بیروڕا

گەڕان بەدوای ئەلتەرناتیڤدا

عومەر سەیدە

دەوڵەتی عێراق وەکو زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، داڕێژەری نەخشە جوگرافییەکەی لە سەرەتاوە بۆ ئەوە کراوە کە بتوانرێت لە هەر ئان و ساتێکدا بشێوێنرێت، راستە ساڵانێکی زۆر دەسەڵاتی بەعس بە زەبرو زۆر تاڕادەیەك کۆنترۆڵی شەقامی عەرەبی کردبوو بە کوشت و بڕ و زەبری چەك، هاوکات بە کیمیایی و بۆردومان و ئەنفالکردن هەترەشی کوردیشی بردبوو، بەڵام رامکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی ناو عێراق کارێکی ئاسان نەبووە، هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیش ناکرێت کە سەقامگیریی یەکجارەکی بێتە دی لەم خاکەدا.

عێراق و کوردستان بە هۆی بوونی سەروەتێکی زۆری نەوت و گاز و ستراتیژییەتی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، هەمیشە جێی چاوتێبڕینی زلهێزەکان و سەرمایەدارانی جیهان بووە، بۆ ئەم مەبەستەیش سەدان و بگرە هەزاران سیناریۆی بۆ داڕێژراوەو زۆر دۆخی کارەساتاوییان بەسەر گەلانی عێراق و ناوچەکەیش هێناوە، بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هێشتا سیناریۆکان تەواو نەبوونەو سینارێستەکانیش نەوەکانیان بە هەمان نەفەسەوە لە داڕشتنی پلانی نوێدان بۆ ناوچەکەو عێراق.

بە هۆی نەبوونی کۆدەنگییەکی نیشتمانی لە عێراقدا، هاوکات نەبوونی هێزێکی نیشتمانی یەکگرتوو لە کوردستاندا، سەرکردەو خاوەنێکی راستەقینە بۆ گەلی کورد و گەلانی عێراق بوونی نیە، لەم دۆخەدا بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانییەکی چەن ساڵیش بێت، باشتر وایە لەم کاتەدا گەلی کورد و گەلانی عێراق بیر لەوە بکەنەوە ئەم وڵاتە بسپێردرێتەوە بە دەسەڵاتی سیاسی ئەمەریکا تاوەکو چەند ساڵێك یان چەند دەیەیەك بتوانرێت پایەکانی حوکمڕانی لەم وڵاتەدا بە سیستماتیك بکرێت، تەنانەت مەنهەجی پەروەردەییش لە ریشەوە گۆڕانکاریی تیادا بکرێت و ئاوەکە لە سەرچاوەوە خاوێن بکرێتەوە.

ئەوەی ئێستا هەیە لەم وڵاتە بەناوی دەسەڵات و حومڕانی، سیستمێکی شێواو و ناجۆری هەیەو بە کەڵکی نە ئێستا نە ئایندە نایات، چاکسازیش لە خەون زیاتر نیەو سەرمایەداران و سیاسییە بازرگانەکانی ئەم وڵاتە رێگە نادەن گۆڕانکاریی ریشەیی بکرێت، هەر بۆیە ئەلتەرناتیڤی ئەم قۆناغەی ژیانی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە تەنها سپاردنی دەسەڵاتە بەو سینارێستانەی ژیانی زیاتر لە سەدەیەکی ئەم ناوچەیان کردوەتە قوربانی چاوچنۆکیان و تێر نابن، ئەوان هەر خێروبێری ئەم وڵاتە دەبەن لەڕێی کۆمپانیاو سەرکردەکانییەوە، باشتر وایە میللەت کۆڵ بدات و لە راپرسییەکی گشتیدا دەنگ بەوە بدەن حوکمڕانی بگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی سیاسی ئەمەریکا تا دروستکردنەوەو داڕشتنی سیستمێکی گونجاوی حوکمڕانی و دوورخستنەوەی ئەم سەرکردەو سیاسییە بازرگانانە لەسەر کورسی دەسەڵات.

زیاتر پیشان بدە

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *