کوردستانهەواڵی

بە تۆمەتی پشتیوانی لە سەربەخۆیی هەرێم سزای لێدانی قامچی بەسەر کچێکدا سەپێنرا

 

دەنگی کورد

بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، حکومەتی ئێران سزای لێدانی قامچی بەسەر کچێکی خەڵکی شاری سەقزی سەربە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەپاندووە.

 بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دادگای شۆڕشی شاری سەقز بڕیاری لێدانی ٥٠ زەربە قامچی لە پێش چاوی خەڵک و بڕی ٤٠٠ هەزار تمەن وەک غەرامەی بەسەر کچێکی دانیشتووی ئەو شارەدا بە ناوی چینی ئاخێرخوب سەپاندووە.

 بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە چینی ئاخێرخوب ٢٦ی ئەیلولی ٢٠١٧ و ڕۆژێک پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازادکراوە.

 پێشتریش دادگای شۆڕشی شاری سەقز، بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی ئاهەنگگێران کە بەبۆنەی ڕیفراندۆمی هەرێم بۆ سەربەخۆیی لەو شارە بەڕێوەچووبوو، سێ هاوڵاتی دیکەی بە ناوەکانی زەمانە زێویە و منارە مەلا وەیسە و ئەیوب جەوانپوور بە لێدانی ٥٠ قامچی و غەرامەی یەک ملیۆن و ۸٠٠ هەزار تمەن سزاداوە.

 دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧، بە دەیان هاوڵاتی کورد لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون و سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێنراوە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *