جیهانهەواڵی

روسیا و چین قسەیان هەیە لەسەر کۆبونەوە مەزنەکە 

کۆبوونەوەکەی ترەمپ و کیم 

دەنگی کورد

لە یەکەم کاردانەوەدا بەرامبەر کۆبوونەوەکەی ترەمپ و کیم، سەرۆکی لیژنەی کاروباری نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی ڕوسیا و وەزیری دەرەوەی چین پێشوازیان لە کۆبوونەوەکە کرد.

قوستەنتین کۆساچۆڤ سەرۆکی لیژنەی کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی فیدڕاڵی ڕوسیا لەو بارەیەوە وتی، کۆبوونەوەی ئەمریکا و کۆریای باکور باشترەوە لەوەی هەڕەشەی سڕینەوەی یەکتری بکەن لەسەر ڕووی زەوی.

وتیشی، هەردوولا ئەوپەڕی پێداگری دەکەن لەسەر داواکارییەکانیان، ئەمریکا دەیەوێت کۆریای باکور لە چەکی ئەتۆمی دابماڵێت، کۆریای باکوریش دەیەوێت دڵنیایی پێبدرێت لە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەی، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە نیمچەدوورگەی کۆریا.

ڕوونیشیکردەوە، کۆریا نایەوێت هەمان چارەنووسی لیبیای سەردەمی قەزافی هەبێت، کە دوای ئەوەی لە هەوڵەکانی دەستخستنی چەکی ئەتۆمی داماڵرا، هێز کۆکرایەوە و لەناوبرا، ناشیەوێت چارەنووسی ئێرانی هەبێت، کە ئەمریکا ڕازیکرد بە هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی زلهێز، کەچی ئێستا ئێران تۆمەتبار دەکات.

هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکان، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین پێشوازی لە لوتکەی نێوان ترەمپ و ئۆن کرد و بە پێویستی زانی، میکانیزمێک بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە نیمچەدوورگەی کۆریا دابنرێت، کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی کۆریای باکور بهێنێتەدی.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و کۆریای باکور لە وڵاتی سەنگاپور کۆبوونەوە و پاداشتێکی گشتگیری هاوبەشیان واژۆکرد، بە وتەی سەرۆکی ئەمریکاش، لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکور زۆر بەخێرایی دەستپێدەکات.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *