عێراقهەواڵی

سوتانی کۆگاکە کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نابێت

 

دەنگی کورد
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، سوتانی کۆگاکەی بەغدا کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نابێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری مەعن هیتاوی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردووەتەوە، سوتانی کۆگاکە کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نابێت چونکە کۆپیەکی تۆماری دەنگەکان لە جێگەیەکی دیکە هەڵگیراوە و پارێزراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمڕۆ کۆمسیۆن لەهەموو لایەکەوە بە ئامانج گیراوە، داوا لە ناوەندە دەستورییەکانی عێراق و سەرکردەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکەم بە ئەرکی مێژوویی خۆیان هەستن و پارێزگاری لە ئەنجامی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن".

جێی ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو بەر لەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستیی دەنگەکان دەستپێبکات، ئاگرێک لە یەکێک لە کۆگاکانی سندوقەکانی دەنگدانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەی ڕەسافە لە نزیک شەقامی فەلەستین لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتووەتەوە، و لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغداش ڕایگەیاند، بەشێک لە سندوقەکان بە تەواوی سوتاون.

دوای ڕووداوەکەش کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە داوای لە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان و لایەنی پەیوەندیدار کرد، لێکۆڵینەوەی بەپەلە ئەنجامبدەن و ئەنجامدەری ئەو کارە ئاشکرابکەن، کە دەیانەوێت لەڕێگەی سوتاندن و ئاڵۆزی نانەوەوە کێشە و قەیران دروستبکەن.

هاوکات حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە سەرکردایەتی ئۆپراسیۆنەکان لە پارێزگاکان ڕێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ لەبەردەم کۆگاکانی کۆمسیۆن بگرنەبەر و ژمارەی هێزی ئەو شوێنانە زیادبکەن.


 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *