ئەدەب و هونەر

رۆمانی سەد ساڵ تەنیایی مارکیز شوناسێکی دیکەی بە ئەمریکای لاتین بەخشی

فیدڵ كاستر سه‌رۆكی پێشووی كوبا له‌گه‌ڵ نووسه‌ری رۆمانی سه‌د ساڵ ته‌نیایی گابریه‌ل گاریبا ماركیز

دەنگی کورد

ڕۆمانی( سەد ساڵ تەنیایی) ی نووسەری ناوداری کۆڵۆمبی گابریەل گارسیا مارکیز بە یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینی هەژمار دەکرێت بەوەی ئەو ڕۆمانە وێنەیەکی جیاوازی ئەمریکای باشووری کێشا و ڕەهەندە شاراوەکانی ئاشکرا کرد.

ئەمریکای لاتینی سەردەمێکی پڕ چەرمەسەری سیاسی و کۆمەڵایەتی تێپەڕاند. وڵاتانی چیلی و کۆڵۆمبیا ومەکسیک بەدەست دیکتاتۆریەت و ناسەقامگیری و تەنگەژەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەیاناڵاند. جیا لەمانەش، شۆڕشی کوبا بە سەرۆکایەتی چێ گێڤارا و فیدڵ کاسترۆ زیاتر ناسەقامگیری خستە ناو وڵاتانی ئەمریکای باشوورەوە.

مارکیز لەو سەردەمەدا هیوای بە شۆڕشی کوبا هەڵچنی بوو و پێی وابوو کە ڕێگا بۆ دروستکردنی وڵاتێک خۆش دەکات کە دوور بێت لە هەژموون و فشاری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. بۆ ئەوەش ئەو نووسەرە گەنجە کۆڵەمبییە تەنها نەبوو، بەڵکو نووسەرانی ناوداری وەک ماریۆ ڤارگاس لیۆزا و ژان پاول سارتەر و ئەلبێرت کامۆ و سیمۆن دۆبیڤواغ پاڵپشتیان دەکرد.

بەڵام ساڵانێک دوای شۆرشی کوبا و دەرکەوتنی دەرهاویشتەکانی، زۆرێک لەو نووسەرانە بێ هیوابوون لە شۆڕشەکە و ئەنجامەکەی بۆ گۆڕینی ئەمریکای لاتینی. مارکیز ئەو نائومێدییەی بەکارهێنا بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی، تیایدا هیوای چارەنووسێکی دیکە بۆ لاتینیەکان دەخوازێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بی بی سی، مارکیز ئەندێشەی ڕۆمانەکەی لەو شارۆچکە بچووکەی کۆڵۆمبیا سەرچاوە دەگرێت کە تیایدا لە دایکبووە. ئەو داستان و چیرۆکانەی بە منداڵی لەو شارۆچکەیە بە گوێیان دابوو، هاوڕێ لەگەڵ ئەفسانەی یۆنانی و کتێبەکانی ویلیام فاوکنەر و ڕووداوە توونوتیژییه‌كانی سەدەی هەژدە و بیستی کۆڵۆمبیا، تێكڕا بیرۆکەی نووسینی ڕۆمانەکەیان دا بە مارکیز.

سەد ساڵ تەنیایی وێنایەکی ڕاستەقینەی ئەمریکای لاتینی نیشان دەدات. ئەو کێشانە باس دەکات کە مێژوو بۆ لاتینیەکانی دروست کردوە. پیاوسالاری و یاخیبوون و دەسەڵات و پەتا و تووندوتیژی سیاسی باس دەکات. ئەو خاوەن نۆبڵی ئەدەبیاتە بە زمانێکی هۆنراوەیی جوان و بەهێز چیرۆکەکان دەگێڕێتەوە. لەناو هەموو تەنگەژە و ڕەشیەکانی ئەو ڕۆژگارە، جوانییەکی دۆزیوەتەوە کردوویەتی بە چیرۆک. ئەو جیهانەی گابۆ( وەک هاوڕێ و خێزانەکەی بانگیان کردوە) کێشاویەتی، ئاوێنەیەکە بۆ لاتینیەکان تاکو هەڵە و چاکەی خۆیانی تێدا ببینن کە پێشتر لێی بێ ئاگا بوون. لە ساڵی ١٩٩٨ سەبارەت بەو ڕۆمانە، مارکیز، بەم جۆرە بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دوا: "بڕوام وایە کتێبەکەم کاریگەری سیاسی لەسەر ئەمریکای لاتین دروست کردووە چونکە کتێبەکە یارمەتی ئەمریکای لاتینی دەدا کە شووناس بۆخۆی دروست بکات. یارمەتی ئەمریکای لاتینی دەدات کە زیاتر کەلتووری خۆی بناسێت، بەمەش دەتوانێت قەبارەی هێز و دەسەڵاتی خۆی بزانێت". ڕۆمانەکە لە ساڵی ١٩٦٧ نووسراوە و باس لە خێزانێک دەکات، لە شارێکی خەیاڵی کۆڵۆمبیا دەژین. تاکو ئەمڕۆش ئەو ڕۆمانە بە یەکێک لە کاریگەرترین ڕۆمانەکانی جیهان هەژمار دەکرێت و بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراوە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *