بیروڕا

ئەركە قورسەكانی حكومەتی نوێی عیراق

بورهان شێخ ڕەئوف

هەموو لایەك ئاگادارین عیراق لە دوای هەڵبژاردنە گشتیەكانی 12 ئایاری 2018 كە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان یەكلایی نەبووەتەوە و بە هۆی بوونی سكاڵاو گلەیی و گازندەی زۆرێك لە قەوارە سیاسیەكان لە سەرتا خواری عیراق لە سەر كۆی پرۆسەكە بەڵام وا چاوەڕوانی دوا بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق دەكرێت كە دوا بڕیاری لە سەر بدات .

لە كۆتایی هەر دەبێت لایەن و لیستە براوەكان هاو پەیمانی ئیئتلافی نوێ‌ پێكبهێنن بۆ ئەوەی بتوانن ڕێژەی 50 +1 كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی كابینەی نوێ‌ پێكبهێنن خولێكی تری پەرلەمان و كابینەیەكی نوێ‌ پێكبهێنن بۆ حوكمڕانی وڵات بۆ چوارساڵی ئایندە، لە كاتێكدا عیراق كە نوقمی قەیران و ململانێ‌ی قورس و تاقەت پڕۆكێن بوو لە ساڵانی ڕابردوو چ لە شەڕی تیرۆر و دەوڵەتی ئیسلامی داعشەوە بگرە تا كێشە و ململانێكانی نێوان هەرێم و ناوەند و دەردی گەورە و كوشندەی گەندەڵی كە لە تیرۆر مەترسیدارە بە قەولی دەوڵەتمەدار عەبادی كە خۆیشی كە زۆر بەڵێنی دا بە هەموو توانای بەگژیدا بچێتەوە بەڵام بە كردەوە هیچی پێنەكرا لە گەڵ ئەو پەتا شوومەدا .

ئێستا كە هێشتا عیراق لە گەڵ ئەو قەیران و گرفت و كێشە نالەبارو قورسانەدا گیرۆدە بووە و كابینەكەی پێشوو نەیتوانیووە چارەیان بۆ بدۆزێتەوە حكومەتی نوێ‌ كە هێشتا ڕوون نیە كێ‌ پێكی دەهێنێت و كێ‌ سەرۆكایەتی دەكات و پێدەچێت لەدایكبوونەكەی هێندە ئاسان نەبێت لیستێكی تری كێشە و ئاریشەی نوێ‌ ی بۆ خوڵقاوە كە باری كابینەی نوێ‌ هێجگار قورستر دەكات .

 

كێشە تازەكان
1. قەیرانی ئاو هەروەكو ڕاگەیەنرا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەتی توركیا بەنداوی ئەلیسۆی نزیك بە تەواوكردو دەستی بە كۆكردنەوەی ئاو كرد كە نزیكەی 80% ئاوی ڕووباری دیجلە و 20% ئاوی ڕووباری فورات كەمدەكاتەوە كە ئەمە گەورەترین كارەساتە بۆ عیراق كە وەكو بیبابانێكی ڕووت و ڕەجاڵی لێدەكات ، عیراق و حكومەتە نوێەكەی كە هێشتا لە دایك نەبووە چۆن دەتوانێت ئەم كێشە گەورە لە گەڵ توركیادا یەكلایی بكاتەوە ؟

 

2. كێشەیەكی تر كە هەر ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتیەكانی عیراق 12 ئایار ڕوویدا ئەویش كشانەوەی ئەمریكا بوو لە ڕێككەوتننامەی (5+1) لە گەڵ ئێران كە ئەمەش لەسەر زاری سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ و هەموو هەڵۆ و بازەكانی ناو ئیدارەكەی دەیڵێن و دەیڵێنەوە كە قوورسترین جۆری سزای ئابووری فشاری تاقەت پڕۆكێن لە دژی ئێران پیادە دەكەن كە ئەمەش گەورەترین ململانێ‌ ی سیاسی و ئابوری هەواڵگری و بگرە سەربازیشی لێدەكەوێتەوە كە پێدەچێت عیراق و دواتر سوریاش گۆڕەپان و شانۆی ئەو ململانێ‌ یە بن .
3. كێشەی ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانەوەی ئەو ناوچە و پارێزگایانەی لە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی داعش ئازاد كران كە ئەمەش ئەركێكی قورسە و تواناو وزەی پێویستی گەرەكە .

 

4. گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان و قەرەبوو كردنەوەیان ئەمەش كارێكی لەوانی پێشووتر ئاسانتر نیە .
5. چارەسەرنەكردنی هەموو ئەوانەی سەرەوە نەگەڕانەوەی سوونەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان و دابینكردنی كار بۆ بێكارەكان جارێكی تر زەمینە سازو لەبار دەكات بۆ سەرهەڵدانەوەی گروهو تاقمی توندئاژۆ و تیرۆریستی تركە گەلی عیراق باجی قورسی دەدات جارێكی تر .

 

ئەی چی بكرێت بۆ دەرچوون لەم تونێلە؟
بۆئەوەی عیراق لەم تونێلە تاریكە دەربچێت كە لە ئاسۆەوە هیچ هیواو ئومێدیك بەدیناكرێت پێویستە بگرێتەوە بۆ لۆجیكی عەقڵ و دەوڵەت و یاسا و دەستوور و گێڕانەوەی هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكاندا بە شێوەیەكی ڕاست و دروست و دوور لە هاوبەشی بەرژەوەندی پشكپشكێنەو بازرگانی و گەندەڵی كە هەموو جومگەكانی دەوڵەتی عیراقی گرتوەتەوە لە دوای ساڵی 2003 ەوە .

 

كە دەڵێین هاوسەنگی دەبێت كورد هاوبەشی ڕاستەقینە بێت نەك مووچە و بوودجەكەی ببڕرێت لە بەرامبەریشدا كورد پابەندی دەستور بێت دەبێت سوونەكانیش بە هەمان شێوە بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا نەك بە بیانووی ڕیشەكێش كردنی بەعس و مادەی چواری تیرۆر هەموو سوونەكان تاوانبارو تۆمەتبار بكرێن .
بەم شێوە عیراق دەتوانێت دەرگا دابخات لە دەستوەردانی دەركی و ببێتەوە بە ئەندامێكی چالاك و خاوەن پێگەی خۆی لە ناو وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانیشدا و بە پێچەوانەوە دەبێتە دۆزەخێك بۆ خەڵكەكەی كە ڕاكردن و كۆچكردن و كوشتن و بڕین زیاتر هیچی لێ سەوز نابێت. 
زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *