کوردستانهەواڵی

دەستەی دەستپاکی: سەدان خانەنشینی نایاسایی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەن

دەنگی کورد

دەستەی دەستپاكی لێكۆڵینەوەی لە چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە كەرتی گشتیدا كردووە و هەر دۆسیەیەكیش گەندەڵی تێدا بووبێت رەوانەی دادگای كردووە، دەستی بە لێكۆڵینەوە لە چەند دۆسیەیەكی دیكەش كردووە، لەوانە: بڕوانامەی مامۆستایانی زانكۆ.

موشیر رەشید، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی دەستەی دەستپاكی باس لەوە دەكات كە زۆرترین كەیسی گەندەڵی لە هەولێر نێردراون بۆ دادگا و كەسەكانیش سزادراون “ساڵی رابردوو چەند كەیسێكمان گەیشتنە قۆناغی دادگایی كە ٦٢ كەیس بوو، ئەمساڵیش 50 كەیسمان هەیە، واتە ١١٢كەیس لە دادگایە، كە هەولێر پشكی شێری لەو كەیسانە بەركەوتووە بە ٥٦ كەیس، سلێمانی ٣٨ كەیس و دهۆكیش ١٨ كەیس”.

بە گوتەی مورشید، لەو كەیسانە ٣٢ كەیس یەكلایی بوونەتەوە، ١٧ كەیسیان لە هەولێر كە شەشیان حوكمدراون، دوو ئازادكراون و نۆش بەر لێبووردنی گشتی كەوتوون. لە سلێمانیش هەشت كەیس یەكلابوونەتەوە، سێ‌ كەیس حوكمدراون و سێ‌ كەیسیش ئازادكراون، دووشیان بەر لێبووردنی گشتی كەوتوون. هەروەها لە دهۆك حەوت كەیس یەكلابوونەتەوە، شەش كەیس حوكمدراون و یەكێكیشیان بێتاوان بووە و ئازاد كراوە”.

لێبووردنی گشتی ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە گەندەڵییان كردووە، بۆیە بەرپرسەكەی دەستەی دەستپاكی دەڵێت: “بڕیاری ئازادكردنی ئەو ١١ كەیسەمان لە دادگا تەمیز كردووەتەوە”.

هەروەها دۆسیەی ناردنە دەرەوەی پارەی گشتی یەكێكە لەو بابەتانەی پێشتر زۆر قسەی لەسەركراوە، دەستەی دەستپاكیش بەدواداچوونی بۆ كرد، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی یاسایی دەستەكە دەڵێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوەدا سەركەوتوو نەبوو “ناردنە دەرەوەی پارەی گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش هەبوو، ئێمە پڕۆژە یاسایەكمان بەناوی گەڕاندنەوەی پارە دایە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لەم دۆسیەیەدا سەركەوتوو نەبووین، تەنانەت حكومەتی عێراقیش سەركەوتوو نەبوو، چونكە بەشێكی زۆری ئەو پارانە سپی كراونەتەوە”.

هاوکات ئەو فەرمانبەرانەی مامەڵەیان بە چەكی بەڵێندەرانەوە كردبوو لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە درانە دادگا، بەڵام هێشتا كەیسی بەشێكیان یەكلانەكراونەتەوە. موشیر رەشید دەڵێت: “هێشتا كەیسەكە لە دادگایە، لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەموو بانكەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كراوە، ئیجرائات بەرامبەر ئەو خەڵكانەی تێوەگلابوون كرا، كەیسی هەندێكیان لە قۆناغی لێكۆڵینەوە و دادگاییدایە، ژمارەیەك لەوانەش دۆسیەكەیان یەكلایی بووەتەوە و بێتاوان دەرچوون، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو توانرا سنوورێك بۆ فرۆشتنەوەی چەكی بەڵێندەران دابنرێت”.

جیگای ئاماژەپیکردنە پێشتر دەستەی دەستپاكی رایگەیاندبوو كە ٤٦٤ كەس بەشێوەیەكی نایاسایی خانەنشین كراون، ئێستاش كار لەسەر خانەنشینی نایاسایی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكات. مورشید رەشید دەڵێت “لە ٨/٨/٢٠١٦نووسراومان بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد، داوامانكردووە لیژنەیەكی باڵا پێكبهێندرێ‌ بەمەبەستی وردبینیی لە دۆسیەی خانەنشینكراوان كە بەدەر لە یاسا خانەنشین كراون و بەدەم داواكارییەكەمانەوە هاتن، جگە لە خانەنشینە پلە تایبەتە نایاساییەكان، خەریكی كەیسی خانەنشینكراوانی وەزارەتی پێشمەرگەین، كە بەهەزاران كەس بە پلەی لیوا، عەمید، عەقید خانەنشین كراون. هەزاران كەسی دیكەش بە پلەی سەربازی خانەنشینكراون و ئێستا لە دەرەوەن”.

هەروەها بەخشینی پلە بەپێی یاسای راژەی شارستانی بە هەردوو پێوەری بڕوانامە و خزمەت دەبێت، بەڵام دەستەی دەستپاكی دەڵێت ژمارەیەك كەس بە بڕوانامەی نزم پلەی بەرزیان پێدراوە، موشیر رەشید دەڵێت “پێدانی پۆست لە حكومەتدا بەپێی بڕوانامەی كەسەكە دەبێت، بەڵام ١٥٥٧ كەس بە بڕوانامەی نزم، پلەی بەرزی وەزیفیان پێدراوە، دەرچووی ئامادەیی هەبووە پلەی باڵای پێدراوە، خەڵك هەیە لەگەڵ یەكەم دامەزراندن بە پلەی شارەزا دامەزرێندراوە، حكومەت بە بڕیار ئەمەی كردووە، بۆیە ئاگادارمان كردوونەتەوە كە دەبێت چارەسەر بكرێن، تەنانەت لە كابینەی هەشتیش هەندێك وەزیر ئەم كارەیان كرد، بەڵام ئێمە رامانگرت”.

هاوکات كۆمەڵێك زانیاری و قسە لەسەر بڕوانامەی مامۆستایانی زانكۆ هەبووە، لەوانە بڕوانامەی ساختە و كەموكوڕی لە بڕوانامەكانیان، بۆیە دەستەی دەستپاكی دەستی بە وردبینی لە بڕوانامەی مامۆستایانی زانكۆ كردووە، موشیر رەشید گوتی: “وردبینیمان بۆ بڕوانامەی مامۆستایانی زانكۆ كردووە و گومانمان لە نزیكەی ٦٠٠ بڕوانامەی مامۆستایانی زانكۆ هەیە، مامۆستای زانكۆ هەیە ساڵی ٢٠١٦ لە زانكۆی مووسڵ دەرچووە كە ئەوكات مووسڵ بەدەست داعشەوە بووە، ئایا ئەو مامۆستایە چۆن لەو ساڵەدا لە زانكۆی موسڵ دكتۆرای وەرگرتووە؟! بۆیە داوامان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا كردووە وردەكاری ئەو بڕوانامانەمان بۆ رەوانە بكەن، كە ژمارەیان نزیكەی ٦٠٠ بڕوانامەیە”.

بەگوتەی بەرپرسەكەی دەستەی دەستپاكی چوار ساڵ لەمەوبەر هیچ وەزارەتێك میلاكی خۆی نەزانیوە. موشیر رەشید دەڵێت “ساڵی ٢٠١٤ئامارێكمان لەسەر میلاك ئامادەكرد، كاتێك داوامان لە وەزارەتەكان كرد هیچ وەزارەتێك نەیدەزانی میلاكی چەندە و بەبێ پلان فەرمانبەریان دامەزراندبوو، تەنانەت لەبەر زۆری فەرمانبەر، دەوامی دامودەزگاكان كرابوو بوو بە شەفت”.

موشیر رەشید پێیوایە ئەگەر حكومەت بیەوێ‌ بەرەوڕووی گەندەڵی ببێتەوە، دەبێ‌ دادگایەكی تایبەت بۆ دادگاییكردنی گەندەڵكاران دابمەزرێنێ‌.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *