عێراقهەواڵی

هێزەر ناوێرت: کوردستانیکی بەهێز بۆ سەقامگیری عێراق پێویستە

دەنگی کورد
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ بوونی عێراقێکی سەقامگیر بۆماوەیەکی درێژخایەن و هەروەها تێکشکاندنی داعش بەیەکجاری، پێویستە حکومەتێکی هەرێمی کوردستانی بەهێز لە عێراق هەبێت و، هەروەها هانی هەولێر و بەغدا دەدەین ئەو کێشانەی لە نێوانیاندا ماون چارەسەریان بکەن.

هێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کردنەوەی رێگەی سەرەکی نێوان هەولێر و کەرکووک و هەروەها دانانی گومرگ لەلایەن حکومەتی عێراق لەسەر ئەم رێگەیە رایگەیاند: “وڵاتی دیکەش هەن کە لە رابردوودا ئەمەیان کردووە، لە نێویاندا وڵاتەکەی خۆم کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ئەمەی کردووە کاتێک شتێکی لەم جۆرە ئەنجامدراوە. پێموایە ئەمە پرسێکی گەورەی ناوخۆییە بۆ عێراق، لە نێوان عێراق و هەولێر، بۆ ئەوەی هەوڵبدەن چارەسەری بکەن. ئێمە هانیان دەدەین کە هەموو ئەو کێشانەی ماونەتەوە چارەسەریان بکەن”.
دوای رووداوەکانی 16-ی ئۆکتۆبەر و هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ کەرکووک و دواتر پێشڕەوی بەرەو هەولێر، رێگای هەولێر-کەرکووک داخرا بەهۆی ئەوەی پردەکەی پردێ لە ئەنجامی شەڕێ هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە زیانی بەرکەوتبوو.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند: “ئێمە بڕوامان وایە حکومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە نێو عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵ شتێکی سەرەتاییە بۆ سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە عێراق و هەروەها بەردەوامیدان بە تێکشکاندنی داعش بەتەواوی”.

دوای چەندین کۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و رێککەوتن بۆ کردنەوەی رێگاکە، رۆژی پێنجشەممە کارکردن بۆ دانانی پردێکی ئاسنین و بازگەی هاوبەش لە رێگەی هەولێر-کەرکووک دەستیپێکرد و بڕیارە پێش جەژن رێگەکە بکرێتەوە.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *