هەمەڕەنگ

فەڕەنسا یەکیک لە وڵاتە جوانەکان


دەنگی کورد

کۆماری فەڕەنسا یان فەڕەنسا بەفەڕەنسی پێی دەوترێت (République française یان France)، ئەم وڵاتە دەکەوێتە (ئەوروپای خۆرئاوا)، لەکۆمەڵێک دورگەو زەوی دوای دەریاکان کە دەکەونە کیشوەری ترەوە، فەڕەنسا لەدەریای (سپی ناوەڕاست) ەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نۆکەندی (ئینگلیزی) و دەریای (باکور)، ھەروەھا لەڕووباری (ڕاین) ەوە بۆ زەریای (ئەتڵەسی)، فەڕەنسا بەھۆی شێوەو پێکھاتەیەوە ناسراوە بە (شەش لا)، 

 

فەڕەنسا ھاوسنورە لەگەڵ (شانشینی یەکگرتوو، بەلجیکا، لۆکسەمبۆرگ، ئەڵمانیا، سویسڕا، ئیتالیا، مۆناکۆ، ئەندۆراو ئیسپانیا) ھەروەھا لەسنوری دەرەوە واتە لەدورگەو زەویەکانی تر دراوسێی ھەریەکە لە (بەڕازیل، سۆرێنام‌و دورگەکانی ئەنتێلی ھۆڵەندیە). فەڕەنسا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی (یەکێتی ئەوروپا) و ڕووبەریشی لەھەمووان زیاترەو ئەندامی دامەزرێنەری (نەتەوە یەکگرتووەکان) یش ە، ھەروەھا فەڕەنسا یەکێکە لەپێنج ئەندامە ھەمیشەیەکەی (ئەنجومەنی ئاسایش) کە پاشکۆی (نەتەوە یەکگرتووەکان) ەو مافی (ڤیتۆ)ی ھەیە، یەکێکیشە لەو (٩) وڵاتەی کە بەھێزی ئەتۆمی ناسراون.

 

دروشم: 

Liberté, Égalité, Fraternité

 

\(ئازادی، یەکسانی، برایەتی)

 

سروود: "مارسیلی

 (La Marseillaise)"

 

 

پایتەخت   پاریس

 

 

ناوی فەڕەنسا لەناوی (فەڕەنکیا) ەوە ھاتووە، کە ئەمەش ئەو ھۆزە (ئەڵمان) یە بوون کە ئەو ناوچەیان دوای ڕووخانی (ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی) داگیرکرد، بەتایبەت ناوچەی دەوروپشتی (پاریس) کە مەڵبەندی سەروەریی شانشینی فەڕەنسا بوو، زۆرینەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە فەڕەنسییەکانن‌و لەئایینی مەسیحی (کاسۆلیک) یدا ڕۆچوون.

 

مێژوو

وڵاتی فەرەنسای ئێستا زۆرینەی ئەو ڕووبەرە داگیر دەکات کە وڵاتی (گالە Gaule)ی پێکھێناوە، کە ببوو بەھەرێمێکی (ڕۆمانی)، ھۆزە ئەڵمانیەکان لەدەوروبەری سەدەی (چوار) ی زایینی ھاتنە ئەو ناوچەیەوە، یەکێک لەو ھۆزانە کە بە (فڕەنکە) ناسرابوو لەو ناوچەیە نیشتەجێبوو، دوای نەمانی (ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی) ئەم ھۆزە ناویان لەم وڵاتە نا (فەرەنسا)، دوای ئەمە ئەو ناوچەیەی کە فەرەنسای ئێستا دەگرێتەوە یەکخرا، لەساڵی (٤٨٦) ز، کە شا (کلۆڤیسی یەکەمClovis Ier) بەم کارە ھەڵساو ھەموو ھۆزە ئەڵمانیەکانی لەژێر ئاڵای یەک وڵاتدا کۆکردەوە، ئەم شانشینە تازەیە چەندین ھۆزی جۆراوجۆری لەخۆگرتبوو، وەک ھۆزەکانی ئەلامان (Alamans) و بەرگەندیەکان (Burgondes) و گووتە خۆرئاوایەکان (Wisigoths)، ئەم وڵاتە واتە وڵاتی (گالە Gaule) دابەش بوو بۆ چەند شانشینێک، کە ھەریەک لەو شانشینانە لەلایەن فەرمانڕەوایەکی بنەماڵەی میرۆڤینجیەکان (Mérovingien) بەڕێوەدەبرا.

 

لەنیوەی سەدەی (ھەشت) ی زایینی وەچەو بنەمــاڵەی کــارۆلنــگیەکان (Carolingiens) شوێنـــی میرۆڤینجیـــەکان (Mérovingien) یان گرتەوەو ھەستان بەفراوانکردنی زەویەکانی شانشینی (فەڕەنگ) ی.

 

شانشینی (فەڕەنگ) ی بوو بەئیمپراتۆریەت دوای ئەوەی کە (شارلمان Charlemagne) ھاتەسەر تەخت‌و (شارلمان) لەساڵی (٨٠٦) ئیمپراتۆریەتە فراوانەکەی لەنێوان ھەر سێ کوڕەکەیدا دابەش کرد کە ئەوانیش (پیپین، لویس‌و شارل) بوون، بەڵام (پیپین) ساڵی (٨١٠) مردو (شارل) یش ساڵی (٨١١) مرد، لەکوڕەکانی تەنھا (لویس) مایەوە، (لویسی یەکەم) ئاھەنگێکی شکۆداری ڕێکخست بۆ گۆڕینی (پاشا) بۆ (ئیمپراتۆر) لەساڵی (٨١٣) ز.

 

دوای مردنی (لویسی یەکەم) جارێکی تر شانشینی (فەڕەنگ) ی دابەش بووەوە، کە بووبە دوو شانشین، یەکێکیان شانشینی (فەڕەنگی ڕۆژھەڵات Francia orientalis) بوو کە (ئەڵمانیا) ی ئێستای لێ پێکھات، ئەوی تریشیان شانشینی (فەڕەنگی خۆرئاوا Francia occidentalis) بوو کە فەرەنسای ئێستای لێپێکھات، لەساڵی (٨٤٢) نەوەکانی (شارلمان) پەیمانی (ستراسبۆرج) یان لە (شتراسبۆرگ) (serments de Strasbourg) مۆرکرد، ئەم بەڵگەنامەیەی ئەو پەیمانە بەکۆنترین ئەو بەڵگەنامە نوسراوانە ھەژماردەکرێت کە بەھەردوو زمانی (توداسک و ڕۆمان) نوسراوەو ڕوونکراوەتەوە کە ئەو سەردەمە بەکارھاتووە، ھەندێک لە مێژوونوسەکانی فەرەنسا ئەم پەیماننامەیە لەدایکبوونی فەرمی فەرەنساو ھەروەھا ئەڵمانیاش دادەنێن، ھەروەھا کــارۆلنــگیەکان (Carolingiens) تا ساڵی (٩٨٧) دەسەڵاتی شانشینی (فەڕەنگ) یان بەڕێوەبردو ھەر لەو ساڵەدا شازادە (ھۆگ کاپێت Hugues Capet) چووە سەر تەخت‌و بوو بەپاشای وڵات، بەم شێوەیە نەوەیەکی تر جێگەی نەوەی پێشووی گرتەوە کە ئەویش (کەپیشیەکان Capétiens) بوون، ئەمانە ھەستان بە فراوانکردنی زەویەکانی شانشینی (le domaine royal)، توانیان دەوڵەتی تازە بەڕێوەبەرن تاکو سەدەی (١٢) ز، ھەروەھا وەچەکانی (کەپیشیەکان Capétiens) بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان بەلاوەکی دەسەڵاتی فەرەنسایان بەڕێوەدەبرد، تا بەرپابوونی شۆڕشی فەرەنسا لەساڵی (١٧٨٩) ز.

 

لەدوای شۆڕشی فەرەنسا دەسەڵاتی پاشانشینی کۆتایی ھات‌و سیستمی کۆماری ڕاگەیەندرا. 

 

جوگرافیا

ڕووبەر

سەرجەم ٦٧٤٨٤٣ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٤١ەم)

 

 

لەکاتێکدا بەشی سەرەکی فەرەنسا دەکەوێتە (ئەوروپای خۆرئاوابەڵام فەرەنسا بەشێک لەزەویەکانی دەکەونە (ئەمریکای باکور، ئەمریکای باشور، کاریبی‌و زەریای ھیندی) خۆرئاواو ڕۆژھەڵاتەوە، ھەروەھا باکورو باشوری (زەریای ھیندی) و کیشوەری (جەمسەری باشور) ەوە. فەرەنسا خاوەنی چەندین دیمەنی سروشتی یە، کە دەکەونە دەشتە کەنارئاویەکان لەباکورو باشور، سێەکی ڕووبەری گشتی فەرەنسا پێک دەھێنێت، فەرەنسا دەکەوێتە سنوری (دەریای باکور و زەریای ئەتڵەسی) یەوەو دەکشێت بۆ چیاکانی ناوچەی باشوری خۆرئاواو چیای (ئەلب) یش دەکەوێتە ناوچەی باشوری خۆرھەڵاتەوە، لەناوەراستی فەرەنسادا ناوچەی بەرزی بەردین‌و دارینی چڕ ھەیە، چیا سەرەکیەکەی فەرەنسا چیای (ئەلب) ە و بەرزترین لوتکە شاخ تێیدا بریتی یە لەلوتکەی (ئەلمۆن بلان) ە و بە بەرزترین لوتکە شاخی (ئەوروپای خۆرئاوا) دەژمێررێت‌و بەرزیەکەی دەگاتە(٤٨٠٨)م، ھەروەھا چەندین چیای تری ھەیە وەک (پیرینیە، گۆرا، لیە ئەردان، لوماسیف سەنترال‌و فۆج) ە، فەرەنسا بەھۆی ئەوەی چەندین دەریای لەدەوروپشتە بۆیە زەویەکانی شێدارن.

ئاستی زەوی

ناوچەکانی فەرەنسا لەڕووی جوگرافیەوە جیاوازن‌و دوو ھەرێمی دروستکردووە کە باکوور و خۆرئاوان، لەدەشتی پان‌و بەرین‌و پێچاوپێچ‌و لەتەپۆلکەو چیا پێک دێت لەھەرێمەکانی خۆرھەڵات و ناوەڕاست‌و باشوری وڵات، زەویەکانی فەرەنسا دابەش دەبێت بۆ (١٠) ھەرێم کە ئەمانەن:

 ١) تەپۆلکەکانی بەریتانی – نۆرمەندیا

. ٢) دەشتایەکانی باکووری فەرەنسا.

 ٣) بانی باکووری خۆرھەڵات

. ٤) دۆڵی ڕاین

. ٥) زەویە نزمەکانی ئەکویتان

. ٦) بەرزایەکانی ناوەڕاست. 

٧) ناوچەکانی ئەلپی فەرەنسا.

 ٨) چیاکانی جۆراو بەرانس.

 ٩) ناوچە نزمایەکانی سپی ناوەڕاست‌و دۆلی ڕۆن.

 ١٠) دورگەی کۆرسیکا.

دانیشتووان

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی فەڕەنسا ٦٤٬٦٤١٬٢٧٩ کەس بووە کە دەکاتە ٠٫٨٩ لەسەدی ڕێژەی خەڵکی جیھان. تەمەنی مام‌ناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە ٤٠٫٨ ساڵە. ھەروەھا ٨٧ لەسەدی دانیشتوانی وڵات لە شارەکان دەژین چڕی دانیشتوان لەھەر کیلۆمەترێک چوارگۆشە دەگاتە ١١١ کەس.

 

فەرەنسا لە ٧٣ کۆمەڵگەی نیشەنی پێکدێت، کە ٥ لەم کۆمەڵگە نیشەنیانە زۆر گەورەن بەپێی ئەو سەرژمێریەی ٢٠٠٣ ئەنجامدراوە بەم شێوەیە یە:

 

پاریس: ١١، ٢ میلیۆن کەس

مارسیلیا: ١، ٥ میلیۆن کەس

لیۆن: ١، ٧ میلیۆن کەس

لیل: ١، ٢ میلیۆن کەس

تۆلۆز: ١ میلیۆن کەس

لەسەرەتای نەوەدەکاندا ژمارەی ھاوسەرگیری دابەزی، لەھەمانکاتدا پەیوەندی سەربەست زۆرتر بوو بەبێ ھاوسەرگیری، کە لەساڵی ١٩٩٠ گەیشتە ١، ٥ میلیۆن حاڵەت، بەڵام ٢٠٠٤ گەیشتە ٢، ٤ میلیۆن حاڵەت.

 

ئابوری

دراو یۆرۆ

 

فەڕەنسا ئەندامی گرووپی ٨ (G8)ە، فەڕەنسا لەوەتەی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ ەوە لەگەڵ یازدە وڵاتی دیکە چوونە پاڵ یەکێتیی ئەوروووپاوە لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە دەستی بە بەکارھێنانی دراوی یۆرۆ کرد، ساڵانەش بەھۆی ھەناردەکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی وەک دانەوڵە و بەرھەمی گۆشت و خواردەمەنی بەیانییان فەڕەنسا دارییەکەیی دەگەشێتەوە ئەوەش یەکیک لەھۆکارەکان بوو کە فەڕەنسا بەھۆی ھەناردەکردنەوە لەساڵی ٢٠٠٦ بڕی ١٠ میلیارد یۆڕۆی دەستکەوت  لەڕووی ماوەی کارکردنی کرێکارانێش لەساڵی ١٨٣٣ ماوەی کارکردنی ژنان و منداڵان بۆ ١١ کاتژمێر بۆ ڕۆژێک دیاریکرا     

داھات

داھاتی فەرەنسا دابەش دەکرێت بۆ: ١) بەرووبومی سروشتی: کشتوکاڵ‌و چەندین کانزای ھەیە، وەک ئاسنی خاو و بۆکسایت‌و خەڵوزی بەردین‌و نەوت و غازی سروشتی.

 

٢) پیشەسازییە خزمەتگوزاریەکان: ئەوانیش ئۆتۆمبیل‌و پیشەسازیە

 

کیمیایەکان‌و خزمەتگوزاری ئوتێل کە ساڵانە چەندین گەشتیار سەردانی ئەم وڵاتە دەکەن، ھەروەھا فێرکردن‌و چاودێری تەندروستی‌و کاری تر دەگرێتەوە.

 

٣) دارستانەکان: سەرچاوەی گرنگی داھاتی وڵاتن‌و ئەمانەش بریتین لەداری بەڕوو، زەیتون، سنەوبەر‌و چەندین داری تر کە ھەم بۆ پیشەسازی ناوخۆ ھەم بۆ بازرگانی دەرەکی بەکاردێن‌و چارەکی زەوی فەرەنساش پێکدەھێنن.

 

٤) کانزاکاری: زیاتر لەناوچەی (لۆرین) ە، ئەوانیش بریتین لەخاوی ئاسن و پۆڵا و خاوی بۆکسایت، ھەروەھا لەباشووری وڵات دەریاندەھێنن، لەناوچەی (ئەلزاس) پۆتاس دەردەھێنرێت کە لەدروستکردنی پەینی کیمیاویدا بەکاردەھێنرێت، ناوچەی (لاک) لەباشووری فەرەنسا سەرچاوەی غازی سروشتی دۆزرایەوەو ھەروەھا فەرەنسا چەندین کانی خوێ، گۆگرد، تەنگستن‌و یۆرانیۆم ھەیە.

 

٥) ڕاوە ماسی: لەفەرەنسا نزیکەی (٨٦٠) ھەزار تەن ساڵانە ماسی بەرھەم دێت، کە ماسی تونەو سەردین‌و چەندین جۆری تری ماسی ڕاودەکرێت.

 

٦) بازرگانی دەرەوە: فەرەنسا بەپێنجەم ولات دەژمێررێت لەبازرگانی دەرەوە لەھەموو جیھاندا، بەربوومە نەوتیەکان لەگرنگترین جۆری ئەو بازرگانیەیە، کە ئۆتۆمبیل‌و کەرەسەی کارەبا‌و پیشەسازییە کیمیایەکان و ھتد… دەگرێتەوە، گرنگترین ئەو وڵاتانەی کە فەرەنسا بازرگانیان لەگەڵدا دەکات بریتین لە (یابان، سعودیە، سویسرا، ئەمریکا‌و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا). ٨)گەشت و گوزار:ئەم ووڵاتە بە یەکێک لە ووڵاتە گەشت و گوزاریە جیھانیەکان دادەنرێت بە ھۆی ئەو ھەڵکەوتەی ئاو و ھەوایەی کە ھەیەتی و ھەروەھا بوونی ئەو ھەموو روداوە مێژوویە گرنگانەی کە کاریگەریان لەسەر گۆرینی وەرچەرخانی مرۆڤایەتی ھەبووە لە سەردەم قۆناغەکانی مێژوو و کە بەشی زۆری شوێنەوارەکان پارێزراون جگە لەوەی لە سەردەمانێک فەرەنسا خاوەنی ئیمپراتۆریەتیکی مەزن بوە کە کەرەستە و بەروبوم و ئاسەواری ئەو ووڵاتانەشی ھێناوە کە داگیری کردوون.

جۆرەکانی بژیوی

لەچوار بەش سێ بەشی فەرەنسیەکان لەشارەکاندا دەژین کە دەکاتە (٧٤%) لە (پاریس) و شارەکانی تری فەرەنسا کە خەڵکی لەخانو‌و باڵەخانەی زەبەلاحدا دەژین، بەڵام ھەندێک لەدانیشتوانی (پاریس) و شارەکانی تر وایان لاپەسندە کە لەخانووی کۆندا بژین، کەمترگرنگی بەئامێرو ھۆکارەکانی تری ژیان و خۆشگوزەرانی سەردەم دەدەن، زۆرتر سوود لە ئامێرو دەزگای کۆن وەردەگرن. وەک ئاگردانی خەڵوزو چەندین شتی تر، لەھەندێک لەشارەکاندا چەند ڕێنمایی‌و ڕێوشوێنی توند دەگیرێتەبەر بۆ دروستنەکردنی باڵەخانەی بەرز لەناو چەقی شارەکان، لەبەر کەمکردنەوەی قەڕەباڵغی‌و پاراستنی ئارامی شارەکان،

 

لەدەوروبەری شارەکاندا چەندین شوێنی نیشتەجێبوون بۆ (چینی ناوەڕاست) دروست دەکرێت، لەھەمانکاتدا ئامێر‌و ھۆکاری گواستنەوەی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێًت بۆ گواستنەوەیان بۆ سەر شوێنی کارەکانیان، شوێنەکانی تری شارەکان.

 

بەڵام لەلادێکاندا نزیکەی چارەکی دانیشتوانی فەرەنسا) کە دەکاتە ڕێژەی (٢٦%)ی گشتی دانیشتوانی ئەم وڵاتە دەژین، کە زۆربەیان سەرقاڵن بەڕاوە ماسی‌و کشتوکاڵکردن‌و زۆرینەی خەڵکی لادێکان وەک دانیشتوانی شارەکان سوود لەئامێر‌و ھۆکاری خۆشگوزەرانی‌و ئاسودەیی وەردەگرن، زۆرینەیان لەخانووی یەک خێزانیدا دەژین‌و سوودمەند بوون لەئامێرەکانی وەک ئۆتۆمبیل‌و تەلەفزیۆن‌و سەتەلایت‌و بەفرگر و جلشۆر و چەندین ئامێری تر، کە ژیانیان ھاوشێوەی خەڵکی شارەکانە، ئەو زەویانەی کە بەروبومی کشتوکاڵی تێدا دەکەن بە بەراورد بەوڵاتانی ئەوروپا بچوکترن‌و ئەم پارچە زەویە بچوکانەش بژێوی تەواو بۆ دانیشتوانی ئەم لادێیانە دابین ناکەن.

 

ئایین

فەڕەنسا وڵاتێکی جیھانگیریییە و بەپێی دەستووری وڵات فرە ئاینی و ئازادی لە ئایین ڕێگەپێدراوە.

 

٢٥% مەسیحی کاسۆلیک.

١٠% مسوڵمان.

٣% پرۆستانت.

١% جوولەکە.

٥% بڕوای دیکە.

بێ ئایینی:

٣١% بێ خوایی.

٢٦% گومانکردن لە ئایین.

دەسەڵاتی یاسا

دەسەڵاتی یاسا لەفەرەنساپارێزەری ئازادی تاکە کەسە، سیستمی یاسایی لەو وڵاتەدا دوو جۆر دادگای ھەیە: ١) دادگا مەدەنیەکان: ئەو دادگایانەن کە تایبەتن بەمافی گشتی، وەک (دادگای بەرایی گەورە) و دادگا تایبەتەکانیش (دادگای بەرایی، دادگای بازرگانی، دادگاکانی کێشەی دەسەبەری کۆمەڵایەتی و دادگای کرێکار) کە کێشەی نێوان خاوەنکارو کرێکار چارەسەر دەکات. ٢) دادگای سزادان: تایبەتە بەسزاکان و سێ ئاستە: – سەرپێچیەکان: دەدرێتە دادگای پۆلیس. – سوکە تاوان: تایبەتە بە دادگایی سوکە تاوان. – تاوانەکان: تایبەتەو دەدرێًتە دادگای تاوانەکان. چەندین دادگای تر ھەیە وەک دادگای منداڵ‌و کارگێڕی و… ھتد.

پارتە رامیاریەکان

پارتی یەکێتی لەپێناو دیموکراتی فەرەنسا

پارتی ڕاسترەو

پارتی سۆشیالیستی

پارتی ڕادیکاڵی چەپرەو

پارتی کۆمۆنیست

پارتی بەری نیشتیمانی

پارتی دیگۆلی نوێ

چەندین پارت‌و ڕێکخراوی تر

حکوومەت و ڕامیاری

 

دەستووری کۆماری پێنجەمی فەرەنسا لەڕێگەی ڕاپرسی گشتیەوە لەبەرواری (٢٨)ی سێپتەمبەرەوە لەساڵی (١٩٥٨) چەسپا، سەرکۆمار بەپێی دەستوور ھەر (٥) ساڵ جارێک ھەڵدەبژێردرێت، پەرلەمانیش لەدوو ئەنجومەن پێکدێت کە ئەوانیش:

 

1) ئەنجومەنی پیران (Sénat): لە (٣٣١) ئەندام پێکدێت‌و ئەم ئەنجومەنە بەشێوەی تیرو پشکی ناڕاستەوخۆ نیوەی ئەندامانی ھەر (٣) ساڵ جارێک ھەڵدەبژێردرێن.

 

2) کۆمەڵەی نیشتیمانی (Assemblée nationale): ئەم کۆمەڵەیە لە (٥٧٧) ئەندام پێکدێت، ھەروەھا یەکەم دەسەڵاتی یاسادانانە لەوڵات.

 

کارگێڕی

:فەرەنسا لەڕووی کارگێڕیەوە دابەش دەکرێت بۆ: 1) ناوچە: بەفەرەنسی پێی دەوترێت (Région). 2) ھەرێم: بەفەرەنسی پێی دەوترێت (Département). 3) فەرمانگەی بەڕێوەبردن: بەفەرەنسی پێی دەوترێت (Arrondissement). 4) بەڕێوەبەرایەتی: بەفەرەنسی پێی دەوترێت (Canton). 5) شارەوانی: بەفەرەنسی پێی دەوترێت (Commune).


 

گواستنەوە گەیاندن

فەرەنسا خاوەنی خێراترین شەمەندەفەری جیھانە، ئەو شەمەندەفەرەی لەنێوان (لیۆن و پاریس) دا ھاتوچۆ دەکات خێرایەکەی دەگاتە (٣٠٠ کم لەکاتژمێرێک دا و ھەروەھا ھەردوو فڕۆکەخانەی (ئۆرالی‌و چارل دیگۆل) لەقەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانن‌و لەچەندین شاری تریش فڕۆکەخانە ھەیە، چەندین کەشتی جۆراوجۆر لەنێوان نۆکەندو ڕووبارەکاندا سەرقاڵی گواستنەوەن، لەفەرەنسادا ڕۆژانە (٨٥) ڕۆژنامە دەردەچێت، گرنگترین ئەو ڕۆژنامانەش بریتین لە (ئۆست فرانس، فرەنس سوار، لۆمۆند‌و لیبراسیۆن) و… ھتد، چەندین کەناڵی ڕاگەیاندن ھەیە کە زۆربەیان دامودەزگا حکومیە سەربەخۆکان بەڕێوەی دەبەن، باجی ساڵانە بەسەر تەلەفزیۆن و ڕادیۆکاندا دەسەپێنرێت، تا ئەو کەناڵە تەلەفزیۆن‌و ڕادیۆیانە پارەدار بکرێن.

 


زمانی فەڕەنسی

زمانی فەڕەنسی (français, la langue française) یاخود فەڕانسی یەکێکە لە زمانە ڕۆمانسەکان کە نزیکەی ٨٠ میلیۆن کەس قسەی پێ دەکەن لە ھەموو جیھان وەکو زمانی فەرمیی سەرەکی زگماکی و، نزیکەی ١٩٠ میلیۆن کەس وەکو زمانی دووەم و نزیکەی ٢٠٠ میلیۆن کەسی تر لە جیھاندا وەکو زمانێکی وەرگیراو، ئەوانەی قسەی پێ دەکەن لە نزیکەی ٥٤ وڵاتدا بڵاودەبنەوە، مێژووی زمانەکە بۆ نێوان سەدەی ١٧ بۆ سەدەی ١٩ دەگەڕێتەوە

 

فێرکردن

فەرەنسا لەڕووی پەروەردەو فێرکردن بەوڵاتێکی گرنگ دادەنرێت‌و زانکۆکانی ئەو وڵاتە بەوە ناسراون کە ئاستی خوێندن تیایاندا بەرزەو چەندین کەس کە لەو زانکۆیانە دەرچوون بوون بە خاوەنی (خەلاتی نۆبڵ)، ئاستی خوێندنیشی لەفەرەنسا بەم شێوەیەیە: 1) پلەی (لیسانس یان مەتەرێز Licence/Maîtrise) بەرامبەر پلەی (بەکالۆریۆس) ە لەولاتانی تر. 2) پلەی (دیبلۆم Diplôme d'études approfondies) بەرامبەر ماستەرە (Master). زانکۆی (سۆربۆن) یەکێکە لەزانکۆ بەناوبانگەکانی فەرەنسا.

 

شوینەوار 

فەرەنسا کۆمەڵێ شوێنەروار و ئاسەواری مێژوویی لێیە بەشی زۆرییان لە مۆزەخانەی لۆفەر و مۆزەخانی دۆرسی پارێزراون، وەھەروەھا بورجی ئیڤڵ یەکێکە لەشوێنەوارە گەشتییارییەکانی فڕانسە کە لەساڵی ١٨٨٩ کراوەتەوە و ساڵانە گەشتیاری زۆر ڕووی تێدەکەن

 

وەرزش لە فەڕەنسا

یاریەکانی تۆپی پێ و تێنس و جودۆ پڕ بینەرترین یارییەکانی وەرزشن لە فەڕەنسا وە ھەروەھا یاری تۆپی باسکە   وەھەروەھا فەڕەنسا میوانداری جامی جیھانیی فیفای ١٩٩٨ و جامی جیھانیی فیفای  ١٩٣٨

وەھەروەھا توانی جامی جیھانیی فیفای ١٩٩٨ بەدەست بھێنێت ئەمەش دوای بردنەوەی لەھەڵبژاردەی نیشتیمانیی بەڕازیل، لەمیانی خولی نێوخۆیی فەڕەنساش جەماوەرێکی زۆری لەخۆ خڕکردۆتەوە و لەنێویانیش چەندین یانەی تۆپی پێی باش ھەن کە پشێبڕکێی خولەکە و خوولەکانی دیکەی ئەوڕووپاش دەکەن لەوێنەی پاریس سان گێرمان وە ئۆڵمپیک لیۆن و مۆناکۆ و بۆردۆ و مارسێلییا وڵاتی فەڕەنسا میوانداری جامی جیھانیی ڕەکبی ٢٠٠٧ کرد     

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *