بیروڕا

زانیاریی لە تاریکی دا

سەربەست نەریمان

رۆژی ٣ ی ئایاری ھەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەك رۆژی جیھانی ئازادی رۆژنامەگەریی دەستنیشانکراوە، دیاریکردنی ئەو رۆژەش بۆ ئازادی رۆژنامەگەریی ھێمایەکی روونە بۆ ئەوەی ھێشتا ئاستەنگی گەورە لەبەردەم کایەی رۆژنامەگەریی و ئازادی رۆژنامەنووسی بوونی ھەیە، گەرچی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە رێژەی پێشێلکارییەکان دژ بە رۆژنامەنووسان دەگۆڕێت و ھەروەھا پانتاییەکانی ئازادی رۆژنامەوانیش لە کیشوەرێك بۆ کیشوەرێکی دی و لەنێو خۆی یەك کیشوەریشدا لە وڵاتێك بۆ وڵاتێکی دی جیاوازەو بەرزو نزمی زۆر بەدیدەکرێت.

دەستنیشانکردنی ٣ ی ئایار وەك رۆژی جیھانی ئازادی رۆژنامەگەریی دوای راگەیەندراوی مێژوویی" ویندھۆك" دێت کە بەھاوکاری یونسکۆ و لەکۆبوونەوەی کۆمەڵێك لە رۆژنامەنووسانی ئەفریقی لە وڵاتی (نامبیا) لە ٣ ی ئایاری ١٩٩١ دا بڵاویانکردەوە و دواتریش نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو رۆژەی بەفەرمی وەك رۆژی جیھانی ئازادی رۆژنامەگەریی ناساند.

راگەیەندراوی ویندھۆك جەختیکردەوە لەوەی ئازادی رۆژنامەگەریی بەدینایەت بەبێ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئازاد بۆ کاری راگەیاندن و سەربەخۆ کە بەرمەبنای فرە رەنگی و ئاراستە جیاوازەکان بێت، وە ئەم مەرجەیش دیسانەوە وابەستەیە بە دەستەبەری ئاسایش و پاراستنی رۆژنامەنووسان لەمیانەی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە رووماڵ و گواستنەوەی زانیاری، ھەروەك ئەمەش بەدینایەت ئەگەر گرەنتی پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان نەکرێت لەچوارچێوەی یاسای دەوڵەتاندا لەبەرانبەر ئەو پێشێلکاریی و تاوانانەی دەرھەق بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت و ھەروەھا لەسەر دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکاری وڵاتان پێویست دەکات کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی وورد و خێرا بکەن لەھەر خروقات و پێشێلکارییەک کە بەرانبەر رۆژنامەنووسان و میدیاکاران لەلایەن ھەر دەستەو گروپێکەوە ئەنجامبدرێت..

 

ھەرێمی کوردستان و ئازادی رۆژنامەگەریی

لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی تێکەڵاوبوونی دەسەڵاتەکان" یاسادانان" جێبەجێکردن" دادوەریی" بەیەکتریی و ھەروەھا ھەیمەنەی حزب بەسەر تەواوی کایە ھەستیارەکانی کۆمەڵگەوە، کایەی رۆژنامەنووسیش دابڕاونیە لەکۆی کایەکانی دیکەو درێژکراوەی ھەمان ئەو پاشاگەردانی و فەوزایەیە کە دەسەڵاتی حزب یاخود گروپی دەسترۆیشتووی نێو حزبە حکومڕانەکان لە بیست و حەوت ساڵی رابردوودا خوڵقاندوویانە.

لە ھەرێمێکدا کە سیستەمە ئابورییەکەی ناچێتە ژێر ھیچ پێناسەیەکی فەلسەفەی ئابوری و، بازاڕ لەژێر قۆرخکاری و کۆنترۆڵی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حزبدایە، ھێزی پێشمەرگەو ئاسایش و ھێزە ئەمنیەکان و ھێزی دژە تیرۆر ھێزی حزبین و ئینتیمایان بۆ دوو حزبی دیاریکراوەو ھەموو فەرمانێکیش لەو دوو ھێزەوە وەردەگرن، لە ھەرێمێکدا کە حزب ھەمەکارەیەو جڵەوی دادگاو پەرلەمان و حکومەتی لەدەستدایە، ناکرێت چاوەڕێ بین کایەی رۆژنامەنووسی و راگەیاندن بەپیشەییانە و دوور لە دەستتێوەردان و فشارخستنەسەرو بەکارھێنانی بۆ خزمەتی ئەجێنداکانی حزب کاری خۆی بکات و چاودێرێکی بوێرو ووردی دەسەڵات و دامودەزگاکانی بێت، ھەر بۆیە دەبێت دان بەوەدا بنێین لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کەناڵ و رۆژنامەو رادیۆو ناوەندە میدیایی و رۆژنامەوانییەکان بۆ سەدان و زیاتریش بەڵام ھێشتا دۆخی ئازادی رۆژنامەگەریی لەوپەڕی خراپیدایە، ساڵ دوای ساڵ ئاماری پێشێلکارییەکان لەبەرانبەر رۆژنامەنووسان لە ھەڵکشاندایە، رۆژنامەنووس تیرۆردەکرێت، دەستگیردەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، رێگری لە رووماڵی کەناڵەکانی راگەیاندن دەکرێت و جیاکاری گەورە دەکرێت لەنێوان کەناڵی سەر بەلایەنێکی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەو کەناڵانەی سەر بەدەسەڵات و سێبەری دەسەڵاتن، زانیاری نادرێت بە رۆژنامەنووسان و ئاستنەگی زۆر بۆ دەستگەیشتنی رۆژنامەنووس بە زانیاری لەلایەن دەسەڵاتەوە دروست دەکرێت، سەرباری دەستبەسەرداگرتنی کەل و پەلی رۆژنامەوانی رۆژنامەنووسان و سوکایەتی پێکردن و ھەراسانکردنیان.

بەپێی ئامارێکی فەرمی سەندیکای رۆژنامەنووسان لەماوەی ساڵی ٢٠٠٨ – ٢٠١٨ ) ١٤٧٥ پێشێلکاریی بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە کە تیرۆرکردن و لێدان و رفاندن و ھەڕەشەو ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و جۆرەھا پێشێلکاری دیکە لەخۆدەگرێت و زۆرینەی رەھای ئەو پێشێلکاریانەش لەلایەن دەسەڵات و دامودەزگاکانیەوە دەرھەق بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون..

لەکاتێکدا یادی رۆژی جیھانی ئازادی رۆژنامەگەریی دەکەینەوە، لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تیرۆرکردنی عەبدولستار تاھیر شەریف و سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و ویداد حسێن بێ ئاکام بوون و تاوانباران و دەستی پشتی تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسانە ئاشکرانەکراون و ھیچ ئاماژەیەکیش بەدیناکرێت بۆ ئاشکرابوونی تاوانباران و بەسزاگەیاندنیان، ھەرئەمەشە رۆژ دوای رۆژ ئەو گومانە دەکاتە یەقین کە دەسەڵات خۆی ئەنجامدەری تاوانی کوشتن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسانە و ھەرئەمەشە وایکردووە دوای چەندین ساڵ ھێشتا زانیاری و سەرەداوەکانی ئەو دۆسیەیانە لە تاریکی دا ھێڵراونەتەوە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *