عێراقهەواڵی

کاندیدێك دەیەوێت موسڵمان و عەلمانییەکان فریو بدات

دەنگی کورد

شێخ ئەیاد ئاشووری کاندیدی لیستی (ئیئتیلافی عێراق)، لەو پۆستەرانەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری هێناوە، بەپێی جیاوازی مەزهەبی ناوچەکان، دەستەواژەکانی سەر پۆستەرەکانی جیاواز نوسیوە.

بەم کارەی ئەو کاندیدە کەوتووەتە بەر رەخنەی چەندین کەناڵ و دەزگای راگەیاندن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەنگدانەوەی ناڕەزایی خەڵکی بەدوادا هات، گوایە موسڵمانبوونی خۆی وەکو ئامرازی بانگەشە بەکار دەهێنێت تا فێڵ لە خەڵکی بکات.

ئەو کاندیدە لەو پۆستەرانەی لە ناوچە شیعەنشینەکاندا هەڵیواسیوە نوسیوێتی"بووە بە موسڵمان لەسەر ئاینی محەمەد و ئالی محەمەد / نەوەی جۆن و وەهەب"، بەڵام لەناوچە سونەنشینەکان نوسیوێتی"بووە بە موسڵمان لەسەر ئاینی محەمەد (ص)"، هاوکات لە بەشێکی دیکەی پۆستەرەکانیدا کە ئاڕاستەی خەڵکانی عەلمانی و ئاینەکانی دیکەی دەکات نوسیوێتی:"ئاین بۆ خودا و نیشتمان بۆ هەمووان".

(جۆن و وەهەب) دوو کەسایەتین لە مێژووی شیعەکاندا رێزیان لێدەگیرێت، (جۆنی عەبد) و (وەهەبی نەسرانی) کە بەشداری جەنگی کەربەلایان کردوە لەگەڵ ئیمام حوسێن ئەو کاتەی شەهید کراوە.

شێخ ئەیاد ئاشووری وەکو خۆی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا دەڵێت"من لە رۆژی ٣ی تەموزی ١٩٨٨ ەوە بوومە بە موسڵمان و موسڵمانبوونی خۆمم راگەیاندوە"، سەبارەت بەو تۆمەتانەی دەخرێتە پاڵی گوایە دەیەوێت خەڵکی بەو دەستەواژانە فریو بدات، شێخ ئەیاد دەڵێت:"ئەو کەسانە بەرێگای دادگا و عەشایەریش بەرەوڕوویان دەبمەوە".

ئەو کاندیدە بیانووی ئەوە دەهێنێتەوە، دەڵێت"من موسڵمانم سونەم و شیعەم لەسەر رێبازی محەمەد، دەمەوێت ئیسلام یەك بخەمەوە، شانازی بە (جۆن و وەهەب)یشەوە دەکەم، کە نوسیومە (ئاین بۆ خودا و نیشتمان بۆ هەمووان) لەم وڵاتەدا جگە لە موسڵمان مەسحی و شەبەك و سابیئە دەژین و ئەوەیش لە پێغەمبەرمانەوە فێری بووینە، دروشمەکانم بۆ بەرز راگرتنی پێغەمبەر و ئالوبەیت و سەحابەکانە".

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *