کوردستانهەواڵی

پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆپرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم دەکات

.

دەنگی کورد
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم دەکات.

بەپێی کارنامەی پەرلەمان، کۆبوونەوەکەی پەرلەمان کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت و تیایدا پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆ دەکرێت کە لەلایەن فراکسیۆنی گۆڕان و بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکگرتووەوە پێشکەش کرابوو.

لەو بارەیەوە شێرکۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو وتی، ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساکەی گۆڕان و بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکگرتوو دەکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی دیکە تاوتوێ دەکرێن لەوانە گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئاماده‌كراوه.

دوێنێ پەرلەمانی كوردستان بە کۆى دەنگى ٤١ پەرلەمانتار بەرامبەر بە ١٢ دەنگى نەخێر خوێندنەوەی یەكەمى بۆ پڕۆژەیاسایەکى تایبەت بە هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كرد.

پرۆژە یاساکە لەلایەن فراکسیۆنى گۆڕان و دوو پەرلەمانتارى یەکگرتووەوە ئامادەکراوە و لە شەش مادە پێکهاتووە، بەپێی مادەکانى یەکەم و دووەم، هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەماندا ئەنجامنادرێت و یاساى دابەشکردنى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم ژمارەى دووى ساڵى ٢٠١٧ بەردەوامدەبێت.

بەپێی مادەى سێیەمیش، پێویستە خولى پێنجەمى پەرلەمان لە یەکەم وەرزى گرێدانیدا و لەژێر ڕۆشنایی بنەما گشتییەکانى دەستوور، بڕیار لەسەر چارەنوسى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم بدات.

لە مادەکانى چوارەم و پێنجەمدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کار بە هیچ دەقێکى یاسایی ناکرێت پێچەوانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە بێت و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دواى پەسەندکردنى لەلایەن پەرلەمانەوە یاساکە جێبەجێبکەن.

دواى خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە، سەرۆكایەتی پەرلەمان سیفەتی بەپەلەی داوەتە پرۆژەیاساکە و بەپێى لیژنەى یاسایى لە پەرلەمانى کوردستان ڕاپۆرتى بۆ پرۆژە یاساکە نوسیوە و پێدەچێت بۆ خوێندنەوەى دووەم و دەنگدان لەسەرى، بخرێتە بەرنامەى کارى دانیشتنى داهاتووى پەرلەمانەوە.

پێشتریش فراکسیۆنى پارتی پرۆژەیاسایەکى بۆ هەمان مەبەست ئامادەکرد و لە پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا کە لە دوو مادە پێکهاتووە، مادەى یەکەمى باس لەوە دەکات کە ئەرک و دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم تا پەسەندکردنى دەستوورى هەمیشەیی هەرێمى کوردستان بەسەر دامەزراوە دەستوورییەکانى هەرێم دابەشدەکرێن.

مادەى دووەمیش دەڵێت مادەى سێیەمى یاساى دابەشکردنى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم هەڵدەوەشێتەوە، واتە ڕاگرتنى کارکردن بە یاساى سەرۆکایەتى هەرێم لەدواى هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستانیش بەردەوامدەبێت، بەوپێیەش هەڵبژاردن بۆ سەرۆکى هەرێم ئەنجامنادرێت.

ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان باس لەوە دەكات پڕۆژەكەیان تەواو جیاوازە لە پڕۆژەكەی فراكسیۆنی پارتی و دەڵێت، هەوڵیاندا سیستمەکە بکەنە پەرلەمانی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و ئێستا ستراتیژێکی نوێیان گرتووەتەبەر و لە قۆناغی یەکەمدا دامەزراوەکە سڕدەکەن، لە قۆناغی دووەمیشدا دەبێت خولی نوێی پەرلەمان چارەنووسی دامەزراوەکە یەکلایی بکاتەوە تا هەڵوەشاندنەوەی.

لە دانیشتنەکەى پەرلەماندا فراكسیۆنەكانی یەكێتى و كۆمەڵ دەنگیان بەوە نەدا خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە بکرێت و بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەو دوو فراکسیۆنە دەڵێن، پێشكەشكردنی ئەم پرۆژانە لەم كاتەدا و گفتوگۆكردن لەسەری، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەنجامنەدرێت.

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەو هەوڵانە بە موزایەدەى سیاسى ناودەبات و دەڵێت ئەو هەوڵانەش بۆ سڕكردنی دامەزراوەكە نییە بەڵكو شەرعییەتدانەوەیە بە بارزانى بۆئەوەى ٨ ساڵی دیكە ببێتەوە بە سەرۆکى هەرێم.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *