عێراقهەواڵ

“عەبادی ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردن دەدات”

 

دەنگی کورد

بڕیاری پاڵپشتیکردنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە بڕیاره‌كانی پەرلەمانی عێراق لە بارەی پرسی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا ھێناوە و  په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتیش حەیدەر عه‌بادی، تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت، ئه‌و ھەوڵانە دەستی عەبادی لە پشتەوەیە بۆ مانەوەی خۆیه‌تی لە پۆستی سەرۆکوەزیران .

لەو بارەوە تارق حەرب، شارەزای دەستووریی و یاسایی راگەیاند: "تەماشای ھەر لایەنێكی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بكەین ھەڵەی تێدایە، ھەم لە خوێندنەوەكانی سەرۆك پەرلەمان ھەمیش لە ژمارەی پەرلەمانتارانی ئامادەبووی كۆبوونەوەكە، ھەروەھا دەستوور پێشێل كراوە، دادگای فیدڕاڵی دەتوانێت ھەموو یاساكان بەتاڵ بكاتەوە و بە یاسای پەرلەمانیشەوە".

لە یەكەم كاردانەوەشدا فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سكاڵای یاسایی دژی بڕیارەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری تۆماركرد، كە بۆ ھەژماركردنەوەی دەنگەكانی ھەڵبژاردن پەسندیان كردوون، گرنگترینیان پوچەڵكردنەوەی دەنگی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكانە، پەرلەمانتارێكی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات كە عەبادی ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردنی عێراق دەدات.

رێبوار تەھا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: "سكاڵامان لەسەر بێبەشكردنی پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆی كوردستان تۆماركردووە، دوای ئەوەی كە به‌ویست و رەزامەندی خۆیان بەشدارییان لە ھەڵبژاردن كردووە، ئێستا پەرلەمانی عێراقی ھاتووە دەنگەكانیان پوچەڵ دەكاتەوە واتا بێبەشكردنیانە لە ھەڵبژاردن".

گوتیشی: "خودی عەبادی دەیەوێت ویلایەتی دووەمی حكوومەت وەربگرێتەوە، ھەرچەندە چانسی كەمترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كار بۆ ئەوە دەكات كە دۆخەكە بەرەوە ئەوە بەرێت حكوومەتی رزگاری دروست بكات، بۆ ئەوەی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە و ئەنجامەكان بەو ئاراستەیە دەبات كە ھەڵبژاردن ھەڵبوەشێنێتەوە".

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *