کوردستانهەواڵی

پەروین بوڵدان: ٢٤ی حوزەیران بە پارتەکەی ئەردۆغان دەڵێین خوداحافیز 

 
دەنگی کورد
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند" ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران کۆتایی بە ماوەی حکومەتی ئاکەپە پارتەکەی ئەردۆغان دێت، ئێمە بە ئاکەپە دەڵێین خوداحافیز".

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە دوێنێ لە کاتی بانگەشە بۆ پارتەکەی لە شاری پرسوس لە باکوری کوردستان ڕایگەیاند "ماوەی دوو ڕۆژە ئەردۆغان لە مەیدانەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا باسى گەڕانەوە و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەکات، ئەم وڵاتە زۆر سێدارەی بینی. ئەم وڵاتە بینیی کە چۆن چالاکوانی کورد و خەڵکی بێتاوان لە سێدارەدران، بەڵام ئەوە شەرم بوو بۆ تورکیا حکومەتی ئاکەپە ئێستا بە هەمان عەقڵیەتەوە پرسی سێدارە دەهێنێتەوە ئاراوە و دەیکاتە کارنامەی خۆی"

ئاماژەی بە ئەوەش کرد "ئێمە بانگ لە هەموو کوردان و هەموو ئەو کەسانە دەکەین، کە بە خۆیان دەڵێن مرۆڤ، کە لەبەرامبەر حکومەتەکەی ئاکەپەدا ڕاپەڕن. سزای سێدارەش تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین تاوان لە دژی مرۆڤایەتیی ببێتە یاسا و ئەنجام بدرێن".

ئەوەشی ڕاگەیاند، ئەگەرچی ئێش و ئازاری قورس لەم وڵاتەدا هەن، بەڵام ئاکەپە سیاسەتی خۆی بە کولاندنەوەی ئەو ئێش و ئازارانە بەردەوامی پێدەدات.

وابریارە ٢٤ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی گشتی تورکیا بەڕێوەبچێت هەدەپەش سەرەتاى مانگی ڕابردوو سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پێشووى حزبەکەى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا کاندید کرد، ڕۆژى  ١٥ى مانگی ڕابردووش لە زیندانەوە دەمیرتاش کارنامەى خۆى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى داهاتووى ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *