ئەدەب و هونەر

جاکی شان کیە…

دەنگی کورد

ناوی راستیی ئەكتەری كۆمیدی، فیلمساز، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەری دیاری جیهانی( جاكی شان)، شان كۆنگ سانگ-ەو لە 7-4-1954 لەناوچەی ڤیكتۆریا پیك لەدورگەی هۆنگ كۆنگ لەدایكبووەو كوڕە تاقانەی خێزانە هەژارەكەی بووە.

جاكی شان لەفیلمەكانیدا بە شێوازی پاڵەوانانەو كۆمیدی و بەكارهێنانی چەكی خۆبۆئامادەنەكردوو، ناسراوەو لەساڵەكانی 1960ەكانەوەو بەدیاریكراوی لە 1962 ەوە تائێستا لەبواری نواندندا كاردەكات و لەزیاتر لە100 فیلمدا دەركەوتووە.

تەمەنی منداڵی
سەرەتا خوێندنی جاكی شان لەڕووی مادییەوە زۆر لەسەر خێزانە هەژارەكەی كەوتووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی دایك و باوكی بۆ ئەوەی كە جاكی بچێتە قوتابخانە لەخۆشەویستییان بۆ كات بەسەربردنی كوڕەكەیان به ‌یاریكردنەوە، زیاتربووە، هەر بۆیە جاكی پاش ملكەچكردن بۆ واقیع پەیوەندیكردووە بەقوتابخانەی سەرەتایی ناهـ هوا لەدورگەی هۆنگ كۆنگ بەڵام هەر لەیەكەم ساڵی خوێندنییەوە شكستی هێنا هەر بۆیە دایك و باوكی لەو قوتابخانەیە هێنایانە دەرەوە.

لەساڵی 1960 شارلیز شان-ی باوكی جاكی، كۆچی كرد بۆ شاری كانبێرای پایتەختی ئوسترالیاو لەوێ تاڕادەیەك دەرگای  خۆشگوزەرانیی بەڕووی ئەو خێزانە هەژارەدا كرایەوەو شارلیز لەباڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەئوسترالیا بووەتە شێف و بەو هۆیەوە رەوشی ماددیان باش بوو، هەر بۆیە باوكی بڕیاریدا جاكیی كوڕی بخاتە قوتابخانەیەكی باشتر لەناهـ هوایەوەو لەتەمەنی حەوت ساڵیدا بەمەبەستی خوێندن جاكی شان نێردرا بۆ ئەكادیمیایەكی چینی بەناوی قوتابخانەی بەیجینگ بۆ ئۆپێرا.

قوتابخانەی بەیجینگ بۆ ئۆپێرا گرنگی بەهونەرە جیاكانی وەك سەما، گۆرانی، وێنەكێشان، نواندن، كۆنگ فۆ دەداو لەلایەن یو جیم یوێن-ەوە بەڕێوەدەبرا كە یەكێك بوو لەئەكتەرە لێهاتووەكان لەو سەردەمەدا.

هەر یەك لەسامو هانگ، یوێن بیاوۆ كە ئێستا لەئەكتەرە ناودارەكانی ئەم سەردەمەن، لەو قوتابخانەیەدا بوونە هاوڕێی نزیكی جاكی و دواتر هەرسێكیان پێكەوە بە (سێ براكە) یان (سێ ئەژدیهاكە) ناسران.

جگە لەو قوتابخانەیە یوێن دامەزرێنەری گروپێكی هونەریش بوو بەناوی (تیپی حەوت خاوەن چانسەكە) كە سامو هانگ و یوێن بیاوۆو جاكی شانی لەخۆگرتبوو، ئەو گروپە بەوە ناسراو بوو كە ئەندامەكانی جوڵەی مەترسیداریان ئەنجامدەدا، پاش گەورەبوونی ئەندامانی گروپەكە هەر یەكێكیان رێچكەی كاركردنی خۆیان گرتەبەر.

سەرەتای كاری هونەریی جاكی


لەساڵی 1962 كە دەستپێكی مێژووی كاری نواندنی جاكی شانە، تەمەنی تەنها 8 ساڵ بوو كە لەفیلمێكدا بەناوی Big and Little Wong Tin Bar هاوڕێ لەگەڵ سامو هونگ دەركەوت بەڵام ئێستا هیچ كۆپییەكی ئەو فیلمە نەماوەو بەتەواوەتی ونبووە، ساڵی دواتریش لەفیلمێكدا بەناوی The Love Eterne دەركەوت كە رۆڵێكی لاوەكی تێدا بینی بەڵام خودی فیلمەكە سەركەوتنێكی باشی بەدەستهێناو چەند خەڵاتێكیشی بردەوە.

لەساڵی 1966 لەفیلمێكی دەرهێنەری چینی بەناوبانگ كینگ هوو-دا بەناوی Come Drink with Me بەشداریكرد، چوار ساڵ دواتر واتە لە 1971 بەشداریكردنی لەفیلمێكی تری هوودا بەناوی A Touch of Zen، بووە دەستپێكی قۆناغی پێگەیشتووی بەشداریكردنی جاكی شان لەفیلمسازیداو ئەوەش بووە سەرەتای پەیوەندیكردنی بەكۆمپانیای گرەیت ئێرس كە تایبەت بوو بەبواری فیلمسازی.

فیلمی A Touch of Zen كە فیلێمیكی ئەكشنە، سەركەوتنێكی باشی بەدەستهێناو چەند خەڵاتێكیشی مسۆگەركرد.

هەر لەو ساڵەدا جاكی شان كە تەمەنی 17 ساڵان بوو، بەڕۆڵێكی دیار لەفیلمەكانی Fist of Fury  و Enter the Dragonی ئەستێرەی بواری كۆنگ فۆ، بروس لیدا دەركەوت. لەكۆتایی 1971یشدا رۆڵی سەرەكی لەفیلمێكدا بەناوی Little Tiger of Canton پێ درا بەڵام فیلمەكە پێشوازییەكی جەماوەریی كەمی لێ كرا.

فیلمەكانی سەرەتای ژیانی هونەریی جاكی شان هەرچەند پڕبوون لەسەركەشی بەڵام لەڕووی بازرگانییەوە شكستیان هێنا هەربۆیە، جاكی لەساڵی  1975 رۆڵی ئەكتەری پلەیەكی لەفیلمێكی سێكسیی كۆمیدیدا پێ درا كە یەكەم فیلم و رەنگه ‌كۆتا فیلمیشی بێت كە تێیدا بەڕوتی دەركەوتووە.

فیلمەكە كە ناوی All in the Family یە، لەبەرهەمهێنانی كۆمپانیای گۆڵدن هارڤەست Golden Harvest و دەرهێنانی موو ژوو و نوسینی كێن سوما بوو و جگە لە جاكی شان سامو هونگ- ی هاوڕێشی بەشداری تێدا كردو لە 8-2-1975 بۆ یەكەمین جار لەسینەما نمایشكرا.

لەساڵی 1976دا جاكی شان هۆنگ كۆنگی جێهێشت و چوو بۆ لای دایك و باوكی لە كانبێرای پایتەختی ئوسترالیاو لەوێ بەمەبەستی كاركردن پەیوەندی كرد بەكۆلێژی دیكسۆن و ماوەیەك وەك كرێكار كاری تێدا كرد، بەرپرسی جاكی شان لەكارەكەدا لەو كۆلێژە پیاوێك بوو كە هەر ناوی جاك بوو هەربۆیە جاكی شان نازناوی Little Jack ی لێنرا واته ‌جاكی بچوك، دواتریش نازناوەكەی بۆ ئەو جاكی- یە كورتكرایەوە كە ئێستا پێی ناسراوە.

كاری نواندنی جاكی لە 1976-1979


لەساڵی 1976 جاكی شان بروسكەیەكی لە فیلم بەرهەمهێنەرێك لەهۆنگ كۆنگ بەناوی ویلی شان-ەوەپێگەیشت كە پێشنیازێكی خستبووە بەردەم بۆ رۆڵ بینینی لەفیلمێكی دەرهێنەر لۆ وەی، لۆ پێشتر لەفیلمی Hand of Deathی هەمان ساڵدا نواندنی جاكی شانی بینیبوو و پێی سەرسام بوو بۆیە پلانی دانابوو كە شان لەفیلمێكی هاوشێوەی Fist of Fury ی بروسلیدا، پاش مردنی بروسلی، بەناوی New Fist of Furyی رۆڵ بینێت، جاكی لەو فیلمەدا رۆڵەكەی بینی بەڵام شكستی هێنا چونكە وەك چاودێرانی هونەریی دەڵێن ستایڵی بروسلی بەتەواوەتی لەستایڵی جاكی جیاوازە.

سەرباری شكستی ئەو فیلمە بەڵام وەی لەبەرهەمهێنانی فیلمی لەو شێوە لەگەڵ جاكیدا بەردەوام بوو بەشێوەیەك كە توانی هەندێك لەفیلمەكانی پێشكەوتن لەڕیزبەندی باشترین فیلمەكاندا لەڕووی زۆرترین داهاتەوە واتەبۆكس ئۆفیس بەدەست بهێنن.

دوو ساڵ دواتر واتە لەساڵی 1978دا جاكی شان لەفیلمی Snake in the Eagle's Shadow دا رۆڵی سەرەكی پێ درا كە لەدەرهێنانی یوێن وو پینگ بوو و بۆ یەكەم جار لە1-3-1978 دا لەسینەما نمایشكرا، بەدوای ئەودا جاكی لەفیلمی Drunken Master بەشداریكرد كە ئەمیش هەر لەدەرهێنانی یوێن وو پینگ بوو و لە5-10-1978دا لەسینەما نمایشكرا. Drunken Master داهاتێكی چاوەڕواننەكراوی هەبوو و ماوەیەك لەڕیزی پێشەوەی فیلمەكاندا بوو لەڕووی داهاتەوە.

جاكی شان لەساڵانی 1980-1987


شوێنی بەرهەمهێنانی فیلمەكانی جاكی شان تەنها هۆنگ كۆنگ نەبووە بەڵكو چەندین جار جاكی شان هەوڵیداوە كە هۆڵییوود فیلمی بۆ بەرهەم بهێنێت هەرچەندە لەسەرەتادا داواكارییەكانی پشتگوێ خراوە بەڵام هەرگیز كۆڵی نەداوە تا دواجار توانیویەتی ئەو ئاواتەی بهێنێتەدی.

یەكەم فیلمی جاكی شان لەهۆڵییوود ناوی Battle Creek Brawl بوو كە بەرهەمی ساڵی 1980 ە.

لەساڵی 1981 شان لەفیلمێكی تردا بەناوی The Cannonball Run رۆڵی ناسەرەكی بینی كە لەسەرتاسەری جیهاندا 100 ملیۆن دۆلاری دەسكەوت بوو، بەڵام لەساڵی 1985دا جاكی شان لەفیلمی  The Protectorدا توشی شكستێكی بازرگانی گەورە بوو هەربۆیە بەشێوەیەكی كاتی وازی لەهەوڵدان بۆ شكاندنی بازاڕی ئەمەریكی هێناو گەڕایەوە بۆ هۆنگ كۆنگ لەبواری نواندندا.

هەر لەساڵی 1985 جاكی شان بەدەرهێنان و نواندن فیلمی Police Story ی بەرهەم هێنا كە فیلمێكی ئەكشن و كۆمیدییەو لەمیانەی خەڵاتەكانی هۆنگ كۆنگ بۆ ساڵی 1986 خەڵاتی باشترین فیلمی بردەوە.

لەساڵی 1987دا جاكی شان فیلمی Armour of God ی خستەنێو شاشەی سینەماوە كە لەنوسین و دەرهێنان و نواندنی خودی خۆی بوو و دەسكەوتێكی زۆر باشی هەبوو.

رەوتی هونەریی جاكی شان لەكۆتایی هەشتاكانەوە تائێستا


لەكۆتایی ساڵەكانی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكاندا جاكی شان وەك ئەكتەری سەرەكی، لەچەند فیلمێكدا رۆڵی سەرەكی گێڕا لەوانەPolice Story 2 ، Armour of God II: Operation Condor

Police Story 3: Super Cop كە بەهۆیەوە جاكی لەفێستیڤاڵی ئەسپی زێڕین بۆ فیلم، خەڵاتی باشترین ئەكتەری پێ دراو بەو شێوەیە ساڵ لەدوای ساڵ و فیلم لەدوای فیلم سەركەوتنەكانی جاكی شانیان زیاتر دەردەخست.

سەركەوتنەكانی جاكی بەردەوام بوو و تا لەناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا جارێكی تر لەدەرگای هۆڵییودی دایەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەختی جاكی باش بوو و داواكارییەكەی پشتگوێ نەخرا.

ئەوە بوو لەفیلمی Mr.Nice Guy رۆڵی بینی و دواتریش لەفیلمی Rush Hour لەگەڵ كریس تاكەردا رۆڵی بینی كە سەركەوتنێكی چاوەڕاوننەكراوی بەخۆوە بینی و قازانجێكی زۆری لەسینەماكانی ئەمەریكادا بەدەستهێنا.

هەر لەهۆڵییود لەفیلمی Shanghai Noon رۆڵی لەگەڵ ئۆین ویڵسۆن بینی بەمەش جاكی توانی چنگی لەفیلمە ئەكشنەكۆمیدی یان فیلمە كۆنگفۆ كۆمیدییەكاندا گیربكات، دواتریش لەفیلمی The Spy Next  بەشداریكرد.

هەروەها جاكی لەچەندین فیلمی تری بەناوبانگی هۆڵیوددا وەك ئەكتەری سەرەكی بەشداری كردووە لەوانە:
Who Am I
Gorgeous
Shanghai Noon
Rush Hour 2
Shanghai Knights
The Medallion

جاكی شان تەنها بەدەرهێنان و نواندن لەفیلمدا نەوەستاوەتەوە بەڵكو تەنانەت خودی خۆی كۆمپانیایەكی تایبەت بەبەرهەمهێنانی فیلمی هەیە.

لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە
لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە جاكی شان لەساڵی 1982ەوە لەشاری لۆس ئەنجلوس ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ ژنەئەكتەرێكی تایوانی بەناوی لین فێنگ جیاوۆ پێكهێناوە كە بەتەمەن ساڵێك لەجاكی گەورەترەو هەمان ساڵ كوڕێكیان بووە بەناوی جایسی شان.

بڵاوبونەوەی هەواڵی ژنهێنانی جاكی چەندین كچی هەواداری توشی شۆك كرد بەشێوەیەك كە كار گەیشتە ئەوەی یەكێكیان خۆی كوشت و یەكێكی تریشیان هەوڵی خۆكوشتنی دا بەڵام رزگاركرا.

لین له ‌30ی حوزەیرانی ساڵی 1953 لەشاری تایپێی پایتەختی تایوان لەدایكبووە، لەساڵی 1972 تا ساڵی هاوسەرگیریی لەگەڵ جاكی شان، واته ‌1982، لەكاری نواندندا كاری كردووەو لەماوەی ئەو 10 ساڵەدا لە70 فیلمدا دەركەوتووە.

جایسی-ی كوڕیشان لە3ی دیسەمبەری ساڵی 1982 لەشاری لۆس ئەنجلوس لەویلایەتی كالیفۆرنیا لەئەمەریكا لەدایك بووەو ئەكتەرو ئاوازدانەرەو لەساڵی 2004 ەوە تائێستا لەبواری هونەردا كاردەكات.

لەڕووی ئاینیشەوە جاكی شان بوزییەو سەرباری هەردوو زمانی چینی و ئینگلیزی، چەندین زمانی تر دەزانێت و بەهۆی لێهاتووییەوە لەساڵی 2009دا زانكۆی كەمبۆدیا بڕوانامەی دكتۆرای فەخری پێبەخشیوە.

باڵای ئەم هونەرمەندە رۆحسوكە مەترێك و 74 سانتیمەترە.

جاكی شان دوور لەكاری هونەری"
جاكی شان كە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلارە، بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەشداری لەچەندین پرۆژەی خێرخوازیی وەك قوتابخانەو زانكۆ لەشوێنە جیاكانی جیهاندا كردووەو چەندین دامەزراوەی گشتی جیای بەناوی خۆیەوە كردووەتەوە، جگە لەوەش جاكی باڵیۆزی نیازپاكی رێكخراوی یونیسێفە.

جاكی لەم ساڵانەی دواییشدا هەڵمەتی لەدژی مامەڵەكردنی خراپ لەگەڵ گیانداران و پیسبونی ژینگەو فریاكەوتنی زیانلێكەوتوانی كارەساتی تسونامی لەساڵی 2004 ، رێكخستووە.

لەوتەكانی جاكی شانەوه:


+ هەوڵ مەدە ببیت بەجاكی

+ زۆر گرنگە تەنها یەك جاكی هەیە، لەباتی ئەوە كۆمپیوتەر بخوێنەی

 گرنگە لەکاتی نواندندا توشی ئازار ببم

+ من شێتم بەڵام بێ عەقڵ نیم

+ من نامەوێت ببم بەئەستێرەیەكی ئەكشن، ژیانی ئەستێرەی ئەكشن زۆر كورتە، من دەمەوێت ژیانم درێژتر بێت، دەمەوێت كارەكانم زۆرتر بمێننەوە، من هەرگیز نەمویستووە ببمە بروسلییەكی تر، من تەنها ویستومە ببمە یەكەم جاكی شان

پەیجی جاكی شان لەفەیسبوك
پەیجی ئەم هونەرمەندە لەسەر ماڵپەڕی فەیسبوك یەكێكە لەدەوڵەمەندترین پەیجەكانی فەیسبوك و خاوەنی نزیكەی 65 ملیۆن فانە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *