بیروڕا

کاندیدە شەیتانەکانی حیزب !

پێشڕەو حەمید

ئێمە زۆر بەکەمی لە سیاسەتی بانگەشەی  حیزب و قەوارەکاندا(بەھای ئەخلاقی )ی سیاسی و رۆشنبیری دەبینین! بەڵام ئەو بەھا ئەخلاقیانە چیـبن کە کاندیدای حیزب و قەوارە سیاسیە کوردییەکان شانازیان پێوە دەکەن و تائێستاش نەبینراون؟

  حیزبی سیاسی کوردی تائێستایش نەیتوانیوە سیاسەت بەمانای خۆی پەیڕەو بکات و لەپێناو خۆشگوزەرانی میللەتدا شەڕی ھێنانە خوارەوەی بەختیاری بکات لە ئاسمانەوە بۆسەر زەوی خەڵکی کوردستان!، کەچی بەناوی سیاسەتکردن و گەمەزانی ناو گۆِرەپانی سیاسەتەوە رۆژ نیە بەڵێنێکی ئەوان  بۆ ئایندە و بەڵێنێکی تریان بۆ ئێستامان کوێرمان نەکات !

 زۆربەی پاڵێوراوەکان  پەروەردەی دەستی ئەو حیزبانەن کە سیاسەتکردنیان لەکردەیەکی بەرجەستەکراو بۆ خۆشنودی کۆمەڵگا ، کردووەتە دەستپێکی کارکردنیان بۆ دەستەمۆکۆدن و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی میللەت و دوبارەکردنەوەی چەندین ھەڵەی سیاسی و میژویی و دروستکردنی چەندین باندی لەیاسا ھەڵھاتوو، بەخشینی پلەی بەرپرسیارێتی بەخەڵکانی گەندەڵکار و قوڵکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان و … تد !

  ئاخۆ لەنێو ئەو ھەموو  فـەوزایەدا ، ئێمە چۆن جیاوازی بکەین لە (بەھا و راستیی و گوتار)ی ئەو حیزب و قەوارانەی کەدابەشبون لەنێوان (بەھایەکی درۆزن و راستییە دەمامکدارەکان و گوتارە چەواشەکاریەکانیان)؟

ئێستای حیزبی کوردی و قەوارە سیاسیەکانی کوردستان وعێراق پڕە لەشەیتان و شەیتانانە وانەکانیان پێدەوترێتەوە و شەیتانانە گوتارەکان ئاراستەدەکەن و شەیتانانە سیاسەتی دوفاقیەت بەڕێوەدەبەن و( گەمژانە ) بیرلەئایندە دەکەنەوە و شەیتانانە کورسیەکانی بەرپرسیاریەتیان بەکار دەھێنن و " شەیتانانە وێنەی فریشتەیەك " بە شەیتانە گەورەکانی ناو حیزبەکانیان دەبەخشن !

ھێشتا زۆرینەی خەڵکی کوردستان وەك ئەزمونەکانی پێشوتریان بڕیاریان  داوە  کە بڕۆن و دەنگ بدەن و بەشداربن لە گەمەیەکی تر، کە بەحسابی پڕۆژە حیزبییەکان دروشم گەلێکن بۆ سەرخستنی ئەو ھەنگاوانەی بۆ  دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا دەدرێن ، ئەگەر ھەر بەڕاست شتێك ھەبێت بەناوی ھەوڵدان بۆ دیموکراتیزەکردن، بەڵام لەنێو ئەو ھەموو کاندیدانەدا، کێ ھەڵببژێرێن، لە کاتێکدا بۆ ئێستامان قەوارە و بزوتنەوەی تازە دروستبوون و لەسەر ھەمان میتۆدی حیزبە تەقلیدییەکان بە جوملە موژدە دەبەخشنەوە و لە ڕێگەی ریکلام و ھەودارانیانەوە سەرقاڵی ئیغراکردنی ھۆشی خەڵکین !

ئەوەی دەمێنێتەوە مێژووی کورتی ھەڵبژاردنەکانە ، دروشم و بەڵێنی پێشوتری حیزبەکانە کە خەڵك ئەگەر زاکیرەی لاواز نەبێت و بەباشی بیربکاتەوە لەوە تێدەگات تۆزە بەھەشتەکەی کە ھەیانبوو چۆن لێیانکرا بەدۆزەخ ، ئەوەی دەمێنێتەوە چۆنێتی گەڕاندنەوەی ئەو نوزە باشترەی ژیانی پێشوترە لەوەی ئێستایان، بەڵام چۆن بتوانن لە نێو ئەو ھەموو"  شەیتانانەدا، فریشتە یەك بدۆزنە و متمانەی خۆیانیان پێ ببەخشین؟

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *