بیروڕا

بۆچی لە بازنەی داخراودا دەخولێینەوە؟

سەربەست نەریمان .

ماوەی بیست ساڵە حزبی دیموکرات ڕووبەڕووە لەگەڵ سڕبوون و کێشەی ناوخۆیی، تا کار گەیشت بەوەی دوولەت بوون و دوو حزبی دیموکرات بەتەنیشت یەکەوە دروست بوون.
بەڵام موشەکە زەمین بە زەمینەکانی ئێران جیاوازی لەنێوان ھیچ کام لە دیموکراتەکان نەکردو خوێن و ئێسکی پێشمەرگەکانی ھەردوو حزب پێکەوە تێکەڵ بوون لە ٨ی سێپتەمبەری ٢٠١٨..لە کۆیە..
داگیرکەران ھیچ کات جیاوازییان لەنێوان ھیچ ھێزێکی کوردی نەکردووە لەھەر چوار پارچەی کوردستان ، ئەوانەشی لە زەمەنێکدا بوون بە جاشی داگیرکەر ھەمانشێوە ھەر لەچاوی داگیرکەردا دوژمن و شایستە بە مەرگ و تیاچوون بوون.
یەکڕیزی نیشتیمانیی و نەتەوەیی کاتێک بەدیدێت، ھەمووان لەوە تێبگەن ئێمە دوژمنەکانمان ھاوبەشن، دوژمنەکانیشیمان دڕندەن .
کاتێک گەلی کورد دەتوانێ خەونی سەربەخۆیی و ڕزگاری ھەبێ کە متمانە بە داگیرکەر نەکات، ئەمە بیرکردنەوەو ووردبوونەوەیەکی زۆری ناوێت، تێگەیشتنیش لەوەی تا کۆشی داگیرکەر پەنامان بێت ھەر زەلیل و شکستخواردوو ئەبین ئاسانە، ھاوکێشەیەک نیە کەس سەری لێ دەرنەکات.
بە درێژایی مێژووی دروستبوونی جوڵانەوەی ڕزگاریی گەلی کورد لە ھەر چوارپارچەی کوردستان، ئەوەی وایکردوە نەگەینە ئامانج سەرباری دڕندەیی داگیرکەر و بێ ئەخلاقی زلھێزەکانی دنیا، ناتەبایی و خیانەتی نێوخۆیی و متمانەکردن بووە بە داگیرکەران.ئاخر بۆ کەسێک ناپرسێ، گەلێکی چل ملیۆنی سەد ساڵە قوربانی دەدات و خوێن ئەبەخشێت و گەنج و لاوی بە پەتا دەکرێت، شارو گوندی وێران دەکرێت و کۆمەڵکوژ دەکرێت، بۆچی لە بازنەیەکی داخراوا دەخولێتەوەو نەگەیشتووین بە ھیچ!
وەرنەوە ھۆش و بیربکەنەوە، بەڵام گەورە بیربکەنەوە و جوغزی تەسکی بەرژەوەندیەکی زەلیلانەی شەخسی و حزبی تێپەڕێنن،لەمپەڕی چەپ تا ئەوپەڕی ڕاست گەر یەک خاڵی ھاوبەشمان نەبێ، بەڵام یەک دوژمنی ھاوبەشمان ھەیە، داگیرکەر دوژمنەو ببڕێتەوە!
ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق چوارگۆشەی گەمارۆدانی کورد و دوژمن بە خەونی ڕزگاریی گەلی ئێمەن، کەی لەوە تێدەگەین؟ نازانم…..!
 

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *