگێکم بدایە، بەڵام ئەم وڵاتەی ناوی عێراقەو هەرێمیش بەشێکە لەو، فەشەلی سیاسی و ئیداریی ئەو سەرچاوەکەی دەستورەو ئەوانەی ئەوێ دەم ئەو (دەستورە دەستدورە)*یان نوسییەوەو رازی بوون پێی، بەرپرسن لێی؛ کەچی گەلانی عێراق باجەکەی دەدەن، ئەوانەی دەستوریان نوسییەوە هەر نەبێت زمانیان دەزانی ئەو هەموو گرفتەیان لە پاش خۆیان جێهێشت، ئەمانەی ئێستا ئەگەر بڕۆن وەکو(کەڕەی ناوشایی)یان لێدێت و تەنها دەبنە گاڵتەجاڕی کۆمەڵگەی عەرەبی.

هێشتا نەچووە بچێ؛ باشتر وایە ئەو لیست لایەنانە ئەو کاندیدانەیان بکشێننەوە، با لەوە زیاتر نەبینە گاڵتەجاڕ لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، بڕوانامە دکتۆرا و ماستەرەکان نابێت پێوەر بن بۆ کاندید، بەڵکو دەکرێت بەپێی پسپۆڕی خۆیان لەشوێنی باش دایانبمەزرێنن، پارلەمانتاری ئەرکێکی گرانە و ئایندەی خەڵك دەکەوێتە سەر لێهاتوویی ئەدای ئەوان، بەڵام بەم فۆڕمەی ئێستاوە، لیستی هەموو لایەن و قەوارە کوردییەکان بەبێ جیاوازی مایەی دڵخۆشی نین و ناتوانرێت پشتیان پێببەسترێت، هەر بۆیە من دەنگ نادەم بە کەس.

 

*دەستور و دەستدور: ناونیشانی وتارێکم بوو، ئەو کاتەی دەستور لە ژمارە (٤٠١٢)ی رۆژنامەی وەقائعی عێراقی رۆژی ٢٨ی دیسەمبەری ساڵی ٢٠٠٥ بڵاو کرایەوە، دواتر بەڕێژەی ٧٨،٤٠ هاوڵاتیانی عێراق دەنگیان بەرازیبوون لەسەری دا.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *