ئەدەب و هونەر

ژیان جوانە!

دیار عەزیز شەریف

رۆژێک دێت ئەم یادە چیدیکە چەشنی یارییەک و شتێکی خەیاڵی نابێت بۆ تۆ، چونکە تێگەیشتن لە حەقیقەت ھەندێ جار زۆر کوشندەیە…ئیدی لەوێدا زەردەخەنە جوان و پڕ لە بەرائەتەکەی سەر لێوەکانت وشک دەبن…ئیدی ئەوکات تۆش وەک ئێمە بە خەمگینی و دڵێکی پڕ لە برینەوە ئەم ساڵیادە دەکەیتەوە و بەرزی رادەگریت.

ئەو وێنە جوان و پڕ لە بەرائەتەی ئامەد، چیرۆکی فیلمی (ژیان جوانە)ی رۆبێرتۆ بێنینی بەیاد ھێنامەوە و خاڵی ھاوبەش لەنێوان ھەردوو چیرۆکە تراژیدییەکەی بەدی دەکەین کە یەکێکیان لە رۆژئاوا و ئەویتریان لە رۆژھەڵات لە دوو زەمەنی جیاوازدا روودەدەن…

لە فیلمی ژیان جوانە، رۆبێرتۆ بێنینی ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە کە رۆڵی پیاوێک دەگێڕێت لە سەرەتای پێکھێنانی ژیانی ھاوسەرگیری ژیان دەکات، بەڵام لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی کوڕە تاقانەکەیان لەلایەن نازییەکانەوە دەستگیر دەکرێت و خۆی و کوڕەکەی راپێچی کامپی ناچاری دەکرێن. ئەو کەمپانەی کە لەلایەن نازییەکانەوە جولەکەکانی تێدا کۆکرایەوە و دواتر ھەر لەوێشدا کۆمەڵکوژ کران.

رۆبێرتۆ بێنینی ھەموو ھەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ تاوەکو کوڕە پێنج ساڵانەکەی درک بەوە نەکات کە ئەوان خراونەتە نێو زیندانێکەوە کە جگە لە مەرگ ھیچ شتێکی دیکە چاوەڕێیان ناکات…ئەو وەک پیاوێک کە پێش لەناوبردنی یەکجارەکی، خراوەتە ژێر باری ئیشپێکردنێکی زۆر قورس، بەڵام خۆشەویستی بۆ کوڕەکەی وای لێدەکات بەرگەی ئەو ھەموو ئێش و ئازار و ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەی نێو کامپەکە بگرێت، بۆئەوەی بتوانێت رێگە لەوە بگرێت کوڕەکەی ببێتە خاوەنی ئەو یادەوەرییە تاڵەی کە ئەو لەسەر دەستی نازییەکان ئەزموونی دەکات، ھەروەھا لەوەش زیاتر ھەوڵدەدات منداڵەکەی بە سەلامەتی لەنێو کامپی مەرگ دەربازی دەبێت و بگاتەوە بە دایکی و لە داھاتوودا ژیانێکی ئارام بژیت…

لەبەرئەوە ھەوڵدەدات ئەو واقیعە تاڵ و مەرگەساتەی ئەو بە پلەی یەکەم تێی کەوتووە وەک شانۆگەرییەک یان گەمەیەکی منداڵانە لە منداڵە پێنج ساڵانەکەی خۆی بگەیەنێت…بۆ نموونە کاتێک کە سەربازەکان تێیھەڵدەدەن، ئەو پێدەکەنێت و بە کوڕەکەی دەڵێت ئەمە یارییە و تەنیا بۆ خۆشییە، بەخۆشی ئاھەنگی ساڵڕۆژی لە دایکبوونی (تۆ)یە، وای تێدەگەیەنێت ئەمە گەمەیەکە کە دواجار (تۆ) دەیبەیتەوە…. لەبەرئەوە لە کۆتاییەکانی ژیانی کاتێک کە رەوشەکە زۆر خراپ دەبێت، باوکەکە دەزانێت کە ساتەوەختی لەناوبردنی لەلایەن نازییەکانەوە نزیک بووەتەوە، ئیدی منداڵەکەی دەخاتە ناو سندوقێکی پۆست و پێی دەڵێت لێرە مەیە دەرەوە تاوەکو تانکەکە دێت و ئیدی یارییەکە تەواو دەبێت و ئەو کات تۆ دەیبەیتەوە….!

دوای ئەوە پیاوەکە لەلایەن سەربازانی کەمپەکەوە گوللەباران دەکرێت..دوای ئەو رووداوە، زۆری پێناچێت، نازییەکان لە شەڕەکە دەشکێن و تانکەکانی سوپای ئەمریکی دێنە ناو کەمپەکەوە و ئینجا کوڕە پێنج ساڵانەکە لەنێو سندوقەکە دێتە دەرەوە و بەرەو رووی تانکێک دەچێت و لە خۆشیاندا ھاوار دەکات و دەڵێت (من یارییەکەم بردەوە!

 

 

 

 

باوکی ئامەدیش قوربانی دەستی دنیایەک و رۆژگارێکی دڵڕەقە کە تێیدا رۆحێکی سیاسی ستەمکار قەڵەمڕەویەتی و ژیانی مرۆڤەکان دەھاڕێت…خەونبینین بە ھاتنی رۆژێکی نوێ کە تێیدا مرۆڤەکان بتوانن ئازاد و شکۆمەندانە بژین، ئەوی بەرەو ئەو چارەنووسە رەشە برد…ئەوەی لە چیرۆکی تراژیدی کاوە بەئازارترە بە بەراورد لەوەی کاراکتەرەکەی ژیان جوانە، ئەوەیە کاوە لە واقیعدا ئامەد نابینێت، بینینی ئامەدیش بۆ ئەو ھەر لە چوارچێوەی خەیاڵکردنە جیاوازەکانی خۆیدا مایەوە کە بۆ ھاتنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ژیانی بۆ میللەتەکەی ژیانی خۆی تێدا بەخت کرد…. ئیدی ئامەدیش لەو گەمەیە بەردەوام دەبێت تا لە کۆتاییەکەی وەک کوڕەکەی نێو ژیان جوانە دەیباتەوە…..وەک باسم کرد ئەوەی کە زیاتر مایەی خەم و ئازارە، وشکبوونی ئەو خەندە جوانانەی سەر لێوەکانی ئامەدە لە ساڵانی داھاتوو کاتێک کە گەورەتر دەبێت، ئیدی تێدەگات ئەو مۆم داگیرساندنە چیدیکە یاری نییە، بەڵکو راستییە، راستییەکی زۆر تاڵ و بەسوێ و پڕ لە ئازار کە ھیچ شتێک ناتوانێت ئەو خەیاڵە بخاتە سەر کاغەز کە تێیدا ئامەد لە بێ بەشبوونی باوکیدا دەیکات و لەگەڵیدا دەژیت.

 

 

gallery

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *