بیروڕا

بەرەو ھەڵبژاردنی گشتیی عێراق

بورهان شێخ ڕەئوف

دوای پازدە ساڵ لە پرۆسەی ئازادیی عێراق واتە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە عێراق زۆرترین پرۆسیسی ھەڵبژاردن و دەنگدانی  بەخۆیەوە بینیوە بە تایبەتی دوای شۆڕشی ١٤ تەمووزی ١٩٥٨ چ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و جگە لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان.

لە ئێستادا وا بەرەو ھەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕۆین بۆ خوولی چوارەم لە بارودۆخێکی ئێجگار جیاواز لە جارانی پێشوو ئەگەر جاران شیعە بە یەکگرتووی یەک لیستی بەھێز بەشداری پرۆسەکە دەبوون ئەوا ئەمڕۆ بە لیستی جیاجیا و بەرنامەی جیاواز و ئەجندای جیاوازەوە خۆیان سازداوە، سوننەکانیش بە ھەمان شێوە سەرەڕای وێرانبوونی بەشی زۆر شارە گەورەکان و ناوچەکانیان و ئاوارەبوونی زۆر دانیشتووانەکەی و گلەیی و گازندەی زۆریان لە ئامادەنەبوونیان بۆ ھەڵبژاردن بەڵام ھەڵبژاردن بووە دیفاکتۆ و ١٢ی مایس ئەنجام دەدرێت.

 

کوردیش لە ئێستادا بەھەمان دەردی ئەوان چووە، یەکەمجارە لە دوای مەرگی کاریزما و سەرکردەکانی وەکو مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و دەرنەکەوتن و دوورەپارێزبوونی  مەسعوود بەرزانی لە پرۆسەکە بە وتار و ئەجندای جیاوازەوە بەرەو ھەڵبژاردن ھەنگاو دەنێت.
 
زۆرینەی سیاسی

ئەوە تێزەی لەم اوەی ڕابردوودا لە ناو پێکھاتەی شیعەدا سەری ھەڵداوە و بەدیاریکراوی لەلایەن قەوارەکەی نوری مالیکی  (دەوڵەتی یاسا) و سەرۆک وەزیرانی  دوو خوولی پێشوو و ئەمینداری حزبی دەعوەی ئیسلامی  پاڵپشت دەکرێت و ئۆباڵی ھەموو کەموکوڕی و قەیرانەکانی حوکمڕانی لە عێراقدا دەخاتە مل سازان و پشک پشکێنەی ئتنیکی نێوان پێکھاتەکانی عێراق و چارەسەر و پێشنیاری زۆرینەی سیاسییە.

کێشەکە لێرەدا ئەوەیە دابەشبوونی  نەخشەی سیاسی لایەنە عێراقییەکان لەسەر بنەمای تائیفی و ئتنیکیە و زۆرینەش ئاینزای شیعەیە کە حزبەکەی مالیکی خۆی بە دەمڕاست و خاوەنی ڕاستەقینەی دەزانێت و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە سەرۆک وەزیران لای ئەوان بووە لە ئاوا پێشھاتێکدا ئیتر جێگەی پێکھاتەکانی تر لە عێراقدا نابێتەوە لە ئامادەنەبوونی حزب و لایەن و ھێزی نیشتمانی و سیکۆیلارو پێشکەوتنخواز و دیموکراسی  کە سنووری تائیفە و ئتنیکی بڕیبێت و بڕوای بە پێکەوەژیان و جیابوونەوەی دین لە دەوڵەت و سەروەربووونی یاسا و یەکسانبوونی ھەموو پێکھاتەکان لە بەردەم یاسادا.

ئۆپۆزسیۆن

خاڵێکی تری گرنگ زۆر ھەستیار کە دەکرێت لە سەری بوەستین ئەوەیە لە پازدە ساڵی ڕابردووی حوکمڕانی لە عێراقدا ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە سەرگەرمی بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا بوون و شەیدای چێژ و ئیمتیاز و پلەوپایە و دەستکەوتی ماددی و مەعنەوی بوون بۆخۆیان و حزبەکانیان، ئەمەش کەمایەسی و لاسەنگییەکی گەورەی سیستمی دیموکراسییە کە وای کرد جۆرێک لە ھاوبەشی و سازان و ڕێکەوتن و چاوپۆشیکردن لە یەکتر بەرامبەر زۆر دۆسیەی گەورە و ڕەشی گەندەڵی کە گەلی عێراق باجەکەی دا لە ڕابردوودا.

بۆیە ئەوەی گرنگ و زۆر پێویستە لە خوولی داھاتوودا بەرەیەکی بەھێزی ئۆپۆزسیۆن پێکبھێنرێت لە ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بۆ ئەوەی ببنە چاودێرێکی ورد و نەترس بەرامبەر ھەموو پێشێلکارییە دەستووری و مالی و بابەتەکانی تریش لە گەڵ دامودەزگا چاودێری و دەستپاکییەکانی تری دەوڵەتدا چونکە پرۆسە و ھاوکێشەی حوکمڕانی بەبێ ئامادەبوونی ئۆپۆزسیۆن لاسەنگ و ناتەواوە.

پێکھێنانی کابینەی داھاتوو

ئەوەی پێدەچێت ئەمجارە قورستر و پڕژانتر بێت، لەدایکبوونی کابینەی داھاتووی حکومەتی عێراقە، ئەگەر کابینەکانی پێشووتر لە پایتەختەکانی دەرەوە نەخشەی بۆ دەکێشرا بەزۆر بەیەکەوە دەلکێنرا ئەمجارە دوای کۆتاییھاتنی شەڕی داعش و کێشە و ململانێکانی ئەمریکا و ئێران  و دوای پێشھاتەکانی سوریا و ئیدارەیەکی نوێ لە ئەمریکا و دەستبەکاربوونی زۆرێک لە ھەڵۆ و بازە توندڕەوەکان لەناو ئیدارەی ترامپ، ئەمجارەی سازان لە نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر دۆسیەی عێراق کارێکی ئاسان نابێت و ئەمریکییەکان بوار بە بەشداری بە لایەنی تر نادەن و خۆیان بە تەنیا چارەنووسی عێراق دیاری دەکەن کە ئەمەش بەبێ گێرە و کێشە نابێ. 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *