بیروڕا

ئەرێ ھەر بەڕاست ئێوە بەرەی کام گەلن ، گەلی گۆڕان ؟!

بڕوا ستار

ماوەیەکە بەشێکی زۆر لە ھەڵسوڕاوانی گۆڕان ھەرچی نوێژ لە مزگەوتەکەی ئەوان نەبەستێت و بەربانگ بە خورمای ئەوان ناکاتەوە تەکفیری دەکەن و لە حەوت دینان وەریدەگێڕن ، ئاخر ئەو گوتارەی ئێستای ئەوان (کە تا لەگەڵمی فریشتەی و لەگەڵیشم نەمایت شەیتانی) بەرامبەر بە خەڵکی نا ڕازی ئەم وڵاتە جیاوازیەکی نییە لەگەڵ ئەو تیرۆرە جەستەیی و فیکریەی کە دوو حیزبخێڵی حاکمی تا سەر ئێسقان دز عەیامێکە ڕووبەڕووی دەنگی ئازاد و ناڕازی گەلی ئێمەی دەکەنەوە لە باشوور .

 
سەرەنجم داوە لەوەتەی کاک نەوشێروانی ڕەحمەتی کۆچی ئەبەدی کردووە ، گۆڕان بە ئاقارێکی زۆر ترسناکدا ڕێ دەکات ، بە ڕەنگێک لە ئێستادا ھەرچی مرۆڤی ئازادیخوازی دەرەوەی ئەم بزوتنەوەیە ھەیە بە پیاوی دەزگای زانیاری و پاراستنی دەزانن ، بێ گوێدانە ئەوەی لە ئێستا و ڕابردوودا لە ناو ھەناوی خۆیان متمانەپێکراوترین کەسیان ھەبووە ئێستا لە سەنگەری پارتی و یەکێتی بەرپرسیاریەتیان ھەیە و دژی گۆڕانن ، ئاخر هەڤاڵانی لەمەڕ ئێمەی گۆڕان ، کاک نەوشێروانتان ھەرگیزا و ھەرگیز ھەوڵی داوە سیاسەتی ئێستای ئێوە پەیڕەو بکات ، بەوەی خەڵک تاوانبار بکات و بیان کات بە پیاوی ئەم و ئەو ؟! .
 
لە ماوەی رابردوودا ئێمەمانان دوای کۆچی کاک نەوشێروان کۆمەڵێک هەڵەمان لە ئێوەدا ڕەخنە کردووە ، لەسەر بنەمای ئەوەی لە پەیامە ڕاستەقینەکەی ئەم زاتە لاتان داوە (حەتمەن هەمووی نا) ، ئێوەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕەخنانەی ئـێمە ، بێ ڕەحمانە دنیایەک تەشیرتان بە ئێمە کرد  ، ڕۆژێک بە ئێمەتان دەوت سەرلێشێواو و ڕۆژێک پاراستن و ئاسایش ، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی دڵپاکانە رەخنەمان لێ گرتن (ئەوەش بزانن کەس و کۆمەڵی خۆشەویست رەخنەی لێ دەگیرێت) ، ئاخر خۆتان بکەن بە حەکەمێکی عادل ، بەشداریکردن لە کابینەی حکومەتی پارتی و ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی و بێ دەنگیتان لە دەرکردنی چەند وەزیرێک و سەرۆکی پەرلەمانتان و بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیتان لەمەڕ ئەم بابەتە و هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن بەبێ وجودی ژنان و گەنجان و قەتیسکردنی کاری سیاسی و حیزبایەتیکردن لە وڵات بۆ بزوتنەوەکەتان و دەنگدان بە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆمی ساختە لەلەلایەن ڕێکخەرە تازەکەتانەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانیەکەی بەرهەم ساڵح کە ڕەخنەی دنیاتان ئاراستەدەکرد و بە شەریکەدز ناوتان دەبرد هتد … .ئەی لائیکانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر ئەمانە هەڵە و هەڵەی ستراتیژی نەبن ئەی پێمان نایێژن چی رەفتار و گوفتارێک هەڵەیە ؟!
 
ئەوەی ماوە بێژمی ئەو وتە سەیر و سەمەرەیەیە کە داتانهێناوە "بەرەی گەل" ، ئێوە ئەزانن هەموو ئەوانەی ئێوە بە بەرەی گەلی دەزانن ناگەن بە سەدا سی ؟! ، ئەی بەڕێزانی هەڵسوڕاو کە ئێوە سەدا سی بە بەرەی گەل بزانن ، ئەی مەگەر سەدا ٧٠ کەی تر لەبەرەی چین ، وەلێ بە قەولی ئێوە خائین و دز و جەردەن ، ئەوەش بزانن ئەوەی ئێوە ناوتان ناوە بەرەی گەل لە بنەمادا بەرەی گۆڕانە نەک گەل ، ئەم گوتارە ترسناکە لە بەرژەوەندی کەس نییە سەرەتا ئێوە ، بۆیە تکادەکەم دەستهەڵگرن ، هەر چەند عیلمم هەیە  دوای ئەوەی هەر هەڵسوڕاوێکی گۆڕان ئەم وتارەمان دەخوێنێتەوە دامان دەشۆرێ لە قسەی نەشیاو و جنێو و سوکایەتی ، وەلێ ئێمە بێ باکین لەوەی چۆن سوکایەتیمان پێ دەکەن ، چونکە ئەو ساتەی کە بڕیارماندا ببینە بەشێک لەم خەڵکانەی نیەتی باشیان هەیە قەتا و قەت بیر لەوە ناکەینەوە بترسین و شەرمتان لێ بکەین ، وەک چۆن لە بەرامبەر دوو حیزبخێڵەکەی ٢٧ ساڵ تاڵانچی چۆکمان دانەدا و نەترساین و بێ باک بووین ، بە هەمان شێوە نە باکمان بە قسەی ئێوەیە نە لێتان دەترسین .
 
زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *