عێراقهەواڵی

عەبادی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کیشەی هاولاتیان گەیشتە بەسڕە

 

دەنگی کورد
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ هێورکردنەوەى خۆپیشاندانەکان، گەیشتە بەسرە و ڕایگەیاند، لەناو خۆپیشاندەراندا کەسانێک هەن دەیانەوێت خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکەى خەڵکى بەسرە بەلاڕێدا بەرن.

هەروەها حەیدەر عەبادی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاکە سازد کرد، بۆ  ئاگاداربوون لە  ئاسایش و سەقامگیری بەسرە.

دواى گەڕانەوەى لە برۆکسل و بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەیەکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش، حەیدەر عەبادى ڕاستەوخۆ گەیشتە بەسرە و هۆشداریدا لەوەى خەڵکانێک دەستیان لە خۆپیشاندانەکان وەرداوە و دەیانەوێت زیان بە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بگەیەنن.

عەبادى وتیشى، حکومەت سورە لەسەر ئەوەى بە پەلە خزمەتگوزارى بۆ دانیشتوانى پارێزگاکە دەستەبەر بکات، باسى لەوەشکرد کە دانیشتوانى بەسرە لەهەموو کەس زیاتر بە تەنگ ئاسایشى شارەکەیانەوەن و نایانەوێت زیانى پێ بگەیەنن.

دوێنێ سەدان خۆپیشاندەر دژى نەبوونى خزمەتگوزارى و نەبوونى کار لە دەوروبەرى کێڵگەکانى نەوتى خۆرئاواى قوڕنەى یەک و دوو و کێڵگەى نەوتى رومێلە کۆبوونەوە و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنیان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد.

پۆلیس و سەرچاوە تەندروستییەکانى بەسرە ڕایانگەیاند، دوو خۆپیشاندەر برینداربوون.

بەرپرسانى کەرتى نەوتیش ڕایانگەیاند، خۆپیشاندانەکان کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى نەوتدا نەبووە و وەزراەتى نەوتیش بڕیاریدا ١٠ هەزار هەلى کار بۆ دانیشتوانى قەزا و ناحییەکانى دەوروبەرى کێڵگە نەوتیەکان دەستەبەر بکات و بەپێى چڕى دانیشتوان دابەشیان بکات.

چەند ڕۆژێکە لە بەسرە خۆپیشاندان دژى بێکارى و کەمى خزمەتگوزارى دەستیپێکردووە و هەفتەى ڕابردووش بەهۆى تەقەى هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک کێڵگەى نەوتى خۆرئاواى قورنەى دوو خۆپیشاندەرێک کوژرا و سیانى دیکەش برینداربوون، ئەوەش هێندەى تر خۆپیشاندانەکانى چڕ کردەوە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *