بیروڕا

‌سێ هەڵویست و یەک دەنگ

ئیسماعیل نامیق

بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە چوار ساڵی‌ رابردودا سەدان هەڵوێستی‌ مەردانەو جوامێرانەی‌ هەبوە، بەڵام من لێرەدا تەنها ئاماژە بە سێ هەڵوێست دەکەم، کە بەتەنها ئەم سێ هەڵویستە بەسن بۆ ئەوەی‌ تۆی‌ دەنگدەری‌ بەڕێز متمانە بەم بزوتنەوەیە بکەیت وپشتگیری‌ خۆتی‌ بۆ دەربڕیت ونەهێڵی‌ بەئەندازەی‌ تاڵە مویەک پاشەکشە بکات، چونکە هەر پاشەکشە کردنێکی‌ ئەم بزوتنەوەیە واتە بەدوادا هاتنی‌ پرۆسە وقۆناغی‌ گواستنەوەی‌ دیموکراسی‌، واتە بەردەوامبونی‌ ئەم مۆدێلە کارەساتبارەی‌ 27 ساڵی‌ حوکمڕانی‌، کەکەس حەسودی‌ پێ نابا وکەسیش خۆی‌ بەخاوەنی‌ نازانێ. هەڵویستەکانیش بریتین لە:

1) هەڵوێستی‌ یەکەم: کێشەی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێم/ لەمانگی‌ حوزەیرانی‌ ساڵی‌ 2015 کاتێک بزوتنەوەی‌ گۆڕان پرۆژە یاسایەکی‌ پێشکەش کرد بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێم، یەکێتی‌ دو پرۆژەی‌ پێشکەشکرد، لایەنە ئیسلامیەکانیش پرۆژەیەکیان پێشکەش کرد، کە لە23 ی‌ حوزەیران خوێندنەوەی‌ یەکەم بۆ پرۆژەکان کرا ئیتر زۆربەی‌ لایەنەکان جگە لەپارتی‌ قسەی‌ رۆژ وشەویان باسی‌ سیستمی‌ پەرلەمانی‌ بو، کێبڕکیان بو لەگەڵ گۆڕاندا، خۆیان شین ومۆر ئەکردەوە هاواریان ئەکرد، ئەیان شیڕاند، ئەیان قیڕاند، کەئەوان بەهیچ جۆرێک لەگەڵ درێژکردنەوەی‌ ویلایەتی‌ مسعود بارزانی‌ نین، چونکە سیستمی‌ پەرلەمانی‌ عەقیدەی‌ جێگیریانەو لەکۆنگرەی‌ حیزبدا بڕیاریان لەسەر داوە، بەڵام کە لە 17/ 8/ 2015 ئەنجومەنی‌ شورای‌ هەرێم بەئیمزای‌ سەرۆکەکەی‌ کە لەپشکی‌ یەکێتیە، وە بەدەنگی‌ هەمو ئەندامانی‌ کەبەشێکیان پشکی‌ یەکێتین، ئیتر لێرەوە منجەمنج وساردبونەوەو خاوبونەوە دەستی‌ پێکرد ووەرزی‌ گەرمی‌ هاوینی‌ پڕ حەماسەتیان تەواو بو، وەرزی‌ پایز دەستی‌ پێکرد بۆ وەرگرتن وچنینەوەی‌ پۆست وپشک. لەدوای‌ ئەنجامنەدانی‌ کۆبونەوەی‌ 19/ 8/ 2015.
 موعاناتی‌ گۆڕان لەگەڵ یەکێتی‌ ویەکگرتودا دەستی‌ پێکرد، چونکە هەر رۆژەو شتێکیان ئەوت، بەڵام لە 12/ 10/ 2015 بەتەواوی‌ روی‌ ئەو دو هێزەو چەندین هێزو لایەن وکەسایەتی‌ دیکە دەرکەوت، چونکە هەندێکیان خۆیان کرد بەناوبژیکەر وچاکەخواز لەنێوان وگۆڕان وپارتیدا، هەندێکی‌ دیکەیان دەستیان کرد بەموزایەدەکردن بەسەر گۆڕاندا، هەندێکی‌ تریان خۆیان کرد بەکەڕەی‌ شەربەت کەچی‌ ئێستا بانگەشەی‌ گۆراِنکاری‌ ودادپەروەری‌ و دژایەتی‌ ستەم ئەکەن. بۆیە لەم کێشەیەدا گۆڕان لەسەرەتاوە تاکو ئێستاش بەهەڵویستێکی‌ جێگیر وەکو شاخ بەرامبەر پارتی‌ راوەستا، بەڵام لایەنەکانی‌ تر تائەو کاتەی‌ مەترسی‌ نەبو بۆ راکێشانی‌ سۆزی‌ خەڵک کێبرکێی‌ گۆڕانیان ئەکرد، بەڵام هەر ئەوەندە پارتی‌ خۆی‌ گیڤ کردەوە، گۆڕانیان بەجێ هێشت وخۆیان کرد بەچاکە خواز وناوبژیکەر. 

2) هەڵوێستی‌ دوەم: پرسی‌ ریفراندۆم/ لەپرسی‌ ریفراندۆمیشدا گۆڕان هەر لەسەرەتاوە هەڵوێَستێکی‌ جێگیری‌ هەبو، بەشداری‌ لەهیچ کۆبونەوەو رێوشوێنێکی‌ ریفراندۆمدا نەکرد، هەوڵی‌ دنیایدا بۆ ئەوەی‌ ریفراندۆم نەکرێت ودوابخرێت، تا کار گەیشتە ئەوەی‌ بە خیانەت و دژەسەربەخۆیی‌ تۆمەتبار بکرێت، بەڵام هێزەکانی‌ تر زۆربەی‌ زۆریان شەڕیان بو لەسەر ئەوەی‌ کێ لەئەنجومەنی‌ ریفراندۆمدا لەتەنیشت مەسعود بارزانیەوە دابنیشێ، وێنەکانی‌ کۆبونەوەی‌ ئەنجومەنەکەو بانگەشەی‌ ریفراندۆم گەواهیدەری‌ ئەم راستیەن، کەچی‌ هەر ئەوەندە بەغداد سزای‌ بەسەر هەرێمی‌ کوردستاندا سەپاند ومەترسی‌ دروستبو، هەمو ئەو هێزانە خۆیان لەریفراندۆم بێبەریکرد ومەسعود بارزانیان بەتەنیا لەوکەژو کێوە بەجێهێشت. 

3) هەڵوێستی‌ سێیەم/ کورد تا ئێستا دەردەداری‌ ئەوەبوە بۆ یەکلایکردنەوەی‌ ناکۆکی‌ وململانێی‌ ناوخۆیی‌ هانای‌ بۆ دوژمنەکانی‌ بردوە تا تۆڵە لەیەکتر بکەنەوە، مێژوی‌ میرنشینە کوردیەکان وشەڕی‌ نێوان هێزە کوردیەکان سەلمێنەری‌ ئەم راستیەن، بەڵام گۆڕان هاتوە ئەم بیرکردنەوەیە بگۆڕێت، بەکرداریش سەلماندویەتی‌. سەرنجبدەن پارتی‌ لە 2015/10/12ەوە ئەوەی‌ لەتوانایدا بو لەکاری‌ خراپ بەرامبەر گۆڕان کردی‌، تا ئەو رادەیەی‌ فەرمانی‌ گرتنی‌ بۆ رەوانشاد کاک نەوشیروان دەرکرد، پێشتریش لە17/ شوباتی‌ 2011 ویستی‌ پەلاماری‌ گردی‌ زەرگەتە بدات وبیسوتێنێت و تاوانی‌ کۆمەڵکوژی‌ دژی‌ گۆڕان ئەنجامبدات، کەچی‌ کاتێک لە 16 ی‌ ئۆکتۆبەری‌ 2017 لەلایەن بەغدادەوە زەلیل کرا، هێزەکانی‌ عێراق گەیشتنە نزیک هەولێر، گۆڕان جگە لەهەڵوێستی‌ نەتەوەیی‌ ونیشتمانی‌ هیچی‌ تری‌ نەنواند، خۆ ئەگەر بەدوای‌ تۆڵەدا بگەڕایە دەیتوانی‌ بەپاڵپشتی‌ بەغداد تۆڵە لەپارتی‌ بکاتەوە، وەکو چۆن پارتی‌ لە 31ی‌ ئابی‌ 1996 بەرامبەر یەکێتی‌ کردی‌، نەک هەر ئەوە، گۆڕان رێگر بو لەلەتبونی‌ هەرێمی‌ کوردستان، گۆڕان رێگربو لەوەی‌ بەتەنیا فڕۆکەخانەی‌ سلێمانی‌ بکرێتەوە وفڕۆکەخانەی‌ هەولێر نەکرێتەوە، بەڵام کاتێک دەوڵەتی‌ تورکیا گەشتی‌ بۆ فڕۆکەخانەی‌ هەولێر دەست پێکردەوە گەشتی‌ بۆ فڕۆکەخانەی‌ سلێمانی‌ راگرت پارتی‌ وحکومەتەکەی‌ بێدەنگبون رەنگە دەستخۆشیشیان کردبێ. شایانی‌ باسە نابێت لەپرسی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێم و ریفراندۆم هەڵویستی‌ کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ نادیدە بگیرێ.

گۆڕان بەم هەڵوێستانەو سەدانی‌ تریش کەپێنوسە خاوەن ویژدانەکان نوسیویانەتەوە، دەیەوێت نەخۆشی‌ تۆڵەکردنەوەو هێنانی‌ دەستی‌ دەرەکی‌ بۆ یەکلایکردنەوەی‌ ناکۆکی‌ وململانێ ناوخۆییەکان بنەبڕ بکات وکۆتایی‌ پێ بهێنێت.

بۆیە جیاوازی‌ گۆڕان وهێزەکانی‌ تر بریتیە لەجیاوازی‌ نێوان هەڵوێستەکان بیرکردنەوەو گوتارو میکانیزمی‌ کاری‌ سیاسی گۆڕان وئەوانی‌ تر. ئێستا تۆی‌ دەنگدەری بەڕێز دەتوانیت بڕیار بدەیت ئایا ئەم سێ هەڵوێستەو ئەو سەدان هەڵوێستەی‌ تری‌ گۆڕان شایانی‌ ئەوە نین بەتەنها یەک دەنگ پشتگیری‌ بکەیت بۆ بەردەوامبون وبەرەوپێشچونی‌ زیاتر وتۆمارکردنی‌ هەزاران هەڵوێستی‌ هاوشێوەو جوانتر؟

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *